ئێران بەنێودەوڵەتیکردنی دەروازەی کێلێی راگرتووە

01-05-2016
فەرمان چۆمانی
.....
.....
نیشانەکردن ئێران دەروازەی کێلێی
A+ A-

رووداو -راپەڕین

حکومەتی ئێران  بەهۆی دیار نەبوونی خاڵی سفر لە دەروازەکە کاروباری دروستکردنی بازاڕچە و فەرمانگە پێویستییەکانی بەنێودەوڵەتیکردنی دەروازەی کێلێی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان راگرتووە، ئەمەش هەنگاوێکی دیکە بەنێو دەوڵەتی بوونی دەروازەکە دوادەخات، چونکە بۆ دیاریکردنی ئەم خاڵە دەبێت لە تاران و بەغداوە دوو تیمی تایبەت بێن.


حەمید عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بۆ رووداو گوتی " دەبێت دوو تیم لە تاران و بەغداوە بێن ئەم خاڵە دیاری بکەن، چونکە پێشتر سنوورەکان دیاریکراون، بەڵام دەبێت سنوورێکی راست هەبێت بۆئەوەی ئێمە بتوانین بازاڕچە و فەرمانگەکانی لێ دروست بکەین".

هەرچەندە تیمەکانی حکومەتی ئێران ئامادەن، بەڵام تیمەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بەهۆی کێشە ناوخۆییەکان ئێستا ناتوانێت  بۆ دیاری کردنی خاڵی سفر سەردانی دەروازەی کێلێ بکەن".

سەعدوڵڵا مەسعودیان، کونسوڵی ئێران لە سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات " لەبارەی دەروازەی کێلێ هەوڵی تەواومانداوە کە بە نێو دەوڵەتی بکرێت، بەڵام ئێستا گرفتەکانی دارایی و تەکنیکی وجوگرافی رێگرن و هاوکار دەبین بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتانە، بۆئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ دەروازەکە بەنێو دەوڵەتی بکرێت".

لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان  زیاتر لە 2 هەزار هاونیشتمانی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان روو لە  دەروازەی کێلێ دەکەن، ئەگەر ئەم دەروازەیە بە نێودەوڵەتی بکرێت ئەم هاونیشتمانیانە گرفتی بێکاریان نامێنێت.

دیاریکردنی خاڵی سفر لە دەروازەکان کارێکی تەکنیکیە و پێویستی بە بودجە نییە، بەڵام دەبێت پێش بەنێودەوڵەتیکردنی هەر دەروازەیەک ئەم خاڵە  دیاری بکرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە