لە نەورۆزی ئەم ساڵدا لە سنە 13 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە

01-04-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا 13 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە و گوتی، رێژەکە بەراورد بە پار زیاتر بووە.
 
عیسا گەوهەری، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای سنە، ئەمڕۆ دووشەممە، 1ی نیسانی 2024، ئامارێکی نوێی لەبارەی رووداوەکانی هاتووچۆ لە سنووری ئەو پارێزگایە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە نەورۆزی ئەم ساڵدا 13 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە پارێزگای سنە گیانیان لەدەستداوە."
 
عیسا گەوهەری گوتی، زۆرترین رووداوی هاتووچۆ لە رێگە لاوەکییەکان و رێگەی گوندەکان بووە، هەروەها دوو کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، شۆفێری ماتۆرسکیلن کە لە رێگەی نێوان گوندەکان تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون.
 
بە گوتەی گەوهەری، لە نەورۆزی ئەم ساڵدا بەراورد بە ساڵی پار ئاماری ئەو رووداوانەی کە بوونەتە هۆی برینداربوون یان گەیاندنی زیانی مادی، بە رێژەی 20٪ کەمتر بووە.
 
دەشڵێت، رۆژانە زیاتر لە 100 تیمی پۆلیسی ریگەوبان و پۆلیسی هاتووچۆ لە رێگەکانی پارێزگای سنە چالاکن و چاودێری هاتووچۆی نێوان شارەکان دەکەن.
 
هەروەها ئەحمەدڕەزا رادان، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، لە سەرەتای نەورۆزەوە تا ئێستا 740 کەس لە سەرانسەری ئەو وڵاتە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 19 هەزار کەسیش بریندار بوون.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە