رووداو دیجیتاڵ
وادەی کۆمیسیۆن بۆ پێشکێشکردنی ناوی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات و پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی تۆمار نەکرد. گوتەبێژی کۆمیسیۆنی عێراق دەڵێت، هەفتەی داهاتوو تیروپشک بۆ ژمارەی لیست و لایەنەکان دەکەن.
کاژێر 12:00ـی شەوی رابردوو 31ـی ئاداری 2024، دوایین کات بوو بۆ پێشکێشکردنى ناوى بەربژێرانی لیست و هاوپەیمانەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و کۆمیسیۆن رایگەیاند، کاتەکە درێژ ناکرێتەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت، "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ناتوانێت لیستی دیکە وەربگرێت، بەهۆی ئەوەی دوایین وادەی وەرگرتنی لیستی بەربژێرەکان کاژێر 12:00ـی شەوی رابردوو کۆتاییهات."
جومانە غەلای رایگەیاند، "لیستەکان ئێستا لە قۆناخی وردبینیدان و لە نزیکترین کاتدا بۆ لێکۆڵینەوە لە شایستەیی بەربژێرەکان، لیستی ناوەکانیان دەنێردرێنە دەستەی دەستپاکی و بەڵگەی تاوانەکانی هەرێم[ـی کوردستان] و هاوکات بۆ دەستەی دەستپاکی و بەڵگەی تاوانەکانی فیدراڵیی عێراقیش دەنێردرێن."
تاوەکو ئێستا هەموو حیزبەکان جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی کۆمیسیۆنیان کردووە و لیستیان پێشکێش کردووە.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، "کۆمیسیۆن کارەکانی خۆی دەکات و پشت بەخودا، رۆژی 6ـی نیسان تیروپشکی دیاریکردنی ژمارەی هاوپەیمانییەکان، لایەنە سیاسییەکان و بەربژێرە تاکەکان لە هەولێر بەڕێوە دەچێت. کۆمیسیۆن لە رووی تەکنیکی، یاسایی، دارایی و کارگێڕیەوە هەموو ئامادەکارییەکانی کردووە و کارەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەردەوامن."
هەر ئەمڕۆ عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوا وادەی پێشکێشکردنی ناوی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاژێر 12:00ـی شەوی یەکشەممە بوو و درێژناکرێتەوە."
18ی مانگی ئادار، پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
دوای بڕیارەکەی پارتی، هەریەکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایانگەیاند، ئەوان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.
رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ