گوتەبێژێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: هانی هەموو لایەنە کوردییەکان دەدەین پێکەوە کاربکەن

29-06-2022
نەهرۆ محەممەد
سامۆیل وۆربێرگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
سامۆیل وۆربێرگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، ئەمریکا هانی دیالۆگی کارا لە نێوان هەولێر و بەغدا دەدات تاوەکو "سەرجەم گەلی عێراق سوومەندبن لە داهاتی نەوت و هەر سوود و داهاتێکی دیکەی سامانە سروشتییەکانی عێراق."  دەشڵێت، "ئێمە ماوەیەکی زۆرە هانی لایەنەکانمان داوە.. کە بگەنە چارەسەر." 
 
سامۆیل وۆربێرگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆڕۆژی رووداودا باسی لە ئەندامبوونی فینلاند و سوێد لە ناتۆ، هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی هێرشی تورکیا بۆسەر منبیج و تلڕەفعەت، هەوڵی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی نێوان لایەنە کوردییەکان لە سووریا، هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، روانینی ئەمریکا بۆ هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ نەهێشتنی ناکۆکی نێوان پارتەکانی هەرێمی کوردستان کرد.   
 
لەبارەی روانینی ئەمریکا بۆ هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ نەهێشتنی ناکۆکی نێوان پارتەکانی هەرێمی کوردستان، سامۆیل وۆربێرگ دەڵێت، "ئەمریکا هانی هەموو لایەنە کوردییەکان دەدات پێکەوە کاربکەن، پێمانوایە هەموو کورد و هەموو عێراقییەکان.. شایستەی حکومەتن کە خزمەتگوزاریی سەرەکییان بۆ دابین بکات." 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سامۆیل وۆربێرگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: 
 
رووداو: ئەمریکا زۆر هەوڵیدا تورکیا رازیبێت بە ئەندامێتی فینلاند و سوێد لە ناتۆ، رێککەوتنی تورکیا لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە کێشەی ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتەی کۆتایی پێهێنا؟ 
 
سامۆیل وۆربێرگ: ئەم کاتەتان باش، زۆر سوپاس بۆ تەلەڤزیۆنی رووداو، بۆ هەموو ئەو رووماڵانەی دەیکات لە ئەڵمانیا و لە ناتۆ، ئەو رووماڵە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە کورد و عێراقییەکان هەموویان سەیری کەناڵەکەتان دەکەن، گرنگی بە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان و دۆسییە گرنگەکان دەدەن.
سەبارەت بە بەربژێرکردنی سوێد و فینلاند بۆ ئەندامێتی ناتۆ، نەک تەنیا ئەمریکا، بەڵکو هەموو ئەندامانی ناتۆ، پێشبینی ئەوەیان کردووە، کە ئەم دوو وڵاتە دەبنە بەشێک لە ناتۆ، هەر بە تەنیا ئەمریکا و تورکیا گرنگییان بەو بابەتە نەداوە. هەموومان گفتوگۆمان کردووە لەبارەی توانای ئەندامێتی سوێد و فینلاند و ببنە بەشێک لە ناتۆ. بێگومان ئەو بابەتە لەگەڵ تورکیا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و پەیوەندی هەبووە. بەم دواییانە سەرۆک بایدن و سەرۆک ئەردۆغان قسەیان کردووە، هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی سوێد و فینلاندیش گفتوگۆکراوە. ئێمە پێشوازی لەو هەنگاوە دەکەین، بە نزیکەی کەمتر لە کاژێرێک لێرەدا لە مەدرید گوێبیستی هەواڵی رێککەوتن بووین لەنێوان تورکیا و ناتۆ و وڵاتانی دیکە، وردەکاریی زۆرمان لانییە، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەر لەسەرەتای گفتوگۆکان پێشبینی ئەوەی کردبوو کە سوێد و فینلاند، دەبنە بەشێک لە ناتۆ.
 
رووداو: ئایا ئەمریکا سوورە لە رێگرتن لە تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر منبیج و تلڕەفعەت؟ 
 
سامۆیل وۆربێرگ: ئیدارەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر روونە سەبارەت بە هەر ئاڵۆزییەک لەو ناوچەیەدا، ئەمریکا دژی هەر ئاڵۆزکردنێکە، دژی هەر هێرشێکە بۆ ئەو ناوچانە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هاوئاهەنگی و گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا، لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتی تورکیا. پێیوایە لەم کاتەدا هیچ سوودێک لە ئاڵۆزکردنی دۆخی ناوچەکە نییە. 
 
رووداو: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەوڵی رێککەوتنی نێوان لایەنە کوردییەکانی دەدا لە سووریا، ئەم هەوڵانە وەستاون. بۆچی؟ 
 
سامۆیل وۆربێرگ: بەبێ ئەوەی بچینە نێو وردەکاریی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هەموو هاوپەیمانە کۆنەکانی، لەوانەش هەندێک لە کوردی عێراق و وڵاتانی دیکە. لە هەمان کاتدا هەروەک بەم دواییانە بینیمان هێزی سەربازی ئەمریکا رێکاری گرتەبەر لە بەرامبەر یەکێک لە کەسەکانی گرووپە پەڕگیرەکان لەسەر خاکی سووریا، بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەو هاوئاهەنگییە لەگەڵ هاوپەیمانە هەمیشەییەکانمان لە ناوچەکەدا لە دژی تیرۆر و هەروەها بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە. 
 
رووداو: ئەمریکا چۆن دەیەوێت باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە گەمارۆ ئابوورییەکان دەربێنێت؟ 
 
سامۆیل وۆربێرگ: زۆر سوپاس بۆ ئەم پرسیارە، ئێمە ئێستا لە کاتێکی زۆر گرنگداین، ئێستا لیندا تۆماس گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت بۆ درێژکردنەوە یان دووبارەکردنەوەی دەروازە سنوورییەکان، چونکە ئەو دەروازە سنوورییانە لە باب هەوا، شوێنی زۆر گرنگن، بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ گەلی سووریا. لە ئەنجوومەنی ئاسایش نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر دەنگدرا لەبارەی دەروازە سنوورییەکان، ئێستا لەگەڵ هەموو وڵاتان لە ئەنجوومەنی ئاسایش کاردەکەین بۆ ئەوەی دووبارە دەنگبدرێت و رێگەبدرێتەوە بە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئەوەی ئەو دەروازانە کاربهێنرێت. بەم دواییانە باڵیۆز لیندا تۆماس گرینفڵید، سەردانی ناوچەکەی کردووە کە سنووری لەنێوان سووریا و تورکیا هەیە، تاوەکو بەچاوی خۆی دۆخەکە ببینێت، بزانێت گەلی سووریا چۆنە و چۆن ئاوارەکان دەژین و چۆنن دامودەزگە خێریی و نێودەوڵەتییەکان ئەو دەروازە سنوورییانە بەکاردەهێنن، بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ گەلی سووریا. 
 
رووداو: سەرۆکایەتیی و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دادگەی فیدراڵییان لەسەر نەوتی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە. بۆچی دوو کۆمپانیای ئەمریکی ئەو بڕیارەیان جێبەجێکرد؟ 
 
سامۆیل وۆربێرگ: خودی خۆم لە ئەڵمانیا بوومە لە لووتکەی گرووپی 7 و ئێستاش لە مەدریدم، بەداخێکی زۆرە ئاگاداری دوایین پێشهاتەکانی ئەم دواییانە نیم، بۆیە نامەوێت بچمە نێو وردەکاریی دیکە، بەڵام بەشێویەکی گشتی، سەردەمانێکی زۆرە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هانی دیالۆگی کارای داوە لەنێوان هەولێر و بەغدا و لەنێوان هەموو لایەنەکانی عێراق سەبارەت بەوەی چۆن سەرجەم گەلی عێراق سوومەندبن لە داهاتی نەوت و هەر سوود و داهاتێکی دیکەی سامانە سروشتییەکانی عێراق. ئێمە ماوەیەکی زۆرە هانی لایەنەکانمان داوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەن و بگەنە چارەسەر، چونکە گەلی عێراق شایستەی ئەوەیە سوودمەندبێت لەو سامانانە. 
 
رووداو: ئایا ئەمریکا دەیەوێت دوای کشانەوەی سەدر حکومەت لە عێراق زوو پێکبێت؟  
 
سامۆیل وۆربێرگ: هەروەک وەڵامی پرسیاری پێشووم دایەوە، لەبارەی سامان و داهات، گەلی عێراق شایستەی حکومەتە و حکومەتێکی شەفافە کە توانای دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی هەبێت بۆ گەلی عێراق، بەبێ دەستوەردان لە سیاسەتی نێوخۆییدا، مافی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هیچ وڵاتێکی دیکە نییە، ئیرادەی خۆی بەسەر گەلی عێراقدا بسەپێنێت، گەلی عێراقی خۆیان دەنگیان بەو سیاسییانە داوە و ئەوان حکومەت دیاری دەکەن، بۆیە پێویستە گەلی عێراقی حکومەت دیاری بکات. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت حکومەت لە خێراترین کاتدا پێکبهێنرێت.   
 
رووداو: چۆن دەڕواننە هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ نەهێشتنی ناکۆکی نێوان پارتەکانی هەرێمی کوردستان؟
 
سامۆیل وۆربێرگ: بەشێوەیەکی گشتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هانی هەموو لایەنە کوردییەکان دەدات پێکەوە کاربکەن، پێمانوایە هەموو کورد و هەموو عێراقییەکان و گەلی عێراق، شایستەی حکومەتن کە خزمەتگوزاریی سەرەکیان بۆ دابین بکات، بەبێ هیچ دەستوەردانێکی کەسێک لەگەڵ کەسێکی دیکە و ئەو حیزبە و حیزبێکی دیکە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێیوایە هەموو عێراقییەکان پێویستە پێکەوە گفتوگۆ بکەن و رێکبکەون لەسەر پێکهێنانی حکومەت و ئەو لایانەنی کە نوێنەرایەتییان دەکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە