رووداو - ئاکرێ
هاوکات لەگەڵ هاتنی جەژنی رەمەزان، قەزای ئاکرێ بووەتە رووگەیەکی گەشتیاری بۆ هاووڵاتییانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بەتایبەتی بەغدا. گەشتیاران وێڕای دڵخۆشییان بە کەشوهەوا و سرووشتی ناوچەکە، سەرسامیی خۆشیان بە ئاستی پێشکەوتن و خزمەتگوزاری لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی خۆیان نیشان دەدەن.
گەشتیارێک کە خەڵکی بەغدایە و بۆ دووەمجار مانگی هەنگوینی لە هاوینەهەواری سێپێ لە ئاکرێ بەسەردەبات، جارێکیان لەگەڵ هاوژینی یەکەمی و ئەمجارەشیان لەگەڵ هاوژینی دووەمی، دڵخۆشیی خۆی بە سەردانەکەی نیشان دا.
سەیف حەلبووسی، گەشتیارێکی عێراقییە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیوای ساڵێکی خۆش بۆ هەمووان دەخوازم. من و خێزانەکەم هەموو جەژنێک دێینە کوردستان. خەڵکەکەی زۆر بەڕێزن. من هەردوو هاوژینم بە یەکەوە دێنمە کوردستان."
گەشتیارانی عێراقی کە بەشێکیان رۆژێک پێش هەرێمی کوردستان جەژنیان کردووە، پشووی جەژن و گەشتەکەیان لە هاوینەهەوارەکانی ئاکرێ پێکەوە گرێداوە و چێژ لە کەشوهەوا و سرووشتی ناوچەکە وەردەگرن.
نوور تاریق، گەشتیارێکی دیکەیە و دەڵێت، "کەشوهەوای ئێرە زۆر دڵگیر و خۆشە. هاتووین لەم کەشە خۆشەدا کاتێکی خۆش بەسەر ببەین." ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، بە سرووشتی شاخاویی هەرێمی کوردستان دڵخۆشن.
زەهرا تەلال، گەشتیارێکە و یەکەمجارە سەردانی ناوچەکە دەکات، باس لەوە دەکات، "ئەم شوێنە زۆر خۆشە و شاخەکانیشی زۆر جوانە. گەشتێکی زۆر خۆش بوو."
مەلاک رائید، کە لە تورکیاوە چووەتە ئاکرێ، دەڵێت، "زۆر دڵخۆش بووم. یەکەمجارمە دێمە ئێرە. ئێرە زۆر خۆشە."
فیراس غانمی، گەشتیارێکی دیکەی عێراقییە و ئاماژە بەوە دەکات، "هاتینە دهۆک و بەتایبەتی بۆ ئاکرێ. ئێرە کەشوهەوایەکی دڵڕفێنی هەیە، بەتایبەت لە رۆژانی جەژندا هەستمان بە جیاوازییەکی گەورە کرد. هیوادارین پارێزگاکانی ئێمەش وەکو ئێرەی لێبێت لەڕووی پاکوخاوێنی و سیستمی هاتووچۆ، چونکە قەرەباڵخی زۆر کەمە و کەشوهەوایەکی یەکجار خۆشی هەیە."
لای خۆیەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری ئاکرێ ئاشکرای دەکات، جیاوازیی رۆژانی دەستپێکردنی جەژن لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کاریگەریی لەسەر ژمارەی هاتنی گەشتیاران لە یەکەم رۆژدا هەبووە، بەڵام چاوەڕێ دەکەن لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەکە زیاتر بێت، چونکە پشووی جەژن هەفتەیەکە.
ئەمین سەلیم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ [یەکەم رۆژی جەژن] ژمارەیەکی کەمتر گەشتیار هاتوون بەهۆی جیاوازیی رۆژی جەژنەوە. نزیکەی 10 پاسی گەشتیاری گەیشتوونەتە هاوینەهەوارەکانی سێپێ و گەلی بژێل. هەروەها گرووپێکی گەشتیاریی کریستیانی ئەمریکیشمان هەبوون، کە نزیکەی 100 کەس بوون."
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری ئاکرێ، ساڵی رابردوو 477 هەزار گەشتیار سەردانی 12 شوێنی گەشتیاریی قەزاکەیان کردووە. پێشبینی دەکرێت لە ماوەی هەفتەی دوای جەژندا نزیکەی 20 هەزار گەشتیاری دیکە روو لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئاکرێ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ