رۆژی کرێکارانە؛ بەشێکیان بەدوای کاردا دەگەڕێن و بەشێکیش شەقامەکان خاوێن دەکەنەوە

01-05-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی کرێکارانە و پشووی فەرمییە، بەڵام بەشێکی کرێکاران بۆ کار دەگەڕێن و بەشەکەی دیکەشیان شەقامەکان پاک دەکەنەوە. کرێکارێکی بەتەمەن دەڵێت، "بۆ ئەوان نە جەژنە و نە پشوویان پێدراوە."
 
بەگوێرەی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان، کە ساڵی 2022 لە 154 مادەدا پەرلەمانی کوردستان پەسندی کردووە و لە ماڵپەڕەکەیدا دانراوە، چەندین مافی بە کرێکاران داوە. هاوکات یاسای دیکەی بەرکار هەن و چەند مافێک بە کرێکاران دەدەن، بەڵام وەکو خۆیان جێبەجێ ناکرێن.
 
یەکێک لەو خاڵانەی وەکو ماف بە کرێکاران دراوە، دەبێت "لە جەژن و بۆنە فەرمییەکاندا بە کرێی تەواوەوە پشوو وەربگرن."
 
هەرچەند ئەمڕۆ بەهۆی یەکی ئایار، رۆژی جیهانیی کرێکارانەوە، لە دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کورستان پشووە، بەڵام دەیان کرێکار لە شەقامەکاندا وەستاون بەو هیوایەی کەسێک بیانباتە سەر کارێک و کرێیەکی رۆژانەیان پێبدات، کە لەنێوان 20 بۆ 25 هەزار دیناردایە.
 
کرێکارێک کە هاونیشتمانییەکە و تەمەنی زیاتر لە 70 ساڵە، لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی پاککەرەوە کار دەکات، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە تەواوی ساڵەکە تەنیا دوو رۆژمان وەکو پشووی گشتی هەیە، رۆژانی جەژنی قوربان و رەمەزان."
 
یوسف کەریم حەمەد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "بەگوێرەی یاسا لەم رۆژەدا نابێت کرێکار کار بکات، بەڵام ئەگەر شوێنێک وەکو هۆتێل یان رێستۆرانت یان هەر جێگەیەکی دیکە ناتوانێت شوێنەکە دابخات، دەبێت چەند کرێکارێکی پشوویان پێبدرێت و کرێکارەکانی دیکەش دواتر قەرەبوو بکرێنەوە، یان کرێی دوو رۆژیان بۆ هەژمار بکرێت."
 
ئەو کرێکارە کە سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی یەکێک لە شەقامەکانی گەڕەکێکی هەولێر بوو گوتی، "نە کەس بە ئەوانی گوتووە ئەمڕۆ رۆژی کرێکارە و نە هیچ سەندیکا و لایەنێکیش بۆ مافەکانیان سەردانی کردوون."
 
هاونیشتمانییە کرێکارەکە
 
عەبدولقادر ناوپردانی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، یاسای خانەنشین و دەستەبەری کار، یاسای کار لە عێراق و یاسای کاریش لە هەرێمی کوردستان کە بەهۆی بڕیاری دادگەی فیدراڵییەوە ئەمەی دواییان دەگوترێت کاری پێناکرێت، هیچیان وەکو خۆیان بۆ کرێکاران جێبەجێ ناکرێن.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمساڵ تاوەکو ئەمڕۆ، 12 کرێکار لەکاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە و زۆرینەیان لە سلێمانی بوون کە 7 کرێکارن؛ چوار کرێکار لە هەولێر و کرێکارێکیش دهۆک لە کاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە هەڵەبجە بەهۆی نەبوونی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانەوە هیچ گیانلەدەستدانێک تۆمار نەکراوە.
 
یەکێکی دیکە لە مافە سەرەتاییەکانی کرێکار بەگوێرەی یاسا کارپێکراوەکان ئەوەیە، پێویستە خاوەن کار پێداویستییەکانی کرێکار و سەلامەتیی پیشەیی بۆ کرێکارەکە دابینبکات.
 
چالاک رەئووف، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆرینەی هۆکاری گیانلەدەستدانی کرێکاران نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتیی پیشەییە".
 
خاڵێکی دیکەی مافەکانی کرێکاران بەگوێرەی یاسای کار، هەر پڕۆژەیەک 50 کارێکاری تێدا بێت کە منداڵی تەمەنی دایەنگەیان هەبێت، خاوەن کار پابەند دەبێت بە کردنەوەی دایەنگە لەو پڕۆژەیەدا، خۆ ئەگەر ژمارەی کرێکارەکان لەوە کەمتربوو، دەبێت چەند پڕۆژەیەک پێکەوە دایەنگەکە بکەنەوە.
 
عوسمان زیندانی، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ‏كرێكارانی ‏بیناسازیی ‏كوردستان ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "بە گوێرەی یاسا مافی کرێکار زۆربەی دیاری کراوە، بەڵام هەموویان جێبەجێ ناکرێن، هەندێک شوێنیش پێیەوە پابەند دەبن".
 
عەبدولقادر ناوپردانی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان گوتی، پێویستە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، کاری جیدی بکەن بۆ پابەندکردنی خاوەن کارەکان کە پابەند بن بە پێدانی مافی کرێکاران وەکو خۆی.
 
بەشێک لەو مافانەی بەگوێرەی ئەو یاسایەی پەرلەمانی کوردستان دەبێت بە کارێکاران بدرێن ئەمانەن:
 
- خاوەن کار پێش کارەکە دەبێت روونکردنەوە لەبارەی مەترسییەکانی کارەکە بداتە کرێکار
- خاوەنکار هەموو ئامرازەکانی جێبەجێکردنی کارەکەی بۆ کرێکار دابین بکات
- کرێی هیچ کرێکارێک لە کاتی خۆی پێنج رۆژ زیاتر دوانەخرێت 
- پڕۆژە مایەپووچ بوو، دەبێت پێدانی کرێی کرێکار لە پێشێنە بێت
- لە پێدانی کرێدا رەچاوی پێداویستییەکانی کرێکارەکە و خێزانەکەی بکرێت
- کاتی کارکردن رۆژی هەشت کاژێر و هەفتانەش شەش رۆژ زیاتر نەبێت
- نان خواردن و پشوودان لەنێو کاتی کاردا دەبێت، کە نیو کاژێر بۆ کاژێرێک دەخایێنێت
- لە جەژن و پشووە فەرمییەکاندا کرێکار مافی پشوودانی دەبێت بە وەرگرتنی کرێی تەواوەوە
- ئەگەر لە پشووەکاندا کرێکار کاری پێکرا، مووچەی دوو هێندە پێبدرێت
- کرێکار گرێبەست ساڵێکی تێپەڕاند، شایستەی مۆڵەتێک دەبێت بە کرێی تەواوەوە، لانیکەم 24 رۆژ بێت
- کرێکار شایستەی مۆڵەتی نەخۆشییە بە کرێیەکی تەواو، کە لەلایەن خاوەنکارەکەوە بۆ ماوەی 30 رۆژ پێی دەدرێت بۆ هەر ساڵێکی کارکردن
- لە کاتی هاوسەرگیریدا کرێکار مافی 10 رۆژ مۆڵەتی هەیە بە کرێی تەواوەوە.
- بۆ هاوسەرگیری کوڕ یان کچەکەی، کرێکار مافی رۆژێک مۆڵەتی هەیە بە کرێی تەواوە
- بۆ مردنی هاوسەر، باوک، دایک، خوشک، برا یان منداڵی کرێکار، کرێکارەکە 5 رۆژ مۆڵەتی پێدەدرێت
- کاتێک کرێکارێکی پیاو، هاوژینەکەی منداڵی دەبێت، 3 رۆژ مۆڵەتی بە مووچەوە پێبدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''