رووداو دیجیتاڵ
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کەلار بە درۆن هێرشکرایە سەر ''خانوویێک'' و کەسێک کوژرا، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، ''کوژراوەکە لە سەربان لێیدراوە و بە تەواوی مووشەکێکی درۆنەکەی بەرکەوتووە''.
ئەمڕۆ هەینی، شەهاب ئەحمەد، قایمقامی کەلار لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە رێبوار عەلی پێشکێشیکرد، لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی ئەمڕۆی شاری کەلار رایگەیاند، ''سەردانی شوێنەکەمان کرد، بە درۆن هێرشی کراوەتە سەر و مووشەکێکی لێدراوە.''
شەهاب ئەحمەد گوتی، خانووەکە لە نێو گەڕەکی ئاوارەکاندایە و هیچ تابلۆی بارەگا و حیزبی پێوە نییە، ''بەڵام ئەوەی کە کوژراوە، کەسێکی نەناسراوە و دەڵێن سەر بە هاوڕێیانی تەڤگەری ئازادییە.''
وەک قایمقامی کەلار باسیکرد، ''تەنیا کەسی کوژراو لە نێو بارەگاکەدا بووە و کاتی رووداوەکە لە سەربان سەرقاڵی پڕکردنی تانکی ئاو بووە، بە مووشەک لێیدراوە.''
شەهاب ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، درۆنەکە تەنیا مووشەکێکی لە کەسی کوژراو و سەقفی نهۆمی دووەمی خانووەکە داوە و خانووەکانی دەوروبەر هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.
تائێستا ناسنامەی کوژراوەکە دیار نییە و تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ دادپزیشکی. قایمقامی کەلار گوتیشی، بەهۆی بۆردوومانەکە تەرمی کوژراوەکە بە تەواوی شێواوە و ئاسایش لێکۆڵینەوە لە ناسنامەکەی دەکات.
جومعە کەریم، گوتەبێژی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج بارەگای ئەوانە لە کەلار، بەڵام بە فەرمی بەکاری ناهێنن و تەنیا بۆ کۆبوونەوە بەکاریانهێناوە.
شەهاب ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، تەڤگەری ئازادی بە شێوەی فەرمی لە کەلار هیچ بنکە و بارەگایەکی نییە و جگە لەو کوژراوەش هیچ کەسێک لە خانووەکەدا نەبووە.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ساڵی 2014 دامەزراوە و مۆڵەتی فەرمیی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ