رووداو هەولێر
پارێزگاری هەولێر لەبارەی سووتانی بازاڕی لەنگە رایگەیاند، بازاڕەکە لە جێگەی خۆی دەمێنێتەوە و لەسەر داوای دوکاندارەکان، خۆیان دووکانەکانیان نۆژەندەکەنەوە، ئێمەش دەستبەجێ لەگەڵ شارەوانی رەزامەندیمان پێداون، ئەوان کاری خۆیان دەکەن، ئەو خزمەتگوزاریانەی لەسەر ئێمەش دەبێت بە شێوازێکی دیکە و باشتردەبێت.
ئەمڕۆ شەممە 27-10-2018، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر بەشداریی بوڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی رووداوی دایەوە.
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لە بەشێکی قسەکانیدا لەبارەی سووتانی بازاڕی لەنگە لە هەولێر گوتی: " لەسەر داوای دووکاندارەکان، خۆیان دووکانەکانیان نۆژەندەکەنەوە، رەنگە بەشێکی بەرزتربکرێتەوە، کە ئەمە داوای کاسبکارەکان خۆیان بووە، ئێمەش دەستبەجێ لەگەڵ شارەوانی رەزامەندیمان پێداون، ئەوان کاری خۆیان دەکەن، ئەو خزمەتگوزاریانەی لەسەر ئێمە دەبێت بە شێوازێکی دیکە و باشتر دەبێت، بۆ نموونە تۆڕی نیشتمانی و کارەبای موەلیدەکان تێکەڵ یەکتر نەکرێن، کە زۆرجار بەشێکی زۆر لە گرفتەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، رێکخستنی ئەو تۆڕەش لەلایەن ئێمەوە وەکو حکومەت دەکرێت لەسەر فەرمانی بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەت بەپەلە ئەو خزمەتگوزارییەیان بۆ دابینبکرێت".
دەقی پرسیار و وەڵامەکان لەگەڵ نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر
رووداو: دوێنێ بەڕێزتان سەردانی ئەو ناوچانەتان کرد، کە رووبەڕووی لافاو ببووەوە، زەرەرو زیانەکان چیبوون؟ خەڵکی ئەو ناوچانە چۆن قەرەبوو دەکرێنەوە؟
نەوزاد هادی: سەبارەت بەو لافاوەی کە دوێنێ و شەوی پێشووتر بە تایبەتی سنووری ناوچەی باڵاکایەتی و برادۆست و چەند شوێنێکی دیکەی گرتبووەوە، کە بەهۆیەوە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت زیانیان بەرکەتبوو، بە تایبەتی رێگاوبان و پرد و تۆڕی کارەبا و ئاو، لەگەڵ موڵک و ماڵی خەڵک، ئەمانە هەمووی بەسەرکراونەتەوە، هەم لەلایەن ئەو تیمانەی لەگەڵمان بوونە و پێشووتریش دەستبەکاربوونە، بۆ خاوێنکردنەوەی رێگەوبانەکان و چاککردنەوەی پردەکان و ئامادەکاری خێرا بۆ چاککردنەوەی تۆڕی ئاو کارەبا و دەستبەجێ هاوکاریکردنی خەڵکەکە و قەرەبووکردنەوەی بەشێک لەو هاووڵاتیانەی زەرەریان بەرکەوتووە، لەگەڵ سەرۆکی یەکە ئیدارەییەکانی ئەو ناوچانە هاوئاهەنگی بکرێت و بەهاناوە خەڵکەوە بچن، بەو پێیەی پێشبینی ئەوە دەکرا شەوی رابردوو بارانی زیاتر ببارێت، تیمەکان کارەکانی خۆیان کرد و شوێنەکانیان بەسەرکردنەوە، لیژنەکانیش دەستبەکاردەبن، کە ئەمەش هەر لەسەر فەرمانی بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، کە دوێنێ هەم بۆ پرسی لافاو، هەم رووداوەکەی بازاڕ لەنگە کارێکی خێرا بکرێت، بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەکان بکرێن.
رووداو: ئایا تاوەکو ئێستا ئەو لیژنانە دەستبەکاربوونە ؟
نەوزاد هادی: بەڵی، ئەو لیژنانە بەو پێیەی سەرۆکی یەکە ئیدارەییەکان لە شوێنی خۆیان دەستبەکارن، تیمەکانی دیکە لە بەڕێوەبەرایەتییە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کارەکانی خۆیان دەکەن، ئەو تیمانە لەو ناوچانە لە دوێنێەوە دەستبەکاربوونە.
رووداو: پێش هاتنی وەرزی سەرما و بارینی باران، بەشێک لە وەزارەتەکان رێکدەکەون لیژنە دروستدەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی کە بەهۆی کارەساتە سرووشتییەکان روودەدەن، وەک ئەوەی لە سنووری حاجی ئۆمەران دوێنێ روویدا، ئایا کاری ئەو لیژنانە پێشتر چی بووە؟ ئایا ئەو لیژنانە بۆ ئەمساڵ پێکهێندرابوون؟
نەوزاد هادی: بێگومان ئەو لیژنانەی لەسەر ئاستی پارێزگا، ئێمە لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی لافاومان هەیە، ساڵانە کۆبوونەوەی خۆمان کردووە، ئامادەکارییەکان پێشتر کرابوون، فەرمانگە پەیوەندیدارەکان هەریەکە و ئەرکی خۆیان جێبەجێکردووە.
یەکێک لەو هۆکارانەی وایکردووە زیانەکان کەمببێتەوە، بە تایبەتی لە دۆڵی روستێ، تیمەکانی ئاودێری ئەو دۆڵەیان بە تەواوەتی پاککردبووەوە، لە بەهاری ساڵی رابردوو بەهۆی لافاوەوە بەردێکی یەکجار زۆری لە شاخی بەنی هەڵگورد هێنابووە خوارەوە، بۆیە ئەمساڵ زەرەرەکان زۆر کەمتربوونە لەبەر ئەو کارانەی کە کرابوون، لەنێو شاریش تیمەکانی شارەوانی و ئاوەڕۆ و بەرگری شارستانی و ئەوانەی پەیوەندیدارن لەو بابەتانە، هەموو ئەرکەکانی خۆیان کردبوو، بۆیەش لە سەنتەری شاردا ئەو زەرەرو زیانە بە خەڵک نەگەیشت، بەڵام لە ناوچەی باڵەکایەتی و برادۆست بارانێکی یەکجار زۆر باری، خەڵک بینیان ئاستی رووبارەکان بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە، یەکێک لەو کێشانەی لە ناوچەکانی باڵەکایەتی و برادۆست هەیە ئەوەیە خانووەکان لە نزیک ئاوەڕۆکان دروستکراون، ئەو شوێنانە پێشووتر یان شوێنی ئاشێکی ئاو بوونە، یان خەڵک دوورتر خانووی کردووە، چونکە ئاوەڕۆ رووبارەکان دیارە کاتێک نزیک دەبێتەوە زیان بە ناوچەکە دەگەیێنێت، رەنگە لەوەرزێکدا، لە تەوژمە بارانێکی وا بەخووڕدا، بۆ ماوەیەکی کەم ئاوەکە بەسەر بکەوێت و زیانیان پێبگەیێنێت.
بەشێکیش لەو کێشانە، ئەو هەموو ئاوەدانییە زۆرەی ماشائەڵڵا دروستبووە، بەشێک لەوانە لە نزیک ئاوەڕۆیەکانن، بۆ نموونە گوندەژۆر خانووەکان هەر لەسەر رووبارەکان دروستکراون.
رووداو: لێکۆڵینەوەکان لەبارەی سووتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر بەکوێ گەیشتووە، هۆکاری گڕگرتنی ئەو بازاڕە چییە؟
نەوزاد هادی: بەداخەوە بۆ کەوتنەوەی ئەو ئاگرە، پێشتر بازاڕی لەنگە لە شوێنی داون تاون بوو، چەند جارێک ئاگر لە کەپرەکان دەکەوتنەوە، بەڵام بۆ ماوەی 10 ساڵ دەبێت هیچ رووداوێکی نەخوازراو لە بازاڕی نوێی لەنگە نەبووە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە درەنگانی شەوی رابردوو لە بازاڕی لەنگە روویدا، زۆربەی بۆچوونەکان لەسەر ئەوەیە ئاگرکەوتنەوەکە بە هۆی شۆرتی کارەباوە بووە، بەو هۆیەش زەرەر و زیانێکی زۆر بەر دووکاندار و کاسبکارەکان کەوت، ئەمڕۆ لەگەڵ کاسبکارەکان دانیشتین، دوێنێ بە فەرمانی کاک نێچیرڤان بارزانی تیمێکی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی بازڕەکەیان کردووە، دەستبەجێ رۆژی یەکەم تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و قائیمقامی هەولێر و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کە شارەوانی بووە لەگەڵ خەڵکەکە هاوکاریان کردووە، ئەمڕۆ لەگەڵ کاسبکارەکان و ئەنجوومەنەکانیان لەوێ لەسەردان و بەسەرکردنەوەی شوێنەکە بوونە، کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ و بە پەلە دراوە، خواستی ئێمەش ئەوەبووە کاسبکارەکان زوو بەشێوەیەکی خێرا بگەڕێنەوە سەر بازاڕەکەی خۆیان و دەست بە کاسبی خۆیان بکەنەوە.
ئەو رێککارانەی پێویستە لەسەر ئێمە و حکومەت کە دەکرێت، ئەوەبوو بڕیاردرا دەستبەجێ دووکانەکانیان چاکبکرێتەوە، خزمەتگوزارییەکانیان لە ئاو، کارەبا و ئاوەڕۆ بۆری ئاگرکوژێنەوە بهێننە ژوورەوە، بۆ ئەوەی پێویست نەکات ئامێرەکان ببردرێنە ژوورەوە، ئێمە وەکو حکومەت ئەمە دەکەین، بۆ قەرەبووکردنەوەشیان لەلایەن لیژنەکانەوە دیراسەت دەکرێت، بەڵام ئەوەی بە پەلە و هەموو لایەک لەسەری کۆکین خێرا بازاڕی لەنگە لە جێ و شوێنی خۆی نۆژەنبکرێتەوە و خەڵکە کاسبکارەکە بچێتەوە سەر کاسبی و کاری خۆیان.
رووداو: باس لەوە دەکرێت بازاڕی لەنگە بەشێوەیەکی مۆدێرن نۆژەندەکرێتەوە، دووکاندارەکانیش پەلەیانە لەوەی زوو بچنەوە سەر دووکانەکانیان و دەست بە کاسبی خۆیان بکەنەوە، ئایا بە چ شێوەیەک ئەو بازاڕە نۆژەندەکرێتەوە؟
نەوزاد هادی: لەسەر داوای دووکاندارەکان، خۆیان دووکانەکانیان نۆژەندەکەنەوە، رەنگە بەشێکی بەرزتربکرێتەوە، کە ئەمە داوای کاسبکارەکان خۆیان بووە، ئێمەش دەستبەجێ لەگەڵ شارەوانی رەزامەندیمان پێداون، ئەوان کاری خۆیان دەکەن، ئەو خزمەتگوزاریانەی لەسەر ئێمە دەبێت بە شێوازێکی دیکە و باشتر دەبێت، بۆ نموونە تۆڕی نیشتمانی و کارەبای موەلیدەکان تێکەڵ یەکتر نەکرێن، کە زۆرجار بەشێکی زۆر لە گرفتەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، رێکخستنی ئەو تۆڕەش لەلایەن ئێمەوە وەکو حکومەت دەکرێت لەسەر فەرمانی بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەت بەپەلە ئەو خزمەتگوزارییەیان بۆ دابین بکرێت، بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو تیمانەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بۆیان جێبەجێ دەکەین، بەڵام کاسبکار و دووکاندارەکان خۆیان دووکانەکانیان بە خێرا چاک دەکەنەوە بەو شێوازەی کە خۆیان مەبەستیانە.
رووداو: بەشێک لە راگەیاندنەکان دەڵێن بە ئامانج بازاڕی لەنگەی هەولێر سووتێنراوە، بۆ ئەوەی شوێنەکەی بکرێتە باڵەخانەیەکی بازرگانی، تۆ وەکو پارێزگاری هەولێر لەسەر ئەو دەنگۆیانە چی دەڵێی؟
نەوزاد هادی: بەداخەوە خەڵکی راگەیاندنکار یان هەر دەزگایەکی راگەیاندن هەواڵی بێ بنەما بڵاوبکاتەوە، بە تایبەتیش شتێک کە گومان بۆ ژیانی خەڵک و کاسبی خەڵک دروستدەکات و دڵەڕاوکێ دروستدەکات، لە راستیدا ئەمە تاوانێکە ئەنجامی دەدەن، چونکە ئەو بازاڕە جێ و شوێنی ئەو کاسبکارانەیە کە کاتی خۆی بڕیاری گواستنەوەیان درابوو، بە دڵنیاییەوە ئەمە هەر شوێنی ئەوان دەبێت و هەر ئەوان کاسبی تێدا دەکەن، بە پێچەوانەوە حکومەت زۆر نیگەرانە لەوەی کاسبکارەکان زەرەرمەند بوونە، چونکە ئامانجی حکومەت هەمیشە خۆشگوزەرانی خەڵکە، کاسبکارانمان بتوانن لە کەشوهەوایەکی ئارامدا ژیان بەسەر ببەن، ئێستا هەموومان شانازی بەوە دەکەین هەولێرمان لە نێوان هەموو شارەکانی دونیا لە ریزبەندی پێنجەمین شاری ئارامی دونیایە، ئەمە بۆ هەموومانە، بۆ خەڵک بۆ حکومەتە، حکومەتیش ئامانجی خزمەتکردنی خەڵکە.
بازاڕی لەنگە یەکێک لە بازاڕە باشەکانە، هەر گەشتیارێک بێت، دەبێت بچێتە ئەو بازاڕە سەرنجڕاکێشە، بۆیە بە دڵنیاییەوە دەڵێین ئەم بازاڕە لە شوێنی خۆی دەبێت و کاسبکارەکان دەیکەنەوە، حکومەت هەموو هاوکارییەکیان لە شێوازی باشتر کاسبیکردنیان و مانەوەشیان لەوێ دەکات.
رووداو: چۆن قەرەبووی ماددی ئەو دووکاندارانە دەکرێتەوە، ئایا زیانەکان لە رووی ماددییەوە تاوەکو ئێستا چەند بووە؟
نەوزاد هادی: ناتوانرێت ئێستا خەمڵاندن بۆ زیانەکان بکرێت، وەکو لەگەڵ کاسبکارەکان باسمانکردووە، هەنگاو بە هەنگاو بۆ بابەتەکە دەچین، گرنگترین شت ئەوەیە چۆن بازاڕەکە بەکاربکەوێتەوە، چونکە کرێچی تێدایە خاوەن موڵکی تێدایە، عارەبانچی و خاوەن مێزی تێدایە، بابەتەکان جیاوازن، ئەو هەڵسەنگاندنە جارێ زووە دەستبەجێ دیاریبکرێت، بەڵام بە بەدڵنیاییەوە حکومەت هاوکاریان دەبێت تەنانەت لەوەی زەرەریان بەرکەوتووە، جیا لە خێرا هاوکاریکردنیان لە چۆنیەتی نۆژەنکردنەوەی دووکانەکان و دەستکردنەوە بە کاسبییەکەیان، لەو بەشەش حکومەت هاوکاریان دەبێت، بۆیە لەگەڵ ئەنجوومەنەکانیان دانیشتن دەبێت و دیراسات دەبێت.
رووداو: کەی پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر خێزانەکان دەستپێدەکات؟
نەوزاد هادی: ئەوە روونە کە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی ساڵانێکە دوای هاتنی داعش و نەمانی پاڵاوگەی بێجی، ئەو پرۆسەیە لە هەرێمی کوردستان راگیرابوو، بۆ دوو ساڵ دەبێت عێراق هاوکارییەکی کەممان دەکات، کە کەمتر لە 10%ـی بەرمیلێک بۆ هەموو هەرێمی کوردستان هاوکاری کردوینە، ئەو پرۆسەیەش بەردەوام بووە، بۆ ئەمساڵیش هەوڵێکی زۆردرا، بە سوپاسەوە لە بەغدا بڕیاری زیادکردنی بڕەکە چووەتە بواری جێبەجێکردن، ئەو بڕە سووتەمەنییەی کە دەگات، ئێستا بەشێکی لەناو شاری هەولێر دەست بەدابەشکردنی کراوە، لە گەڕەکی سەیداوەی شاری هەولێر، بەشەکەی دیکە لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی کراوە، واتە ئەو پرۆسە بەو دوو بەشەی کە دەڕوات، هەم لەنێو شار و هەم لە دەوروبەری هەمیش لە ناوچە شاخاوییەکان، رۆژانە ئەو سووتەمەنییەی دەگات، دابەشیدەکەین.
رووداو: شەقامی 150 مەتری هەولێر کە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ؟ قۆناخی کۆتایی شەقامی 120 مەتری کەی کۆتایی دێت؟ تونێلی پیرمام کەی دەکرێتەوە؟
نەوزاد هادی: ئەو گرێبەستەی هێمن گرووپ لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی کردوویەتی بۆ دروستکردنی شەقامی 150 مەتری، دەستپێکی کارەکەیان لە شەقامی بەحرکە بۆ کەسنەزانە، کە ئێستا لە نێوان شەقامی کەسنەزان بۆ سەلاحەدین کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە، سەبارەت بە شەقامی 120 مەتری لە رێگەی کەسنەزان بۆ رێگەی کەرکووک لە کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی پێدێت، بەشەکەی دیکەی 120 مەتری کە لە کەرکووکەوە بۆ موسڵە لەلایەن کۆمپانیای ئینجیلەری تورکی دروستدەکرێت، بەردەوام شارەوانی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە لە دانوستاندایە بۆ چۆنیەتی دەستپێکردنەوە یان کشانەوەیان، هێمن گرووپ ئامادەیە رێگاگە تەواو بکات.
تونێلی پیرمام تاوەکو دەروازەی کۆڕێ، بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە و رێگەوبان کاری تێدا دەکات و کۆمپانیاش تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئەو تونێلە تاوەکو دەروازەی کۆڕێ دەکرێتەوە.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ