رووداو دیجیتاڵ
لە دەروازەیەکی سنووریی ورمێ، دەست بەسەر بڕێک مادەی هۆشبەردا گیرا. سەرپەرشتیاری چاودێریی گومرگەکانی پارێزگاکە دەڵێت، "بۆ رێگری لە هاوردە و هەناردەکردنی مادەی هۆشبەر، هەموو رێکارێک دەگرینەبەر."
خالید جەنگجوو، سەرپەرشتیاری چاودێریی گومرگەکانی ورمێ راگەیاند، لە کاتی پشکنین لە دەروازەی سنووریی بازرگان، دەست بەسەر سێ کیلۆ مادەی هۆشبەر لە جۆری شیشەدا گیراوە، کە هەوڵی دەربازکردنی لە سنوورەکەوە بۆ تورکیا دراوە.
سەرپەرشتیاری چاودێریی گومرگەکانی ورمێ ئاماژەی بەوەش کرد، "یەکێک لە گرنگترین بەرنامەکانی بواری گومرگیی ئێمە، رێگریکردنە لە دەرچوونی مادەی هۆشبەر لە رێگەی سنوورەکانەوە."
ئەو سەرپەرشتیارە گوتیشی، "هەموو رێکارێکی پێویست بۆ زیاتر بەکارهێنانی سەگی راهێندراو، هەروەها ئامێری کۆنترۆڵکردنی تیشکی ئێکس بە مەبەستی دۆزینەوە و رێگریکردن لە دەربازبوونی مادەی هۆشبەر دەگیرێتەبەر."
دەروازەی سنووریی بازرگان یەکێک لە قەرەباڵخترین دەروازە سنوورییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان.
بەگشتی پارێزگای ورمێ شەش دەروازەی سنووری هەن کە سیانیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان، دەروازەیەک (سەنەم بۆلاغی پولدەشت) لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەریی نەخجوانی سەر بە ئازەربایجان و دەروازەی تەمەرچین - حاجی ئۆمەران و دەروازەی سنووریی کێلێ لەگەڵ هەرێمی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ