جڤاتی نیشتمانیی بەرەی زەرگەتەی گۆڕان: بۆ بەستنی کۆنفرانسی گشتی داواکاریمان پێشکێشی کۆمیسیۆن کردووە

01-02-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جڤاتی نیشتمانیی (باڵی گردی زەرگەتە)ـی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، لەسەر داوای ئەوان، بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەکە دواخراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ دیاریکردنی کاتی بەستنی کۆنفرانس داواکارییان پێشکێشی کۆمیسیۆن کردووە.
 
ئەمڕۆ (شەممە 01-02-2025) یاسین حەمە عەلی، رێکخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (لە بەرەی گردی زەرگەتە) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا راگەیێندراوێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەکەی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو ''دوای کۆچی دوایی رەوانشاد، نەوشیروان مستەفا (رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەکە)، گۆڕان تووشی نشستێکی گەورە بوو، بەداخەوە نەتوانراوە تاوەکو ئەمڕۆ ئەو بۆشاییە پڕبکرێتەوە.''
 
لە راگەیێندراوەکەدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی نێو بزووتنەوەکە ئاماژە بەوە دراوە، ''ئێمە لە جڤاتی نیشتمانی پێمان وایە پڕۆژەکانی رەوانشاد، دەستوور و رێنماییەکانی، تەنیا رێگەن کە دەتوانرێت بزووتنەوەی گۆڕان بخەنەوە سەر رێچکە تەندرووستەکەی خۆی.''  
 
ئێستا، بزووتنەوەی گۆڕان بەسەر دوو بەرە (بەرەی گردی زەرگەتە و بەرەی گەڕەکی کوردسات) دابەشبووە. یاسین حەمە عەلی ئاماژەی بەوە کرد، ''ناکۆکییەکانی نێو بزووتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی هەڵوێست و بڕیاری ئێمە وەک بەرەی دەستوور، لەپێناو بەرگریکردن لە یاسا، رەوایی دیموکراسی و راستیی دەستوور بووە.''
 
بەشێکی زۆری جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لە بەرەی گردی زەرگەتەن. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە ''ئێمە، وەک زۆرینەی گۆڕانخوازان و ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و هەڵسووڕاوان، بەرگری لە بەرنامەی سیاسیی گۆڕان، ئایدیاکانی نەوشیروان مستەفا و دەستوور دەکەین. لایەنی بەرامبەر بڕوایان بە بەرنامە و دەستووری گۆڕان نییە.''
 
کێشەکانی نێو بزووتنەوەی گۆڕان و دووبەرەبوونی بزووتنەوەکە دوای ئەوە زەقبوونەوە، کە رۆژی 28-09-2024 بەشێکی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان، رێوڕەسمێکیان بۆ رێزلێنان و ماڵئاوایی لە عومەر سەید عەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری نوێی بزووتنەوەکە سازکرد.
 
کوڕانی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەکە بۆ رێگری لەو رێوڕەسمە، رۆژی 27-09-2024 دەرگەی مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان داخست، دەوام لە ژوور و دامەزراوەکانی بزووتنەوەکەش راگیرا.
 
ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیی نێو بەرەی گردی زەرگەتە ئاماژە بەوە دەکەن، "رێکخەری گشتیی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان کەسێکە جێگەی رێزە و لە 13-10-2021 لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا دەستیان لەکاركێشایەوە و راگەیێندراوی فەرمییان بڵاوکردەوە. لە هەمان کۆبوونەوەدا جڤاتی نیشتمانی لە راگەیێندراوی فەرمیدا پێشوازی و دەستخۆشییان لێکرا و دەستلەکارکێشانەوەیان پەسند کرا. لەسەر ئەو بنەما دەستوورییە، ئەو وەکالەتە نادەستووری و نایاساییە." 
 
بەرەی گەڕەکی کوردسات، 2ـی شوباتیان بۆ بەستنی کۆنگرە دیاری کردبوو، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 29ـی کانوونی دووەم رایگەیاند، ''پەلە نەکرێت لە بەستنی کۆنگرە لەو رێککەوتەدا. بە گوێرەی ئەو داوایەی لە دەستەی گشتیی حیزبەکەوە نێردراوە.''
 
رێکخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (لە بەرەی گردی زەرگەتە) ئەو هەنگاوەی بەرەی گەڕەکی کوردساتی بزووتنەوەکەی بۆ بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانی بە ''نایاسایی'' ناوبرد و گوتی، ''جڤاتی نیشتمانی (بەرەی گردی زەرگەتە) بەمەبەستی بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر، ئەوەش بۆ رێگریکردن لە هەموو کار و هەنگاوە نایاساییەکان.''
 
یاسین حەمە عەلی ئەوەشی خستەڕوو، بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ کۆنفرانس، داواکارییان پێشکێشی کۆمیسیۆن کردووە و لە هەفتەی داهاتووشدا کە بڕیاری کۆمیسیۆن لەوبارەوە دەرچوو، وادەکەی دیاری دەکەن.
 
بەگوتەی رێکخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (لە بەرەی گردی زەرگەتە)، کۆنفرانسی داهاتوویان کۆنفرانسی دامەزراندن دەبێت، بۆ داڕشتنەوەی کۆی هەیکەلی بزووتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و یەکلاییکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی دیکەی تایبەت بە بزووتنەوەکە. 
 
یاسین حەمە عەلی ئاماژەی بەوەش کرد ''پەیامی ئێمە وەک رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، پەیامی لێبووردەیی، یەکدی قبووڵکردن و کارکردنە بۆ خەڵک، دەست و دڵمان بۆ هەموو هاوڕێکانمان کراوەیە بەکردەوە، هەر هەنگاو و پرۆسەیەکی ئاشتەوایی هەبووبێت. ئێمە بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسندکردن و قبووڵکردنیمان داوە.''
 
29ـی کانوونی دووەم سەرچاوەیەکی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان (لە بەرەی گردی زەرگەتە) لەبارەی دواخستنی کۆنگرەی بزووتنەوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بە تانەی بەرەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکەمان، کۆمیسیۆن بەستنی کۆنگرەی لەو کاتەدا رەتکردەوە."  
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "رۆژی 20ـی 1ـی 2024، بزووتنەوەکەمان کۆنگرەیەکی بەست، بەڵام دواتر لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ئەنجامی کۆنگرەکە رەتکرایەوە، ئەویش لەبەر هەڵنەبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی، دانەنانی پەیڕەوی ناوخۆ و نەبەستنی کۆنگرەی دامەزراندن. ئێمە ئاگادارین لە 22ـی هەمان مانگدا کۆمیسیۆن رەتیکردبووەوە، بەڵام هەندێک کەس ئەو بابەتەیان شاردبووەوە." 
 
بەگوێرەى نووسراوێک کە فەرمانگەى کاروبارى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە 30ـی کانوونى یەکەمی ساڵی رابردوو بۆ بزووتنەوەى گۆڕانى ناردووە، ئاماژە بەوە دراوە، بەهۆى ئەوەى لە دواى تۆمارکردنى پارتەکەیانەوە لەو  فەرمانگەیە، کۆنگرەى گشتییان نەکردووە، داوایان لێدەکات ئەو کۆنگرەیە بە گوێرەى ماوەى یاسایى ببەستن.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە