دوو دەرمان لە سەنتەری گورچیلەی رانیە نەماون و تەندروستیی راپەڕین دەڵێت: کڕینیان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە

01-04-2023
ئەبوبەکر ئیسماعیل
نەخۆشێک لە سەنتەری گورچیلەی رانیە. وێنە: رووداو
نەخۆشێک لە سەنتەری گورچیلەی رانیە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - رانیە

بەهۆی نەمانی دوو جۆر دەرمان لە سەنتەری گورچیلەی دەستکرد لە رانیە، مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەکان دروست بووە. ژنێکی 56 ساڵ گورچیلەیەکی وەستاوە و بە دەرمان گورچیلەکەی دیکەی لە وشکبوون راگرتووە.
 
پیرۆز رەسوول تەمەنی 56 ساڵە، نەخۆشی هێزی لێ بڕیوە، گورچیلەیەکی بە تەواوی لە کارکردن وەستاوە و ئەوی دیکەشی بە وەرگرتنی دەرمان لە وشکبوون راگرتووە؛ جگە لە لەکارکەوتنی گورچیلەیەکی خۆی، دوو کوڕی دیکەی چاندنی گورچیلەیان بۆ کراوە، پێشتریش بە هەمان نەخۆشی کوڕ و کچێکی دیکەی گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەو ژنە تەمەن 56 ساڵە دەڵێت، "خۆم گورچیلەیەکم وەستاوە، کچێکی دیکەم نەخۆشیی هەیە، ئەگەری وەستانی گورچیلەی هەیە، کوڕەکەم دوێنێ چووەتە سلێمانی بۆ دەرمانەکان و دەستی نەکەوتووە، ماوەتەوە بەڵکو ئەمڕۆ لە کۆگەکان پەیدایان بکات."
 
ئیسماعیل ئەحمەد، کەسوکاری نەخۆش ئاماژە بەوە دەکات، "خۆم مامۆستام، هەیە فەرمانبەر و کرێکارە، کە دەرمانەکە نەبێت دەبێت لە بازاڕ بیکڕین، نابێت نەخۆشەکە دەرمانەکەی لێ ببڕێت، لە بازاڕیش گرانە."
 
دوو جۆری دەرمان لە سەنتەری گورچیلەی دەستکرد لە رانیە نەماون، ئەوانیش پەرەگراف و ساندیمۆنن، دەبێت رۆژانە ئەو نەخۆشانەی چاندنی گورچیلەیان بۆ کراوە وەریبگرن، نرخیشیان لە دەرمانخانە تایبەتەکاندا لەنێوان 30 تاوەکو 90 هەزار دینارە.
 
هاوژین فوئاد، بەڕێوەبەری سەنتەری گورچیلەی رانیە گوتی، "چی بکەین؟ دەسەڵاتمان نییە. ئەوەی بە ئێمە دەکرێت تەنیا داواکردنە، بەڵام کە جێبەجێ ناکرێت بەڕاستی کێشەیە، چونکە ئەو نەخۆشە کە دەرمانەکە نەخوات مەترسی لەسەر گورچیلەکەی هەیە، ئەو دەرمانانەی لە بازاڕیش هەن، زۆرجار بێ کوالێتین."
 
لە سەنتەری گورچیلە لە رانیە، رۆژانە چوار جۆر دەرمان دەدرێتە ئەو نەخۆشانەی چاندنی گورچیلەیان بۆ کراوە، نزیکەی چوار مانگە نەمانی دوو جۆری سەرەکی لەو دەرمانانە گرفتی تەندروستیی دروستکردووە.
 
بەڕێوەبەری تەندروستیی راپەرین دەڵێت، سێ مانگی ئەمساڵ وەزارەتی دارایی بڕیاری خەرجکردنی پارەی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی راپەڕین نەداوە.
 
دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری تەندروستیی راپەڕین ئاماژەی بەوە کرد، "کڕینی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، چاوەڕێی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی تەندروستی دەکەن [نووسراو بکەن] بۆئەوەی دەست بە کڕینی دەرمانەکان بکەین."
 
لە سنووری ئیدارەی راپەڕین نزیکەی 240 نەخۆش چاندنی گورچیلەیان بۆ کراوە، لە رێگەی دەفتەری تایبەت هەفتانە دوو رۆژ لە سەنتەری گورچیلە دەرمان بێ بەرامبەر دەدرێت بە نەخۆشەکان، نەمان و کەمیی دەرمانەکانیش گرفتی دروستکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.