پارێزەری جووتیارانی داقووق: لە 2022 توانیمان 3500 دۆنم زەوی بۆ جووتیارانی کورد بگەڕێنینەوە

01-01-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتیاڵ

پارێزەری جووتیارانی داقووق دەڵێت، ناوچەی سەرگەڕان، دووبز و داقووق مەترسییەکی زۆریان لەسەرە بۆ ئەوەی عەرەبی هاوردە بە پاڵپشتیی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک دەست بەسەر زەویی جووتیارانی کورددا بگرن. دەشڵێت، چەند نووسراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هەن کە لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە دەرکراون، دەبێت هەڵبوەشێندرێنەوە.
 
شکار مەردان، پارێزەری جووتیارانی داقووق بە رادیۆی رووداوی گوت، داگیرکردنی زەویی جووتیارانی کورد مەترسییەکی بەردەوامە و تاوەکو ئێستا کێشەی زەویوزاری جووتیارانی کەرکووک و هەوڵەکانی بەعەرەبکردنی ناوچەکانی ماددەی 140 بەردەوامە.
 
ئەو پارێزەرە گوتی، لەماوەی ساڵی 2022دا لە دادگەی بەرایی بەغدا و دادگەی بەرایی داقووق توانییان نزیکەی 21 کەیس لە دادگە لە بەرژەوەندیی جووتیارانی کورد یەکلابکەنەوە و زیاتر لە سێ هەزار و 500 دۆنم زەوی لە کەرتی 45 بۆ جووتیاران بگەڕێننەوە.
 
شکار مەردان گوتیشی، "نزیکەی 70٪ـی ئەو کەیسانەی کارمان لەسەری کردووە لە دادگەکاندا بردوومانەتەوە و لە بەرژەوەندیی جووتیارانی کورد یەکلاکراونەتەوە، هەروەها لەگەڵ وەزارەتی داد و نوێنەرانی کورد لە بەغدا بەردەوام لە هەوڵداین بۆ ئەوەی نووسراوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستوەردانەکانی سوپا لە پرسی زەویی کشتوکاڵیی جووتیارانی کورد رابگرین."
 
سەبارەت بەو ناوچانەی کە مەترسیی بەعەرەبکردن و داگیرکردنی زەویی جووتیارانی کوردیان لەسەرە، شکار مەردان دەڵێت، " ناوچەی سەرگەڕان، دووبز و داقووق، ئەم سێ شوێنە زۆر مەترسییان لەسەرە و لەلایەن ئیدارەی کەرکووکەوە هەوڵدەدرێت عەرەبە هاوردەکان بگەڕێنەوە و زەویی جووتیارانی کورد داگیربکەن. لە داقووق گوندێکی عەرەب گەڕاوەتەوە و لە سەرگەڕانیش عەشیرەتی شەمەر بە پاڵپشتیی سوپای عێراق گەڕاونەتەوە، بەڵام زەویی زۆریان بەدەستەوە نییە."
 
داگیرکردنی زەویی جووتیارانی کورد لە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان و پێدانیان بە عەرەبی هاوردە، پاڵپشتە بە دوو بڕیاری سیاسیی، یەکەم؛ لە 1975 کاتێک کورد لەو ناوچانە راگوێزران و عەرەبی هاوردە لەجێگەیان نیشتەجێکران بە بڕیاری 170 لە ساڵی 1976. بڕیاری دووەمیش لە ساڵی 1993ـەوە دەرکراوە لەلایەن لیژنەی کاروباری باکوور بە ناوی پشتێنەی ئەمنیی کەرکووک، کە بەگوێرەی ئەو بڕیارە، گوندەکان بە عەرەب دەکرێن.
 
شکار مەردان دەڵێت، "لە 2012 ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکووری هەڵوەشاندەوە، بەڵام بڕیاری ژمارە 170ـی ساڵی 1976 کاری زۆری پێویستە بۆ ئەوەی رابگیرێت و ماددەی 140ـی دەستوور کارابکرێتەوە."
 
پارێزەرەکەی جووتیارانی داقووق باس لەوەش دەکات، چەندین نووسراوی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هەن، بەشێکیان لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە دەرکراون و دەبێت ئەو نووسراوانە هەڵبوەشێندرێنەوە، چونکە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگا و شارەکان پابەندن بە بڕیاری وەزارەت و سەرووی خۆیانەوە، چونکە لەدوای ئەو بڕیارانەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە، هیچ لایەنێک دان بە کارەکانی لیژنەی ماددەی 140ـی دەستووردا نانێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.