6 شاخەوان لە بەرزاییەکانی چاڵاوی کرماشان رزگارکران

01-02-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شەش شاخەوان کە لە بەرزاییەکانی ناوچەی چاڵاوی سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان گیریان خواردبوو، لە لایەن تیمەکانی مانگی سووری پارێزگاکەوە رزگارکران.

رۆژی شەممە، 1ی شوباتی 2025، محەممەدباقر محەممەدی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگای کرماشان رایگەیاند: "شەوی رابردوو لە لایەن خیزانەکانیانەوە ئاگادارکراینەوە کە شەش شاخەوان لە بەرزاییەکانی ناوچەی چاڵاو گیریان خواردووە و بەهۆی تاریکی شەو و سەختی رێگەکە ناتوانن بەرەو خوارەوەی شاخەکە بێن". 
 
محەممەدباقر محەممەدی گوتی: "دوای وەرگرتنی زانیارییەکان، تیمێکی تایبەتی فریاکەوتنمان رەوانەی ناوچەکە کرد و دوای چوار کاژێر هەوڵدان، ئەندامانی تیمەکە توانیان شاخەوانەکان رزگار بکەن کە لە نزیک لووتکەی تاو گیریان خواردبوو."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگای کرماشان، هەموو شاخەوانەکان سەلامەتن و هیچ کەسێک بریندارنەبووە.
 
محەممەدباقر محەممەدی داوا لە شاخەوانەکان و ئەنجوومەنەکانی شاخەوانی دەکات کە بەر لە هەر چالاکییەکی شاخەوانی، دەستەی شاخەوانی و مانگی سووری پارێزگاکە ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەر رووداوێکدا بتوانن لە ماوەیەکی کەمتردا هاوکارییان بکەن.
 
ناوچەی چاڵاو دەکەوێتە نزیک شاخی پەراو و بە هەبوونی شاخ و لووتکەی بەرز و سرووشتە جوانەکەی، وەکو ناوچەیەکی گەشتیاریی پارێزگای کرماشان دەناسرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە