رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی مانگرتن و بایکۆتی مامۆستایانی ناڕازییەوە دەڵێت، دەکرا مامۆستایان بێ داخرانی قوتابخانەکانیش مان بگرن و خۆپێشاندان بکەن.
ئەمڕۆ (شەممە 01-02-2025) جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە سلێمانی لەبارەی مانگرتنی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی رایگەیاند ''بێگومان مامۆستایان و سەرجەم چین و توێژەکانی دیکە مافیان هەیە؛ هەر کەسێک مافی خۆیەتی داوای مافی رەوای خۆی بکات. ئەگەر کەسێک داوای مافی خۆی نەکات، پێموایە مافی ژیانیشی نییە.''
26ـی کانوونی دووەمی 2025 وەرزی دووەمی خوێندن دەستیپێکرد، بەڵام بەشێکی بەرچاو لە قوتابخانەکانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بەهۆی بایکۆتی مامۆستایان، داخراون.
جەعفەر شێخ مستەفا رەخنەی لە شێوازی دەربڕینی ناڕەزایی مامۆستایان لە دواخرانی مووچەکانیان گرت و، گوتی: ''دەبێت شێوەی داواکردنی ماف بە جۆرێک بێت، کە زیان بە کۆمەڵگە نەگەیێنێت.''
جگە لە داخرانی بەشێکی قوتابخانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، پێنج رۆژە ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی، خێوەتیان هەڵداوە و تێیدا مانیان لە خواردن گرتووە، دەڵێن تاوەکو جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، مانگرتن ناشکێنن.
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێیوایە، ''مامۆستایان دەیانتوانی مان بگرن، خۆپێشاندان بکەن، بەڵام لە هەمانکاتدا دەرگەی قوتابخانەکان دانەخەن.''
سەرەکیترین داواکارییەکانی مانگرتووانی سلێمانی بریتییە لە دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە، دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا، پێدانی پێکەوەی هەردوو مووچەی مانگەکانی کانوونی یەکەمی 2024 و، کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، هەروەها بەجێکردنی مووچەکانیان لەسەر بانکە فیدراڵییەکان.
مانگرتن و ناڕەزایی مامۆستایان و فەرمانبەران لەکاتێکدایە کە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی مووچە و نەهێشتنی کێشە داراییەکانی نێوان هەردوو حکومەت لە بەغدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ