مەلا بەختیار: بە ژەهرخواردکردنمەوە کە یەکێتی کردی، 8 جار هەوڵی کوشتنم دراوە

26-01-2025
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
مەلا بەختیار لە رۆژی هیوا جەمال قسە دەکات
مەلا بەختیار لە رۆژی هیوا جەمال قسە دەکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەلا بەختیار بۆ رووداو ئاشکرای دەکات، لەنێو یەکێتیدا هەوڵی کوشتنی دراوە لە رێگەی ژەهرخواردن، جەختیش دەکاتەوە "رۆژێک ئاشکرای دەکەم کە وەکو قومبەلە بتەقێتەوە". 
 
مەلا بەختیار، سیاسەتڤان و رۆشنگەر، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژی هیوا جەمال، جەختیکردەوە لەوەی رەخنەی زۆری لە سیاسەتی یەکێتی هەیە "و، جیاوازیی زۆرم لەگەڵ هەڵوێستەکانی هەیە، بەڵام هەرگیز ناکەومە دژایەتیکردنی و ناچمە بەرەیەک لەدژی یەکێتی". 
 
لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان، مەلا بەختیار روونیکردەوە "پێشتر و ئێستاش بە بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستانم گوتووە دەبێت کێشەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن". 
 
مەلا بەختیار لەو هەڤپەیڤینەدا، باسی دەستبەکاربوونەوەی ترەمپ، دۆخی سووریا، ململانێکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا و چەند بابەتێکی دیکەش دەکات.

دەقی هەڤپەیڤینەکە: 

رووداو: دەمەوێ بۆچوونت لەبارەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ و دەستپێکردنەوە و ستراتیژیی ترەمپ بەتایبەتی لە جیهان و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بزانم.
 
مەلا بەختیار: زۆر سوپاس بۆ چاوپێکەوتنەکەت، بە داوای لێبوردنیشەوە بەڕاستی پێنج، شەش مانگە جەنابت پەرۆشیت، بەڵام وەکو خۆت فەرمووت، نەمدەزانی چی بڵێم. دۆخەکە، زۆر رۆتین بوو، داخراو بوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە کراوەتەوە. سەبارەت بە ترەمپ، رەنگە بۆچوونێکی جیاوازم لە خەڵکی دیکە هەبێت، ترەمپ ئەمە نییە بە هەڵبەز و دابەز بڕیار بدات، ئەمە ئەم جۆرە عەقڵیەتی سیاسی حوکمڕانی لە لووتکەی یەکێک لە گەورەترین دەوڵەتەکانی دونیا، ئەمە زادەی دونیای جیهانگیرییە، لە دونیای جیهانگیری بەرژەوەندییەکان تێکپرژاون، جەمسەرەکان هێشتا ساخ نەبوونەتەوە، لەم لاوە ئەمریکا لەولاوە یەکێتیی ئەورووپا، لەولاوە برێکس لەنێوان چین و سۆڤێت و 15، 16 وڵات لە دەوریانن، ململانێکان مەترسیی گەورەیان پەیدا کردووە لەسەر بەرژەوەندییەکان. زۆر کەمتر لەم کێشانەی ئێستای دونیا لەسەر ئابووریی سیاسی جەنگی لەسەر بەرپا دەبوو، ئێستا کێشەکان زۆر زۆر زیاترن لەسەردەمی جەنگی یەکەم و جەنگی دووەم و جەنگی سارد، کەچی شەڕی سەربازی روونادات، بەڵام ترەمپ قەرەبووی ئەوە دەکاتەوە، بەم بڕیارانە بەم نەهجە ئەمریکییە، ترەمپ هەموو بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی ئەمریکا چڕدەکاتەوە لەم بڕیارانەی ئێستا بۆ ئەمریکای دەدات. من زوو وتارێکم لەسەر ترەمپ نووسی هەر یەکەم رۆژ کە دەرچوو، دووەم رۆژ وتارێکم لەسەر نووسیوە، لەو رۆژانەدا چاودێر دیسان وتارەکەیان لێدایەوە، چونکە وتارەکەی خوێندەوە، لە دوای سوێندخواردن هەر ئەو قسانە بوو کە من کردبووم لە وتارەکەدا، رێک ئەوانەی گوتەوە بە شێوەیەکی ترەمپی.
 
رووداو: یانی ئەوەی دەڵێن بۆ نموونە ئەوەی ترەمپ بڕیاری لێدەدا و دەیکات، ئەوە رۆحی ئەمریکایە؟
 
مەلا بەختیار: رۆحی ئێستای بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەمریکایە، لە هەموو دونیا و لە ناوخۆی ئەمریکاش دا، بەڵام ئەو وەکو سەرۆکی ئەمریکا، زۆر گرنگە ئێستا لەو دونیایە. سەیرکە هەر دوو رۆژ دوای  دەرچوونەکەی، جێنشینی شای سعودیە، بڕیاریدا پەیوەندیە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئەمریکا  بگۆڕێت، تا 600 ملیار دۆلار عەربوونی دا، پارەیەکی زۆر زۆرە. 
 
رووداو: کەواتە ئەو رۆحەی ئەمریکا چ کاریگەرییەکی لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا دەبێت؟
 
مەلا بەختیار: زۆر دەیبێت، لە رووی سیاسی و ئابووری، لە رووی دیزایینکردنی هەندێک سیستم و دەسەڵاتەوە، چارەسەرکردنی هەندێک کێشەکان و یەکلاییکردنەوەی هەندێک لە کێشەکان، پێموایە دەمێکە موتابەعەی من دەکەی کە گوتوومە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکوڵێت، دووگیانە بە گۆڕانکاری، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو گۆڕانکارییە، ئەمە قسەی چوار ساڵ لەمەوبەرمە، ئێستاش دەیڵێمەوە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کوڵینەکەی خەریکە لێی دەڕژێ و بەرگە ناگرێ، بۆیە دەبێت دەرچەی بۆ بدۆزنەوە و چارەسەری بکەن، چارەسەرەکەش دەرکەوت بەم حکومەتە لۆکاڵی و نیشتمانی و پاشایەتی و ئەمانە، تەنها دەردی خۆیان دەتوانن چارەسەر بکەن، ناتوانن ئەو جیهانبینییە نوێیە کە لە دونیا دەگوزەرێ، وەربگرن و ستراتیژێک بۆ خۆیان داڕێژن، بۆیە دیسانەوە سەیرکە؛ ئەمە خاڵێکە رەنگە خاڵێکی تازە بێ بیڵێن، دیسانەوە چارەنووسی دونیا کەوتەوە دەست زلهێزەکانی دونیا.
 
رووداو: کەواتە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، ترەمپ یان ئەمریکا هاوبەشی هەیە؟
 
مەلا بەختیار: هاوبەشی هەیە، هاوبەشی ئابووریی زۆرە، بەڵام کۆسپە سیاسی و ئەمنی و تێنەگەیشتنەکان لە دونیای جیهانگیری و بازاڕی ئازاد کە 25 ساڵە هەیە، وردە وردە لایدەبەن. لە هەندێک شوێن دا بە هێز لە هەندێک شوێن بە بڕیار.
 
رووداو: هەرچەندە رکابەریشی هەیە، بۆ نموونە چین رکابەریەتی لە کۆمەڵێک بواردا، رووسیا رکابەرێتی، ئەم رکابەرانەی ئەمریکا دەتوانن، بەربەست دروستکەن بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟ 
    
مەلا بەختیار: لەبارەی رووسیاوە، خۆزگە رووسیا ئەم شەڕەی ئۆکراینای نەکردایە، شەڕی ئۆکراینا ئێستا رەنگە بۆیان دەرکەوتبێ کە پەرژینێکی پتەوی لە دەوری رووسیا دروست کردووە، ناهێڵێت لەم دەرفەتانەی هاتوونەتە پێشەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێگەی خۆی بکووتێت، رووسیا دڵی زۆر خۆش بوو و بەرنامەی زۆری هەڵچنی بوو لەسەر ئەوەی لە سووریایە، بەڵام سووریا ئەو دۆخەی بەسەریدا هات و لەگەڵیدا، رووسیا و ئێران پێگەیان زۆر لاواز بوو. چین زۆر زیرەکانە سیاسەت دەکات. وەکو جاران نییە، چین لە دوای مردنی باوستۆنگ ستراتیژییان بریتییە لە چۆنیێتی دابینکردنی بەرژەوەندیی ئابووری.  ماوسوتۆنگ ستراتیژەکەی برەوپێدانی ئایدۆلۆژیایەکی شۆڕش بوو، شکستی خوارد. ئێستا چین لە ئابووریی بچووکەوە هەنگاوی ناوە، لە دروستکردنی سەدان ملیۆن بووکەشووشەی بچووکەوە هەتا دەگاتە ئابووری هەرە زلهێزی دونیا. چین خۆشی تووشی هیچ شەڕێک ناکات، بەڵام ستراتیژیی هەیە، لە دەریا، لە ئاسمان و سوپا، بەڵام یەک فیشەک ناتەقێنێت، یەدەگە سەربازییەکەی بۆ ئەوەیە چۆن بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بپارێزێت. ئەمریکا تائێستا وای دەنوێنێ یان لە سەردەمی جەنابی بایدن دا وای دەنواند چین هیچ ترسێکی لەسەر ئەمریکا و رێککەوتننامەی برێکسیش نییە کە رێککەوتنی زۆر گرنگە، 53%ـی  دونیا لەنێو ئەو رێککەوتنەدایە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا ئەوەی دەنوێنێت، بەڵام پێموابێ ئەم سیاسەتانەی ترەمپ دەیانگرێتەبەر و ئەو بڕیارانەی دەیاندات، بەڵگەی ئەوەن ترسیان لێ نیشتووە و لەسەر ئاستی دونیا دا کێبڕکێیەکی گەورەیان هەیە و لە لێوارێکدان کە دەبێ یەکلایی بکەنەوە، ئەم بەرژەوەندییانە بەڕاستی مەترسیان لەسەر نەبێت، مەترسیان زۆرە، مەترسیی چین لەوەدایە زلهێزە. رووسیاش خۆ نابێ چاوەڕێ بکەین رووسیا شەڕی ئۆکراینا بدۆڕێنێت. ئەمریکا دەزانێت و دەبێت بزانێت وڵاتی ئەتۆمی، شەڕی بچوک نادۆڕێنێت. 
 
رووداو: کەواتە ئەگەر وا بێت ترەمپ لەم یەک دوو رۆژەدا و پووتینیش باسی کردووە ئامادەن یەکدی ببینن، کەواتە دەتوانی بڵێی ترەمپ ئۆکراینا دەدۆڕێنێت بە رووسیا؟  
 
مەلا بەختیار: نا، بەڵام هەندێک لەو پێشکەوتنە سەربازی و بابڵێن دەستەبەری هەندێک جوگرافی ئۆکراینیا لە کریمیا و دەریای سوور، بە رێککەوتن دەیبات.
 
رووداو: باسی رووسیات کرد، رۆڵی کەم بووەتەوە لەگەڵ ئێران لە دوای سووریاوە؟ لە سووریا کێ دۆڕاندی؟ 
 
مەلا بەختیار: بەبۆچوونی من لە دوای بەعسی عێراق، سووریا دواقەڵای ناسیۆنالیزمی عەرەبی دۆڕاندی. ئاخر قەڵای ناسیۆنالیزمی شۆڤینیی عەرەب لە سووریا بوو کە بەشار و بەعسی بەشار بوو. دەرکەوت هیچ جیاوازییەک لە نێوان دوو بەعسدا نییە، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەم دوو بەعسانەدا نییە، هەردووکیان دیکتاتۆر و شۆڤێنی و تۆتالیتارن، سڵیان لە هیچ قەڵاچۆیەک، کوشتنێک و وێرانکارییەک نییە، چی جیاوازییەک لە نێوان سووریا و عێراق هەبوو؟ ئەسڵەن ئەم بەیانییە لێکۆڵینەوەیەکم لەبارەی زیندانەکانی سووریا، تلیاک فرۆشتن و ئەمانە خوێندەوە، سەدام ئەمەشی نەبوو. کاریگەریی تلیاکی نەبوو.
 
رووداو: فریای ئەوە نەکەوت...
 
مەلا بەختیار: رەنگە فریای ئەوە نەکەوتبێت، بەڵام کاکە ئەوەی لە زیندانە گەورەکەی ئەوان روودەدا باوەڕبکە لە سەردەمی هیتلەریش هەر وابووە، مەعقولە 60 هەزار کەس لەوێ کوژراوە، بە بەردەوامی هەموو هەفتەیەک 20 بۆ 25 کەس لە برسیێتیدا لەژێر ئەشکەنجە دا مردوون، یەکەم شکست، شکستی ئەوانە، دووەم شکست هەموو ئەو دەوڵەتانە بوون کە پێیان وابوو بەشار ئەسەد دەمێنێت و بەشێک دەبێت لەو ستراتیژییەی لە رۆژهەڵاتی نێوڕاستدا هەیە و کۆنترۆڵی هەندێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی پێ بکرێت، پێم وابێت ئەوانە لە پێش هەموویانەوە ئێران و رووسیا دۆڕان. 
 
ئێران ساکاوە، وەرە سەرۆکی کۆمار سەرۆکی خێزانی عەلەوی، وەرە کوڕی حافز ئەسەد وا هەڵبێت، براکەی خۆی نەکردبێتە فڕۆکەوە، من زانیاریی وردم هەیە، هیچ نەبێت سەدام، 9 بۆ 8 رۆژ پێش رووخانی بەعس، هەموو ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی کۆکردبووەوە و پێ گوتوبوون ئێمە لە لەنێوچوونین و بەرگری دەکەین، هەریەکێک لەوانە 10 بۆ 20 ملیۆن دۆلاری پێ دابوون و پێی گوتبوون بڕۆن دابەشبن بە عێراقدا و سەرکردایەتیی بزووتنەوەی موقاوەمە بکەن، تەبعەن بەرگریی (مقاوەمە) لە روانگەی سەدامەوە مەبەستمە، ئەمە ئەگەر مێژوو بنووسیتەوە و بەراوردی بکەی بە بەشار ئەسەد، سەدام دووربینتر و خۆڕاگرتر بووە و رۆحییەتی هەبووە بۆ بەرگرییکردن لە بەعس، ئەم براکەی خۆی پێ دەرباز نەکراوە. ئەمە رۆژگاری سیاسەتە کە پێموابێت وەزیری دەرەوەی ئێران باشترین گوزارشتی لێکرد کە سێ هەفتە لەمەوبەر گوتی 'هەرەسی سوپای سووریا بەوشێوەیە هۆشدارییەکە بۆ هەموو لایەکمان.'
 
رووداو: مەبەستی خۆشیانە؟
 
مەلا بەختیار: وای گوت.
 
رووداو: ئەوە دەنگۆیەک هەبوو بۆیە دواتر لەبارەی ئێرانیشەوە هەندێک قسە دەکەین، بەڵام با لە سووریا بمێنینەوە، ئێستا دۆخەکە چۆن دەبینی بەتایبەتی ئەم دەسەڵاتە نوێیەی سووریا و ئەم کارگێڕییەی کە ئەحمەد شەرع سەرۆکایەتیی دەکات و ئەو گرووپەی پێشتر گرووپێکی لە لیستی رەشی ئەمریکا و زۆر شوێنی دونیادا بوون، داهاتوویان چۆن دەبینی؟
 
مەلا بەختیار: یەکەم با ئەوە بڵێم ئەحمەد شەرع کارێکی زۆر عاقڵانەی کردووە کە زوو خۆی لە داو و تاوانی داعش رزگارکردووە، لە رەشەکوژی داعش خۆی رزگار کردووە، ئێستاش کە لە دەسەڵاتە، دەبێت بیسەلمێنێت مەبادئی ئەو جیاوازە لە مەبادئی داعش، بۆیە جیابووەتەوە لە داعش. کاتی خۆی زۆر کارێکی جوانی کردووە، دووەم خۆیان دەڵێن تاوەکو مانگی سێ حکومەتێکی راگوزەریان هەیە، ئەم حکومەتە راگوزەرە ناتوانین زۆر باری کەین، بارگاوی نەکەین، چونکە رەوشی سووریا زۆر شڵەشاوە، داهاتی وێرانە، وڵاتەکە وێرانە تائێستا 6 بۆ 7 ملیۆن سووری لە دەرەوەی وڵاتن و کێشەیان زۆر زۆرە. شەرع هەموو قسەکانی جوانن، مەدەنین، ئارامن و هەموو قسەکانی جوانن، بەڵام دوای مانگی سێ، دوای یەکی سێ دەبێت بزانین ئەم قسانە چەند دەچنە چوارچێوەیەکی یاساییەوە، ئێستا لە حاڵەتی قۆناخی راگوزەری تایبەتن، ئەی دوای ئەوە، دەستوور دەنووسن... رێککەوتنی سیاسی دەکەن بۆ ئەو دەستوورە؟ رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکەی سووریا نەکەن بۆ نووسینی دەستوور، کەواتە سووریا تووشی زیانی گەورە دەکەن و خۆشیان تووشی هەڵدێرێکی گەورە دەکەن. 
 
رووداو: پێشبینی دەکەیت؟
 
مەلا بەختیار: ئەم پیاوەم نەبینیوە، زانیاریم لەسەری نییە، چونکە وەکو گوتم یاخی بووە و کەمترین زانیاریی لەسەری هەیە. من پێموایە ئەم پیاوە تێگەیشتووە لەوەی لەم سەردەمەدا ئەو جۆرە دەسەڵاتەی هەندێک لە سەلیفییەکان بیری لێکدەنەوە، ناچێتەسەر، بۆیە زۆر باسی مەدەنیێتی و ئارامی دەکات، باسی یەکخستی سوپا و باسی ئەوە دەکات کە سووریا سووریای هەموو پێكهاتەکانە. باسی ئازادی دەکات، باسی ئەوە دەکات، ژن لە سووریا تەواوی مافی خۆی دەدرێتی و لە کارەکان سەرەکی دەبن، دیارە ئەفغانستانی لەبەرچاوە. خۆشی گوتی، نابینە ئەفغانستان. 
 
رووداو: ئەوەی ئێستا دەیبینی کورد لەمکاتەدا بارودۆخی چۆنە؟ بەتایبەتی کۆمەڵێک هەوڵ هەیە بۆ یەکخستنیان؟
 
مەلا بەختیار: من پێم وابێت، بەڕێز ئەحمەد شەرع، وەزیری هێزی چەکدارییان، وەزیری دەرەوەیان و هەموو کاربەدەستانی ئێستا لە سووریا دەبێت یەک راستی بزانن، ئەویش ئەوەیە؛ چۆن لە هەندێک شوێندا لەکاتی هاتنی داعش سوپای عێراق داڕما، پێشمەرگە رۆڵێکی گەورەی هەبوو، پێشمەرگە لە موسڵ، دیالە، کەرکووک رۆڵێکی گەورەی هەبوو، بۆیە دەبێت بزانن ئەم هێزە چۆن دروست بووە، بە ناشەرعیی نەزانن، ئەم  هێزە لە داڕمانی سوپای سووریا دروست بووە، ئەگەر سوپای سووریا نەڕووخابێت، بۆ 50٪ـی زیاتری سووریا لە کۆنترۆڵی سوپاکە لەدەستچوو؟ بۆ سوپایەکی 600 هەزاری گەیشتە 170 هەزار؟ ئەگەر سوپاکە نەڕووخابێت چۆن ئیدلب و دەوروبەری هەموو بەدەست ئەمانەوە بوو؟ 12 ساڵ بەدەستیانەوە بوو، چۆن خۆیان لە حاڵەتێکی تایبەتدا دروستبوون و توانییان بە پشتیوانی تورکیا و زۆر لە وڵاتانی دیکە کە لە ژێرەوە یارمەتییان دەدان، سەرکەوتووبوون. دەبێت ئەوان بزانن ئەو هێزەی لە رۆژئاوای کوردستانیش دروستبووە، دژی داعش لە هەموو ئەو رێکخراوە چەکدارانەی کە لەگەڵ بەڕێز ئەحمەد شەرعدان، قوربانییان زۆرتر داوە و توانیان ناوچەکە بە قارەمانانی شەڕەڤانەکانیان بپارێزن، ئێستا بارودۆخێکی دیکە هاتووەتە پێشەوە تورکیا وردە وردە خەریکە تێدەگات، بارودۆخەکە نوێیە و ئەو هەڕەشانەی کردی یان خۆتان بەدەستەوە بدەن، یان بە چەکەکانیان دەیاننێژین، کە جەنابی ئەردۆغان ئەم هەڕەشانەی کرد، هیچ نەبێت دوایخستووە. سوپاس کە دەرفەتێکی داوە، بزانێت بەرەو چارەسەر دەڕوات یان نا. ناردنی حەمید دەربەندی، نوێنەری جەنابی کاک مەسعود و دانیشتنی لەگەڵ ئەنەکەسە، پەیەدە و قەسەدە و ئەوانە و، هاتنی برای بەڕێز مەزڵووم کۆبانێ بۆ لای کاک مەسعود و دانیشتنیان، خۆی هەنگاوە بەرەو چارەسەر، رەنگە ئێمەومانانیش پەیاممان گەیاندبێت بە هەموولایەک، کە ئەم رێگەیەتان چارەسەرە. بۆ مێژوو دەیڵێم، یەکەمجار من، ساڵح موسلمی بەڕێزم بۆ سلێمانی بانگهێشت کرد. 
 
رووداو: کەی؟
 
مەلا بەختیار: 13 بۆ 14 ساڵ لەمەوبەر، کاک مەحموودی حاجی ساڵح لە کۆبوونەوەکە بووە، کاک عومەر ئەحمەد کە ئێستا بەرپرسی مەڵبەندی شارەزوورە لە کۆبوونەوەکە بوو، لەوێ دوو، سێ پێشنیارم بۆ کرد: یەکەم- تکایە، تکایە ئایدۆلۆجییەت بۆ ویژدان هەڵبگرن، ئایدۆلۆجییەت مەسەپێنن، ئیدارە خزمەتی دەوێت. دووەم- گوتم، سەردانی بەغدا، تاران و ئەنقەرە بکە، لە دەرگای دەوڵەتە گەورەکان بدە. گوتی 'چۆن بیکەین؟' ئەوەی بە ئێمە کرا، هاوکاریمان کرد و ئەنجاممان دا، ئەوکاتە و دوای ئەوەش زۆر پێداگر بووم لەسەر ئەوە، لەگەڵ ئەوان، قەندیل، پەیەدەش. کە بۆ قامیشلۆش رۆیشتم، پێداگیریم کرد و گوتم ئێوە یەک قوڕگتان هەیە، ئەو قوڕگە بەدەست پارتییەوەیە، قوڕگی ئابووری، بۆیە نێوانی خۆتان لەگەڵ پارتی چاک بکەن. رەنگە لە ژیانی خۆم دا لە دەرەوەی وڵات لە سووریا و لێرە، لایەنی کەم 30 بۆ 35 جار ئەمانەم بینیوە و ئەو قسەیەکم بۆ کردوون، پێم گوتوون ئەگەر کێشەکانتان لەگەڵ پارتی چارەسەر نەکەن، ئێوە هەڵە دەکەن. خۆشبەختانە ئێستا  ئەزموون و زەمەن دەریخست دەبێت کێشەکان چارەسەر بکەن. چی دەبێت؟ 
 
رووداو: ببورە بەر لەوەی بڵێت چی دەبێت، بەمنزیکانە هیچ پەیوەندیت لەگەڵیان دا نەبووە؟
 
مەلا بەختیار: پەیامم ناردووە. 
 
رووداو: لەبارەی؛ چی دەبێت؟
 
مەلا بەختیار: پەیامم ناردووە چی بکەن باشە کە بە رای من، بە مۆڵەتی خۆیان ئەم قسەیە دەکەم، نە دەبوو بچنە حەلەب، چوون و دەریانکردن، نەدەبوو بچنە دێرەزوور و منبج، چوون و دەریانکردن، بەڵام لەو شوێنانەی هەن، شوێنی حەڵاڵی خۆیانە. ئێستا بەرگری لە خۆیان دەکەن، ئەم بەرگرییە هەقی خۆیانە. هەر لە سەرەتاوە رام وابوو کە بەشار رووخا، راگەیێندراوێک دەربکەن و بڵێن ئێمە لە بارودۆخێکدا دروست بووین و ئێوەش لە بارودۆخێک دا دروست بوون، ئێمە ئێستا لە سەنگەری بەرگریی خۆمان دەمێنینەوە و دەرگامان بۆ هەموو چارەسەرێک کراوەیە، یەکسەر ئەم راگەیێندراوەیان دەرکردبا، هەرچەندە دوای ئەوە بە چەند هەفتەیەک، دوو هەفتە ئەمەیان گوت، گوتیان ئێمە فیدراڵیمان ناوێت، لامەرکەزیمان دەوێت و ئامادەین لەسەر بابەتی سەربازیش گفتوگۆ بکەین و ئامادەین بێنە شام، ئەوەتا چەندین گفتوگۆشیان کردووە. ئەمە بە کارێکی عاقڵانە دەزانم، عەقڵانییەتی سیاسی ئەمەیە. 
 
رووداو: واتا، وەکو دەگوترێت داهاتووی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ سووریا روون دەبینی؟
 
مەلا بەختیار: 50٪ بەڵێ. 
 
رووداو: بەڵام سووریا جگە لە ئەورووپا، دوو هێزی گەورە لەوێ ئامادەییان هەیە، کە یەکێکیان تورکیایە و ئەوەی دیکە ئەمریکایە کە رەنگە بەرژەوەندیی هەردوولایان بە شێوازی جیاجیا بەریەککەوتنی تێیدا رووبدات، جا لەوەوە دەمەوێت بۆچوونت بزانم لەسەر ئەوە، دواتریش خۆشت باست کرد؛ لەبارەی ئەو پرۆسەی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستیپێکردووە، ئەم دوو هێزە لە سووریا چ بەرژەوەندییەکیان هەیە، کە وایان لێبکات پێکدادان دروست بێت؟
 
مەلا بەختیار: زۆر جوانە با لە باکوورەوە دەستپێبکەین، دەرفەتتێکی مێژووییە هاتووەتە پێشەوە، ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە. لەگەڵ پەکەکەش ئەم قسانەم کردووە؛ 10 ساڵ، 15 ساڵ لەمەوبەر. یەکەمین دیداری من لەگەڵ یەکێک لە سەرکردەکانی پەکەکە کە ناوی فەرهاد ئۆجەلان بوو، برای عەبدوڵڵا ئوجەلان بوو، پێم گوت کاکە لە دوای جەنگی سارد خەباتی چەکداری ستراتیجیی رزگاری گەلان نییە، جەنابی ئۆجەلانیشم لە ماڵی مام جەلال لە دیمەشق بینی، ئەم قسەیەم پێگوتووە، گوتوومە تەواو، خەباتی چەکداری ئەو ستراتیجییە بەدی نەهێنێت، هیوا گیان، تۆ دەزانی ساڵی 1989 کتێبێکم بە ناوی شۆڕشی کوردستان و گۆڕانکارەکانی سەردەم نووسیوە، لەوێدا گوتوومە ستراتیجیی چەکداری کۆتاییهات. دوێنێ گوێم لە چاوپێکەوتنی کاک مەسعود بوو، هەمان قسەی کرد، زۆرم پێخۆش بوو هەمان قسەی کرد، پەکەکە 40 ساڵە هەن و خۆیان گرتووە، نە تورکیا توانی پەکەکە لەنێوبەرێت نە پەکەکەش توانی بەشێک لە ئامانجەکانی لە باکوور بەدیبهێنێت. کەواتە دەبێت ناوەڕاستی رێگا ببینن، جارێ لەسەر مافە سیاسییەکان دەبێت دەسەڵات بدرێت بە جەنابی ئوجەلان گفتوگۆ بکات. دووەم دیدار لە ئیمرالی باشتربوو لە یەکەم دیدار. وابڵاوکراوەتەوە پەیامی هەیە بۆ قەندیل، سڵاوی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش ناردووە، منیش لێرەوە سڵاوم بۆ هەردووکیان هەیە و بۆ هەموو هاوڕێ گیراوەکان و ئومێدی بەردان و ئازادیم بۆ ئەوانە. پێموایە ئەگەر پەکەکە، ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا لەسەر ئەو مافە سیاسییانە رێکبکەوێت، ئینجا لەسەر بابەتە سەربازییەکانی پەکەکە رێکبکەوێت، ئەوا رۆژئاوای کوردستان زیاتر گەرەنتی دەکرێت بۆ چارەسەر، ئەگەر رێکنەکەون و لە باکوور، گارە، قەندیل و کوێ و کوێ شەڕ بەردەوام بێت، من ترسم هەیە بۆ رۆژئاوای کوردستان. باسی ئەمریکا و تورکیات کرد، تورکیا بەرژەوەندیی جیۆپۆلیتیکی هەیە، سووریا بۆ تورکیا زۆر زۆر گرنگە، نابێت بە رۆمانسیەتی شۆڕشگێرانە ئەمە وەلابنێین، تورکیا وڵاتێکی گەورەیە، دوو وڵاتی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوراست هەن ئەوانیش تورکیا و ئێرانن، کە کاریگەرییان لەسەر هەر چوار پارچەی کوردستان، تورکیا لە سووریا بەرژەوەندیی زۆرە و ئەمنیشی لەوێ هەیە، ئەمنی گەورەی لەوێ هەیە، بۆیە ئەم دەرفەتە، هەرگیز ئەم دەرفەتە لەدەست نادات. چارەسەر ببێت ئەوە تورکیاش تێدەپەڕێنێت، چارەسەر نەبێت، بێگومان ئەجێندای سەربازی لە تورکیا تائێستا بەهێزە. ئەمریکا جیایە، ئەمریکا پێچەوانەی تورکیا سەیری پەیەدە دەکات و پێشموایە بوونی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان بڕیارێکی سەرپێی نییە، ئەمە پەیوەندیی بە هەموو هاوکێشەکانەوەیە، لە زۆر شتدا تورکیا و ئەمریکا ناکۆکن لە داگیرکردنی قوبرسەوە ناکۆکن هەردووکیشیان ناتۆن، لەمەشدا ناکۆکن. 
 
رووداو: باشە باسی ئێرانت کرد، پرسیارێک لەوە دەکەم، بەڵام بەرلەوە هەر لەبارەی باکوورەوە زۆرجار کورد هەندێک بە قورسی دەزانێت بڵێت فڵانە شت مەکە، واتا ئەمەی کە دەگوترێت با پەکەکە چەک دابنێت کە ناوی چەک دانانی لێبنرێت، رەنگە قورس بێت بۆ مێنتاڵییەتی کورد و هەر نایەوێت ئەمە ببیستێت؟
 
مەلا بەختیار: هەر خۆی بۆ سایکۆلۆجیەتی کورد قورسە، ئێمە لە شاخ مەرگی خۆمان دەخواست نەوەک چەک دابنێن. 
 
رووداو: بەڵام ئەمە دەتوانرێت بە ناوی دیکە و رێککەوتنی دیکەوە جێبەجێ بکرێت، وانییە؟
 
مەلا بەختیار: بەڵێ وایە، من گوتم بە رێککەوتنی سیاسی دواتر بڕیاری یاسایی لە پەرلەمانی تورکیا جەخت لە رێککەوتنەکە بکاتەوە.
 
رووداو: باسی ئێرانت کرد، گوتت لەگەڵ تورکیا دوو وڵاتی گرنگی ناوچەکەن، ئەو گرنگییە یان بابڵێن ئەو هەژموونەی کە ئێران وەک وڵاتێکی گرنگی ناوچەکە هەیبوو لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد، ماویێتی؟
 
مەلا بەختیار: نەخێر، ئەو هەژموونەی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوەکو دەگاتە یەمەن، کەنداو، دەریا سوور و ئەوانە هەیبوو، بە رووخانی بەشار لایەکی دیوارەکە رووخا، بێگومان رووخا ناکرێت ئەمە نکۆڵی لێ بکرێت، بە نکۆڵی مامەڵە لەگەڵ رووداوی سیاسی ناکرێت، بە خوێندنەوەی قووڵ مامەڵەی لەگەڵ دا دەکرێت، لەبەرئەوە ئێران بمانەوێت یان نا، وەکو لە پێشەکی گوتوومە و لە گوتارێکیش دا نووسیمە، ئێران ساکاوە. بە رای من ئێران دەبێت دەرفەتێک بدات و بزانێت ئەم حکومەتەی سووریا چۆن حکومرانی دەکات، دژایەتیی ئەم حکومەتە لەلایەن ئێران یان هەر گرووپێکی دیکەوە، هەڵەیە. 
 
رووداو: باشە، گوتت بەشێکی دیوارەکەی ئێران رووخاوە، دەمەوێت لەوەوە بچمە سەر بابەتی عێراق، کاریگەریی ئێران بەسەر عێراقیشەوە هەر بەشێکە لەو دیوارە رووخاوە و نەماوە؟ یان کەمبووەتەوە؟
 
مەلا بەختیار: ئێران، سەرەڕای ئەوەی رووخانی بەشار گورزێکی گەورە بوو بۆی، بەڵام بێگومان هێشتا ئێران پێگەیەکی بەهێزی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا هەیە، توانایەکی بەهێزی لە رۆژهەڵاتی نێوڕاست دا هەیە، بەتایبەتی لە عێراق
250 بۆ 260 هەزار هێزی چەکداری حەشدی شەعبی، فەسائیل و ئەوانە هەن، کە ئەمانە بە پشتیوانیی و دۆستایەتیی ئێران کاری خۆیان دەکەن، لەبەرئەوە پێموایە رەنگە ئێران لە سووریا وانە وەربگرێت و وەکو جاران مامەڵە لەگەڵ عێراق نەکات، هەوڵیش بدات عێراق بپارێزێت لە لێدانێکی کوشندە لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە. ئاگادارم پێش رووخانی بەشار زۆر دەترسان حەشدی شەعبی و فەسائیل هەڵەیەکی وا بکەن، بەشار دژی ئیسرائیل تووش بکەن و فریانەکەوتن و دۆخەکە بە جۆرێکی دیکە گۆڕا. سەیر ئەو سەفەرەی بەڕێز سوودانی بۆ لای مەقامی رابەری گەورەی ئێران ئەنجامەکەی چی بوو؟ ئایا جەنابی خامنەیی هیچ گفتێکی بە سوودانی دا کە حەشدی شەعبی یان فەسائیل دابین بکات؟ نا یەکسەر پێی گوتبوو پشتیوانیی حەشدی شەعبی بکە و دەستیان واڵا بکە، ئەمانە هێزێکی گرنگن دژی ئیسرائیل و دژی ئەمریکا وای پێگوتبوون. من دەروون شیکاریم بۆ ئەم پەیامە کرد، یەکسەر سوودانی دەستێکی کەوتبوو بەملا و دەستێکی کەوتبوو بەو لایە، یانی چی بڵێت؟ ناتوانێت لەوێ بڵێت نا، چونکە سیاسەتەکە رۆشن بوو، کە سوودانی دەبێت پشتیوانی ئەمانە بکات، بەڵام وردە وردە دەرکەوت ئەم حەشد و فەسائیل تێدەگەن دۆخەکە زۆر هەستیارە و وەکو جاران داشەهارە نین بە عەرۆجی خۆیان مامەڵە بکەن. 
 
رووداو: زۆر سەرکردەیان خۆیان شاردووەتەوە؟
 
مەلا بەختیار: هەواڵ هەیە کە زۆربەیان خۆیان شاردووەتەوە. 
 
رووداو: کەواتە ئێستا حەشدی شەعبی و فەسائیلەکان وەکو مەترسی لەسەر عێراق ماون؟ مەترسیشن لەسەر ئێران؟
 
مەلا بەختیار: بەڵێ ئەگەر فەسائیل و حەشدی شەعبی دۆخەکە وەکو خۆی نەخوێننەوە و توانای کاردانەوەی تەکنەلۆجی جەنگیی ئیسرائیل بە پشتیوانیی ئەمریکا وەکو خۆی نەخوێننەوە و هەڵەی قورس بکەن بەرامبەر ئیسرائیل، ئەوە پێموایە ئیسرائیل دەستێکی کوشندە دەوەشێنێت، دەرکەوت لە تەکنەلۆجیای جەنگی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئیسرائیل شاسوارە. 
 
رووداو: نەک شاسوار عەبدولواحید...
 
مەلا بەختیار: ئەویش رێزێکی هەیە. 
 
رووداو: لە بابەتی رۆڵی ئێران بەسەر عێراق بەتایبەتی لە هەندێک پڕۆژەیاسا کە دەگوترێت لە ژێر کاریگەری ئێرانە و بەتایبەتی شیعەکان زۆرتر باڵادەستن، لەو ماوەیەدا سێ هەموارە یاسا و بڕیار لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر درا لە پەرلەمانی عێراق مەبەستمە، ئەوانە بەسترانەوە بەیەکەوە و بەشێکیان پەیوەندییان بە زەویوزار و مافی خەڵکی کورد و تورکمانەوە هەبوو، بەشێکیان پەیوەندییان بە ژن و ژنخوازی و یاسای باری کەسی و ئەوانەوە هەبوو، بەشێکیشیان پەیوەندییان بە سووننەکانەوە هەبوو. لە گرێدانی ئەم سێیانە بەیەکەوە، کورد زەرەری کرد یان قازانج؟ رات چییە لەسەر هەمواری یاسای باری کەسی؟
 
مەلا بەختیار: یەکەم لەوە دەستپێدەکەم پەرلەمانی عێراق بەو پێکهاتەی ئێستا هەیە، بڕیار دەدات، 300 هەزار دۆنم زەوی بداتەوە بە جووتیاری کورد و تورکمان، ئەمە یانی چی؟ یانی لەوەتەی دەوڵەتی عێراق هەیە، لەوەتەی بەعس هەیە، ستەمی کردووە، بیرت نەچێت، تەعریب سەرەتا لە سەردەمی پاشایەتیەوە هاتووەتە حەویجە و دەوروبەری کەرکووک، لەوەوە هاتووە. 
 
رووداو: لە 1927ـەوە هاتووە. 
 
مەلا بەختیار: لە 27ـەوە هاتووە، باشە ئێستا ئەمە یانی چییە؟ یانی ئەمە ستەمێکی گەورەیە، هەمیشە کورد گوتوومانەی ئەی هاوار.. ستەممان لێدەکەن و ئێمە بەرگری لە خۆمان و خاکمان دەکەین، کەس باوەڕی نەدەکرد، ئێستا خۆیان دانی پێدا دەنێن. بەڵام بەڕاستی من تۆزێک سەرسوڕمانم هەیە لە پاکێجی هەر سێ یاساکە بەیەکەوە. ئەمە بەڵگەی ئەوەیە لەم وڵاتەی ئێمە دا، لەم پەرلەمانە بڕیارێکی تەندروست تێناپەڕێت ئەگەر رێککەوتنی پێکهاتەکان نەبێت و هاوسەنگییەکەی رانەگرن، کورد، سوننە و شیعە هەریەکە و بەشی خۆی برد، دەستوورەکەشمان وانووسراوە هاوبەشین لە عێراق. دەرکەوت هێشتا فیلتەرەکان وەکو خۆیانن، ئەم سێ بڕیارە سێ خانەی جیاوازن، جارێ زەویی جووتیاری کورد و تورکمان مافی خۆیەتی، لێبوردنی گشتیش بڕیارێکی مرۆییە و مافی خۆیەتی. ئەوەی تایبەتە بە بەشوودانی منداڵی تەمەن 9 ساڵ، ئەمە بڕوای ئایینییە و ناتوانین بەرپەرچی بدەینەوە، زۆر شت سەتان ساڵ لەمەوبەر سەپێنراوە و وردەوردە فەزاکەی گۆڕاوە، پێموایە لە کۆتاییدا ئەم بڕیارە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت. 
 
رووداو: لە دوای هەموو ئەوانە، بە دڵنیاییەوە خەڵک ئێستا ئەو پرسیارەی هەیە، بەڕێز مەلا بەختیار ئێستا چی دەکات و سەرقاڵی چییە؟ 
 
مەلا بەختیار: من پەرۆشی کوردم، پەرۆشی دیموکراسیم، پەرۆشی رۆشنگەریم، دەنووسم، هێشتا ماڵپەڕی چاودێر و ناوەندی رۆشنگەری چاودێر بە هەموو پێکهاتەکان هەیە و بەڕێوەیدەبەم، زۆر زۆر چاودێریی دۆخی سیاسی دەکەم، پەیوەندیی سیاسیم لەگەڵ هەموو لایەک باشە. دیارە رەخنەیەکی زۆرم هەیە لە سیاسەتی یەکێتی، هەڵوێستێکی زۆر جیاوازم لەگەڵ سیاسەتی یەکێتی دا هەیە، بەڵام دڵنیابن هەرگیز نایگەیێنمە ئەوەی بکەومە دوژمنایەتیی یەکێتی، یان بچمە پاڵ لایەک دژی یەکێتی، ئەمە ناکەم.
 
رووداو: "یان واز لە یەکێتی بێنم؟"
 
مەلا بەختیار: من تاوەکە سێیەم کۆنگرە و نووسینی بەرنامە و پەیڕەوی یەکێتی لە سێیەمین کۆنگرە، کە خۆم سەرپەرشتیم کردووە و پێشەکییەکەیشی خۆم نووسیومە، شانازی بە یەکێتیبوونی خۆمەوە دەکەم، بەڵام دوای ئەوە، خۆتان دەزانن وەکو هەموو حیزبێک لە دونیا کێشەی گەورە کەوتووەتە نێوی، جیاوازیی زۆر قووڵ کەوتووەتە نێوی، باوەڕ بکە ئەم جیاوازییە و بە ئاشکرا هەڵوێستی من، زۆر باشترە لەوەی کە خۆیان لەنێو خۆیاندا کێشەیان زۆرە و بەشێکیان لە من زیاتر نیگەرانن، بەڵام ناوێرن بیڵێن.
 
رووداو: ئەمە لە کوردیدا پێ دەڵێن ژیلەمۆ، خۆڵەمێشێکی بەسەرەوە...
 
مەلا بەختیار: ژیلەمۆ، رەنگە شەماڵێک بیخڵێشێنێتەوە. من رێزم هەیە، هیچ ئەملاولای نییە، حەزدەکەم ئەمە لە رێگەی رووداو رابگەیێنم، ئەوپەڕی شانازی بە مێژووی یەکێتی دەکەم، سەریشم لە ئاستی کێلەکانی شەهیدەکانی یەکێتی دادەنەوێنم، کە هەر لەنێو مەفرەزەکانی من رێکمخستوون، 28 کەس شەهید بوون. خۆم لەنێو یەکێتی و لەپێناو یەکێتی 7 جار، بە ژەهردخواردکردنەوە کە یەکێتی خۆی کردی، 8 جار هەوڵی کوشتنم دراوە، هەرگیز دەستبەرداری ئەو مێژووە نابم، کەسیش چاوەڕوانی ئەوە نەکات دەستبەرداری بم. کەسیش لەو مێژووە، دوای مردنی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، لە خۆم شارەزاتر نابینم، ماندووشم لەو مێژووە، بەڵام تووشی هەڵدێر و هەڵە نابم، کەس پێشبینیی ئەوە نەکات بە پڕوپاگندە و درۆ هانم بدەن تووشی هەڵەم بکەن، نا من ئەوە ناکەم. 
 
رووداو: باسی ژەهرخواردنت کرد، کاتی ئەوە نەهاتووە ئاشکرای بکەی؟
 
مەلا بەختیار: باوەڕ بکە رۆژێک ئاشکرای دەکەم، وەکو قومبەلە بتەقێتەوە، ئێستا لەوە زیاتر قسە ناکەم. 
 
رووداو: پەیوەندیت، یانی هیچ گوشارێکی یەکێتیت لەسەر نییە؟
 
مەلا بەختیار: جگە لەو تاوانەی بەرامبەر چاودێر کردیان، هەروەها ئەو شانۆگەرییە شەرمەزارییەی بەناوی فێستیڤاڵی گەلاوێژ کردیان، هیچ گوشاری دیکەم لەسەر نییە. 
 
رووداو: پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی، یان ئەوانەی ئێستا لە دەسەڵاتدان چۆنە؟
 
مەلا بەختیار: ناتوانم مێژووی هاوبەشمان عەیبدار بکەم، لەبیرمە و رێزی دەگرم. 
 
رووداو: لەکاتی داخستنی چاودێر، زۆر کەس هاتنە لات و پشتیوانییان کردیت، ئەوانە وەکو خۆیان ماون؟ 
 
مەلا بەختیار: یەک کەسم نەزانیوە پەشیمان بووبێتەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە