ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە: پەیامی پەکەکە پڕبوو لە بەرپرسیاریێتی

01-03-2025
پەیمان محەممەد
شێرکۆ حەمەئەمین، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە
شێرکۆ حەمەئەمین، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە دەڵێت، پەکەکە چەکدانانی بە ئازادبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە گرێداوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''پەیامی ئاگربەستی پەکەکە، پڕبوو لە بەرپرسیاریێتی و ئێستا نۆرەی تورکیایە هەنگاو بنێت.''
 
ئەمڕۆ (شەممە، 01-03-2025) شێرکۆ حەمەئەمین، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، لەبارەی پەیامەکەی ئاگربەستی پەکەکەوە رایگەیاند، ''پەیامێکی پڕ لە بەرپرسیاریێتی و بەدەنگەوەچوونی بەڕێز ئۆجەلان بوو.''  
 
شێرکۆ حەمەئەمین گوتی ''راگەیێندراوەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان، دیاریکردنی ئەو مەرجانەشە کە دەکەوێتە سەر شانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بانگەوازەکە.''
 
ئەمڕۆ کۆمیتەی رێڤەبەری پەکەکە ئاگربەستی راگەیاند، ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە لە 27ـی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵووەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
 
ئەو ئەندامەی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە راگەیاندنی ئاگربەست بە ''100٪ پابەندبوونی پەکەکە بە بانگەوازەکە و دیاریکردنی ئەو ئەرکانەی دەکەونە سەر شانی دەوڵەتی تورکیا،'' دەزانێت.
 
بەگوتەی شێرکۆ حەمەئەمین، ئێستا بۆ پێشخستنی پرۆسەکە، دەبێت تورکیا هەنگاو بنێت، ''ئەگەر بیەوێت دۆخی نێوخۆی باش بکات و ئاشتییەکی سەقامگیر لە ناوچەکە بێتە ئاراوە، ئەو هەنگاوە پێویستە.''
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی پەکەکەدا هاتووە، ''بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە، پێویستە رێبەر ئاپۆ خۆی پێشەنگایەتیی کۆنگرە بکات و بەڕێوەی ببات.'' ئەو ئەندامەی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە پێیوایە، پەکەکە چەکدانانی بەستووەتەوە بە ئازادبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
 
رێبەری پەکەکە لە بانگەوازەکەیدا کۆمەڵێک هۆکاری بۆ چەکدانان خستووەتەوەڕوو. شێرکۆ حەمەئەمین ئاماژەی دا، ''پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان جۆرێک لە [مەرجی] پابەندبوونی بۆ دەوڵەتی تورکیا تێدایە، وەک؛ ئاشتی و رەخساندنی زەوینەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی.'' 
 
ئۆجەلان ئازاد دەکرێت؟
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە، جێبەجێکردنی مەرجی ئازادبوونی ئۆجەلان بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی تورکیا قورسە، ''بەڵام سیاسەتڤانی ژیر و کردەوەیی دەبێت دەلاقەکان بکاتەوە، نەوەک ئەوەی کە لەسەر بیری خۆی سوور بێت.''
 
شێرکۆ حەمەئەمین ئەوەشی خستەڕوو، سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی پێویستی بە کاتە، ''چونکە هەم پێویستە کۆمەڵگە ئامادە بکرێت، هەم پێویستە دۆزی کورد، دەستوور، مافی زمانی، کولتووری، بەشداریی سیاسی و ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان چارەسەر بکرێن''.
 
وەک ئەو ئەندامەی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە دەڵێت، پێویستە بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتە سەرهێڵ، ''چونکە بابەتەکە پێویستی بە لایەنی سێیەم هەیە و ئەوکاتەش کە کۆنگرەی پەکەکە بەسترا، بێگومان بابەتەکان زیاتر روون دەبنەوە.''
 
جەختیشی لەوە کردەوە، ''تورکیا دەبێت لەوە تێگەیشبێت؛ ناوچەکە و جیهان لە گۆڕانکاریدان، مێژوو سەلماندوویەتی بە چەک ناتوانێت چارەسەری ئەم پرسە بکات.''
 
پارتی کرێکارانی کوردستان، ساڵی 1978 لە باکووری کوردستان دامەزرا، لە ساڵی 1982 لە کۆنگرەی دووەمدا بڕیاری شەڕکردنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسند کرد و لە 15-08-1984 بۆ یەکەم جار لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بە چەک رووبەڕووبوونەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە