د. سادق زیباکەلام: کورد پێشەنگی خۆپێشاندانەکانی ئێستای ئێرانن

27-09-2022
هیدایەت جان
د. سادق زیباکەلام، نووسەر و مامۆستای زانکۆی تاران لە ئێران
د. سادق زیباکەلام، نووسەر و مامۆستای زانکۆی تاران لە ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نووسەر و مامۆستایەکی زانکۆ لە ئێران دەڵێت، کورد پێشەنگی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێستای ئێرانن و بە گوتەی ئەو خۆپێشاندانەکان لە شارە کوردییەکانەوە فراوان بوون، "حکومەت تووشی شۆک بووە، لەبەر ئەوەی وایدەزانی چەند رۆژێکە و کۆتایی دێت، بەڵام ئەوە 11 رۆژە بەردەوامە و فراوانتریش دەبن."
 
لەبارەی تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، [رۆژی سێشەممە 27-09-2022] د. سادق زیباکەلام، نووسەر و مامۆستای زانکۆی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "ئێران بەو تۆپبارانانە دەیەوێت بڵێت سەرچاوەی کێشەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستانەوەیە، ئەوەش لە کاتێکدایە هەمووان دەزانین سەرچاوەی کێشەکانی ئێران، حکومەت و دەسەڵاتدارانن."
 
د. سادق زیباکەلام لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە هەوراز گوڵپی، پێشکێشی کرد، تیشکی خستە سەر خۆپێشاندانەکانی 11 رۆژی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و گوتی، "لەگەڵ ئەو هەموو مەترسیەی هەیە، خۆپێشاندانەکان بەردەوامن، خۆپێشاندەران سڵ لە کوشتن و بریندارکردن و دەستگیرکردن ناکەنەوە و شەوان دەڕژێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی دەردەبڕن."
 
ئەو نووسەر و مامۆستایەی زانکۆی ئێران لە تارانی پایتەختی وڵاتەکەیەوە گوتیشی، "حکومەت ویستوویەتی بەرامبەر خۆپێشاندەران هەندێک دان بەخۆیدا بگرێت و زیاتر هەوڵیداوە بڵاوە بە جەماوەر بکات. جێگرەوەش کە هیوادارم دەستی بۆ نەبەن، کوشتوبڕی بەربڵاوە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. سادق زیباکەلام:
 
رووداو: خۆپێشاندانەکانی ئێران و دۆخی ئێستای ئەو وڵاتە چۆن لێکدەدەیتەوە؟
 
سادق زیباکەلام: پێموایە خاڵی هەرە لەپێشینە ئەوەیە کە سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هیچ شێوەیەک ئامادەیی نەبوو بۆ ناڕەزایەتییەکی لەو شێوەیە و بەسەرداکەوت، ئەوە رەنگە گرنگترین دەستەواژە بێت کە بۆ کاردانەوەی حکومەت بەکاری بهێنین؛ لەبەرئەوەی حکومەت وایدەزانی ئەو ناڕەزایەتییانە سنووردارن و لە ماوەی یەک دوو رۆژدا تەواودەبن، بەڵام ئێستا 11 رۆژە، دروستترە بڵێم ماوەی 11 شەوە بەردەوامە، واتە رۆژانە ناو شارەکان ئارامن، بەتایبەت شارە گەورەکان، مرۆڤیش وا بیردەکاتەوە ئیدی تەواو بووە و بابەتەکە کۆتایی پێهاتووە، لانیکەم حکومەت وا بیردەکاتەوە ئیدی کۆتایی پێهاتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی تاریک دادێت، کاژێر 08:00 و 09:00 شەو لە تاران کە من دەیبینم، لە هەندێک ناوچەی رۆژئاوا و رۆژهەڵات و باکوور و باشووری تاران، خەڵک دێنە دەرەوە و سەرباری ئەو مەترسییەی هەیە، هەر لە مەترسیی تەقەکردن و برینداربوون تاوەکو مەترسیی دەستگیرکردنیان، دیسانیش دێنە دەرەوە و ناڕەزایەتی دەردەبڕن و دژی حکومەت دروشم دەدەن. هەرچەند لە هەندێک لە شارەکان، لەوانە شارە کوردنشینەکانی ئێران، وەکو سنە و مهاباد و شنۆ و سەقز و دیواندەرە، ئەو خۆپێشاندانە بەرچاوترە و خەڵکێکی زیاتر هاتوون و ناڕەزایی دەردەبڕن. بە هەمان ئەو رێژەی بەشداریکردنە، خەساری ئەو ناوچانە زیاتر بوون، ئەو خەسارانەی لە سنە و سەقز و دیواندەرە و شنۆ بووە، زۆر بەرز بووە، بەڵام سەرباری هەموو ئەوانە وا پێدەچێت لانیکەم لە ماوەی ئەو 11 رۆژەدا هیچ نیشانەیەک نابینرێت کە دەریبخات خەڵک ماندوو بوون و داویانەتە دەستەوە و دەڵێن، ئیدی هەرچەند ناڕەزایەتی دەرببڕین، هیچ سوودێکی نییە. نا بەو شێوەیە نییە و ئەوەی روودەدات ئەوەیە کە ئەمشەویش دووبارە هەمان شت روودەدات. ئەمڕۆ کە سێشەممەیە و کاژێر 09:30 بەیانییە لە تاران و پشووی فەرمییە، بەڵام بێگومان ئەمشەویش دیسان پێدەچێت خۆپێشاندان بکرێتەوە و خەڵکی بێنە دەرەوە. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە بەردەوام کۆمەڵێک شاری زۆر دێنە ریزی خۆپێشاندانەکانەوە، واتە هەموو رۆژ و هەموو شەوێک ئێمە دەبینین شارێک یان دوو شاری نوێ کە پێشتر شتێکی ئەوتۆیان لەناودا روونەدابوو، ئەوانیش دێنە ناو ریزی خۆپێشاندەران. بۆ نموونە لە ماوەی سێ بۆ چوار شەوی رابردوودا شیراز و ئیسفەهان هاتنە ناو ریزەکەوە.
 
رووداو: پێتوایە چارەنووسی خۆپێشاندانەکان چی دەبێت و تاوەکو کەی بەردەوام دەبن؟
 
سادق زیباکەلام: پێموایە جگە لە خودا هیچ کەسی دیکە ناتوانێت بە دروستی بڵێت چی روودەدات، باسم کرد کە هەموومان و بەتایبەت حکومەت، پێمانوابوو کە وردە وردە خەڵک ماندوو دەبن و دۆخەکە دادەمرکێتەوە، بەڵام ئێستا 11 شەوە ئەو بابەتە رووینەداوە. وا پێدەچێت و بە ئەستەمی دەبینین وا بە سانایی دامرکێتەوە، بێگومان چەند شەوێکی دیکەش درێژەی دەبێت و بە دڵنیاییەوە پێش دامرکانەوەی شایەتی خۆپێشاندانی زیاتر و بەربڵاوتر دەبین. رووداوێکی گرنگ کە رەنگە رووبدات و ئەگەریش روویدا دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان و سەرجەم هاوکێشەکان تێکدەدات، مانگرتنەکانە. زانکۆکان پەیوەستی ئەو ناڕەزایی و مانگرتنانە بوون، خوێندکارانی زانکۆ پەیوەست بوون، ئەگەر دامەزراوە دەوڵەتییەکان و کۆمپانیا گەورەکان کە دەنگۆی هەبوو، مان بگرن و پەیوەستی رەوتەکە ببن، ئەوکات چارەنووسی ئەو ناڕەزایەتییانە بە دڵنیاییەوە دەگۆڕێت.
 
رووداو: حکومەت دەبێت چی بکات بۆئەوەی دۆخەکە هێور ببێتەوە و نەگاتە مانگرتن، جگە لە بەکارهێنانی هێز و تووندوتیژی، بژاردەکانی بەردەمی چین؟
 
سادق زیباکەلام: حکومەت لە لایەکەوە هەوڵیداوە ئەو هەڵسوکەوتەی لە خەزەڵوەری ساڵی 2019 کردی، دووبارەی نەکاتەوە و دەست بۆ کوشتوبڕی گەورە نەبات، بەتایبەت لە شارە گەورەکانی وەکو تاران، ئیسفەهان و شیراز و مەشهەد. حکومەت ویستوویەتی هەندێک دان بە خۆیدا بگرێت و زیاتر هەوڵیداوە بڵاوە بە جەماوەر بکات. شوێنگرەوەش کە هیوام وایە دەستی بۆ نەبەن، کوشتوبڕی بەربڵاوە. ئەوە شوێنگرەوەیەکی حکومەتە. شوێنگرەوەیەکی دیکەش ئەوەیە هەوڵ بدات هەندێک بیر لەوە بکاتەوە کە "چی بکرێت؟" بۆچی بەو شێوەیەی لێهاتووە؟ بۆ ئەوەندە بوغز و رق و تووڕەیی بەتایبەت لە ناخی نەوەی گەنجدا پەنگی خواردووەتەوە؟ بەڵام لەوە دەترسێن ئەگەر بەرەو ئەو بابەتە و بەرەو دۆزینەوەی رێگەچارە دوورمەوداکان بڕۆن، رەنگە ئەوە هاندەر بێت و گرووپگەلی دیکە و شارگەلی دیکە پەیوەستی ناڕەزایەتییەکان ببن، پێموایە حکومەت واقی بەدەم ئەوەوە وڕماوە کە چ رێگەچارەیەک و کامە بژارە بگرێتەبەر. زیاتر ئارەزووی ئەوە دەکات کە خەڵک ماندوو ببن و وردە وردە ناڕەزایەتییەکان کەم ببنەوە.
 
رووداو: ریفۆرمخوازەکان لەسەر ئاستی بەرپرسەکان و هەمیش لەسەر ئاستی لایەنگرانیان، لە کوێی دۆخەکەدان؟
 
سادق زیباکەلام: ماوەیەکی زۆرە ریفۆرمخوازەکان ئەو رۆڵە سیاسی و کۆمەڵایەتییە، یان دروستتر بڵێم، ئەو بەها سیاسی و کۆمەڵایەتییەی هەیانبوو، بەتایبەت لەناو توێژی خوێندەواردا، لەدەستیانداوە و بە کردەوە ئەو گەنجانەی لەم شەوانەدا لە شارەکانی ئێران دێنە سەر شەقام و ناڕەزایی دەردەبڕن، حورمەت و بەهایەکی ئەوتۆیان بۆ ریفۆرمخوازان و کەسایەتییەکانی ئەو رەوتە، وەکو خاتەمی و کەسانی دیکە نییە. لەگەڵ ئەوەی ئەو سەرکردانەی ناو ریفۆرمخوازەکان لەترسان بێت یان کۆنەپارێزبن، یاخود بە هەر هۆیەکی دیکە هەوڵیانداوە بێدەنگبن و وا پێشانی بدەن کە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان نین. بۆیە ئەگەر بە کورتی وەڵامی پرسیارەکەت لەبارەی ریفۆرمخوازان و ناڕەزایەتییەکان بدەمەوە، دەبێت بڵێم، ریفۆرمخوازەکان جێگەیان لە هیچ شوێنێکی ئەو ناڕەزایەتییانەدا نابێتەوە.
 
رووداو: هەندێک دەڵێن ئەمە شۆڕشە بۆ گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران، بۆچوونی تۆ چییە؟
 
سادق زیباکەلام: ئێستا زۆر زووە بۆئەوەی بڵێین ئەوە شۆڕشێکە و دەبێتە هۆی رووخانی رژێم. بەدڵنیاییەوە ئەوە روونادات و رژێم پتەوتر و لەسەرپێتر و شێلگیرترە لەوەی بڕووخێت، بەڵام دوو پرسیاری گرنگتر دێنە پێشەوە، یەکێکیان ئەوەیە کە ئاخۆ لە بنەڕەتەوە ئەگەر داماننا رژێمیش رووخا، ئایا ئەوە بژارێکی شیاوە کە ئێمە بەرەو ئەوە بڕۆین شۆڕشێکی دیکەی وەکو شۆڕشی ئیسلامی "22ی رێبەندانی ساڵی 1358" دووبارە بکەینەوە؟ ئایا ئەو شۆڕشە سەرکەوتوو بوو؟ ئایا ئەو شۆڕشە توانیی لە ئێران دا بەرەو دیموکراسی و سەروەری یاسا بڕوات؟ وەڵامەکەی نەخێرە. ئێستا هەر وێنایەکمان لە شۆڕشی ئیسلامی هەبێت، نەبوو بە هۆی دامەزرانی سیستمێکی دیموکراسی لە ئێران و یاسا سەروەر نەبوو، بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە، ئەو شۆڕشە دەبێتە هۆی دروستبوونی حکومەتێکی دیموکرات و یاسا سەروەر؟ من زۆر بە گومانم.
 
رووداو: ئەو خۆپێشاندانانە چ کاریگەرییەکیان دەبێت لەسەر مافی پێکهاتەکان بەگشتی و بەتایبەتیش مافی کورد؟
 
سادق زیباکەلام: ئەگەر کەسێک بڵێ رۆڵی کوردەکان لەو ناڕەزایەتییانە پێشەنگایەتی بووە، پێموایە قسەیەکی هەڵەی نەکردووە. بەڕاستی شارە کوردنشینەکان و شارە کوردنشینەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، بەڕاستی پێشەنگ بوون و رەنگە ناڕەزایەتیی کوردەکان بووبێتە هۆی ئەوەی لە شوێنەکانی دیکە خەڵک بێنە سەر شەقام، بەڵام راستییەکە ئەوەیە، لە ماوەی 43 ساڵی رابردوودا هیچ هەنگاوێکی کاریگەر لە ئاراستەی گەشەکردنی سیاسی و بەشداریی زیاتری کوردان لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نەنراوە.
 
رووداو: پەیامەکانی ئێران لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە چییە؟
 
سادق زیباکەلام: پێموایە هەرێمی کوردستان و گروپە کوردەکان، جا پژاک یان کۆمەڵە یان حزبی دیموکراتی کوردستان، لە بنەڕەتەوە هیچ رۆڵێکیان لەو رووداوانەدا نەبووە، پێشموایە هێرشی درۆن و تۆپبارانکردنی ناوچە کوردنشینەکانی هەرێمی کوردستان جێی داخە، لەبەرئەوەی تەنیا زمانێک کە کۆماری ئیسلامی لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە دەیزانێت، ناردنی مووشەک و درۆن و تۆپ و تانکە. لە کاتێکدا ریشەی کێشەکان لە نێوخۆی ئێراندایە و ئەوەش بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتییە و وا نیشاندەدات کە سەرچاوەی کێشەکان هەرێمی کوردستانە. بەڵام هەموومان دەزانین سەرچاوەی کێشەکان کردار و سیاسەتەکانی خودی کۆماری ئیسلامییە لە ماوەی 43 ساڵی رابردوودا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە