رووداو - هەولێر
یەكێكە لەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەی بە هاوسۆزی پرسی كورد ناسراوە، دوایین كاریشی نووسینی كتێبێك بوو لەبارەی پرسی كورد و باكووری كوردستان بەناوی (شەمەندەفەری میزۆپۆتامیا). جەنگیز چاندار بۆ ئەو كتێبە دیمانەی لەگەڵ زۆربەی سەركردەكانی كورد كردووە. تێیدا باس لە پەیوەندی نێوان كوردی باشوور و باكووری كوردستان دەكات. چاندار، ساڵی 1948 لە ئەنقەرە لەدایكبووە.
نووسەری 9 كتێبە لە بواری سیاسەت و مێژوودا. وەك راوێژكاری تایبەتی سەرۆكی پێشووتری توركیا، تورگوت ئۆزاڵ لە نێوان ساڵانی 1991 بۆ 1993 دا كاریكردووە. سەركردایەتی تیمی پردی پەیوەندیی نێوان تورگوت ئۆزاڵ و مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی كردووە.
كاتێك ئاكپارتی هاتە سەر حوكم، جەنگیز چاندار پشتگیری كرد، بەڵام ئێستا پاڵپشتی خۆی بۆ ئاكپارتی و ئەردۆغان كشاندووەتەوە، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) هۆكارەکەی رووندەكاتەوە.
رووداو: دەمەوێت لە دەسەڵاتدارێتی ئاكپارتییەوە دەست پێ بكەین، لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی ئاكپارتیدا كەسانی وەكو تۆ دیموكرات هاتنە ناوەندی بڕیار. لیبراڵ و رۆشنبیران پشتگیریان لە ئاكپارتی كرد و دەیانگوت هیوایەكە بۆ توركیا، بەڵام لەدوای رووداوەكانی پاركی گەزی ئەو پشتگیریانەیان كشاندەوە. هۆكاری ئەمە چی بوو؟
جەنگیز چاندار: ئەو كەسانەی بەمنیشەوە سەرەتا پێشوازیمان لە دەسەڵاتدارێتی ئاكپارتی كرد، وەك ئەوەی تۆ گوتت كەسانی دیموكرات و لیبراڵ هیوایان بە ئاكپارتی و رەجەب تەیب ئەردۆغان هەبوو، كە دیموكراسی و ئازادی بیروڕا فەراهەم بكات. پرسی كورد بەبێ رێگای چەكداری و لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكات. ئێمە هەندێك نیشانەی وامان بینی و شرۆڤەشمان بۆ ئەوە كرد.
پشتگیری ئاكپارتی و سەرۆكەكەیمان كرد. دەتوانم ئەمە بڵێم، ئەوكاتە ئێمە لەسەر رێگایەك بووین هەنگاوەكانی ئاكپارتی و ئەردۆغانمان نزیك لە خۆمان دەبینی. گوتمان: مادام ئێمە دەچینە هەمان شوێن وەرن بەیەكەوە رێگاكە بگرینەبەر، ئێمە بەیەكەوە رۆیشتین. وەكو تۆ گوتت رووداوەكەی پاركی گەزی خاڵێكی گرنگی شكان بوو، بەڵام هۆكارەكان تەنیا ئەوە نەبوو، بەڵكو چەندین هۆكاری دیكەش هەبوون. نزیكایەتی من و كەسانی وەكو من بۆ رووداوەكەی پاركی گەزی، لە هی رەجەب تەیب ئەردۆغان زیاتر بوو. ئێمە رووداوەكەی پاركی گەزیمان وەها شرۆڤە كرد، كە خەڵك بەرامبەر تێكدانی ئەو پاركە ناڕەزایی دەردەبڕێ. نەوەی گەنج لە سەروویانەوە خوێندكارەكان پێشەنگایەتی ئەو ناڕەزایەتییە كۆمەڵایەتییەیان دەكرد. ئەوە جوڵەیەكی شاری بوو. سەرەتا لە شارە گەورەكان دەستیپێكرد و دوایی چەندین شاری توركیای گرتەوە.
ئەوان میتۆدی زۆر سەرنجڕاكێشیان بەكاردەهێنا. وەكو جوڵانەوەیەك هەندێك داواكارییان هەبوو. ئەوە جوڵانەوەی ئاشكراكردنی ناڕەزایەتییەكی كۆمەڵایەتی بوو. رێگای چارەسەری ئەو ناڕەزایەتییە كۆمەڵایەتییە ئەوە بوو، كە پێویستبوو پێش هەموو شتێك هەوڵبدەن، بزانن هۆكارەكانی چالاكییەكە چین، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەی بە دەستێكی دەرەكی لە پشت رووداوەكان بەستەوە، كە دەیەوێت دەسەڵاتدارێتی ئەو هەڵوەشێنێتەوە. ئەوەی وەكو پیلانگێڕی پێناسەكرد. لە بەرامبەر ئەوان میتۆدی زۆر تووندیان بەكارهێنا. هەرگیز ئەوەم لە دەسەڵاتدارێتی ئاكپارتی چاوەڕوان نەدەكرد، كە لە بەرامبەر گەنجانی وڵاتەكەی هێندە تووند رەفتار بكات. بۆیە لە بەرامبەر ئەوەدا دڵسۆز بووم.
رووداو: دەتوانم بڵێم لەدوای ئەو هەڵوێستە خەیاڵی تۆ و كەسانی وەكو تۆ شكا؟
جەنگیز چاندار: بەڵێ رووبەڕووی تێكشاندنێكی گەورەی خەیاڵەكانمان هاتین. من ئەوكات گوتم ئەو جۆرە لە شێوەی سەركوتكردن وەكو زوڵم وایە. چاوەڕوانی ئەوەم نەدەكرد ئاكپارتی زوڵم و زۆرداری بەكاربهێنێ. من ئەوەشم باس كردووە. ئیدی هیچ كارێكم لەگەڵ زۆردار و میكانیزمەكانیان نەما، كە بەیەكەوە بین.
رووداو: دوای ئەو ماوەیە گۆڕانكارییەكی گەورە لە لایەنەكانی دەسەڵاتدارێتی روویدا. وەك نمونە ئاكپارتی هەوڵیدەدا لە ئەوروپا نزیك ببێتەوە و پەیوەندییەكانی لەگەڵیان بەهێز بكات. هەروەها بۆ ئەمەریكا هاوپەیمانێكی باشبوو، بەڵام سەردەمێك هات و ئەوانە هەمووی كەوتنە لایەكی دیكەوە. توركیا لە ئەوروپا دووركەوتەوە و ناكۆكییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا دەستیپێكرد، ئایا هۆكارەكانی ئەمە چی بوو؟
جەنگیز چاندار: هەڵبەتە ئەو قسانەی تۆ زۆر راستە، هۆكاری سەرەكی، کە من و كەسانی وەكو منی لە ئاكپارتی نزیك كردبووەوە، ئەوەبوو كە ئاكپارتی دەیویست توركیا بچێتە یەكێتیی ئەوروپاوە.
یەكێتیی ئەوروپا بۆ من و كەسانی وەكو من زۆر گرنگ و واتادار بوو. پێویستە وڵات روو لە ئەوروپا بكات. ئەگەر توركیا بچێتە ناو یەكێتیی ئەوروپا، زۆر لە كێشەكانی خۆی، بەتایبەتی پرسی كورد لە چوارچێوەی دیموكراتی چارەسەر دەكات. ئاكپارتی ئاڵای كاروانی یەكێتیی ئەوروپای بەرز كردبووەوە. لەگەڵ دیدارەكانی برۆكسل، منیش خۆم لە ئەردۆغان و عەبدوڵڵا گیول نزیك كردەوەو لەو رووەوەش دڵسۆزانە پشتیوانیم كردن. پاشان وەكو تۆ باستكرد ئەو رێگایە پچڕا. هەڵبەتە كاردانەوەكانی دژی تێكدانی پاركی گەزی یەكێك لە ئەنجامەكانی ئەو پچڕانە بوو لە رێگای چوون بەرەو یەكێتیی ئەوروپادا. لە وڵاتێك كە لە ئاستی ستانداردی یەكێتیی ئەوروپادا بوایە، ئەگەر دۆخێكی وەكو ئەوەی پاركی گەزی بهاتایە پێشەوە، كاردانەوەی بەو شێوەیە تووندیان نیشان نەدەدا. بەڵكو بەشێوەیەكی دیكە چارەسەردەكرا.
لە فەرەنسا رووداوی ئێلەگ زەدەكان هەیە. تەواوی شارەكانی فەرەنسا سەراوبن دەكەن، بەڵام هیچ تووندوتیژییەكیان بەرامبەر بەكارناهێندرێ، هێزەكانی پۆلیس تەنیا بەرگری دەكەن. لەكاتێكدا چالاكییەكانی ئەوان وەكو ئەوەی پاركی گەزی ئاشتیانە نییە، هەموو شوێنێك وێران دەكەن. ئەو تووندوتیژییەی لە توركیا لە بەرامبەر خۆپێشاندانەكانی پاركی گەزی بەكارهێنرا، لە فەرەنسا روونادات. واتە لە وڵاتانی ستانداردی یەكێتیی ئەوروپا رووداوی وەها روونادەن.
بگەڕێینەوە سەر پرسیارەكە، من لەسەرەتاوە گوتبووم ئەوە تەنیا كەموكوڕتی ئاكپارتی یان ئەردۆغان نییە. لەنێو یەكێتیی ئەوروپاشدا سەرۆكی ئەوكاتەی فەرەنسا نیكۆلاس ساركۆزی، هەندێكجار مێركل و وڵاتانی وەكو نەمسا لە دژی بەشداری توركیا لە یەكێتیی ئەوروپا وەستانەوە و توركیایان لە یەكێتیی ئەوروپا دوورخستەوە. ئاكپارتی و رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوكاتە گوتیان چونكە ئێمە موسوڵمانین، نامانكەنە ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا.
لەوكاتدا هەواڵ لەبارەی بەهاری عەرەبی لە میدیای وڵاتانی رۆژئاوا زۆر بوو. دەسەڵاتدارێتی توركیا لە یەكێتیی ئەوروپا دووركەوتەوە و دروشمەكانی وەكو "توركیا قەت نابێتە ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا" دەگوترانەوە. پەسنی جولانەوەكانی توركیایان دەدا. پەردەی یەكێتیی ئەوروپا لە بەرامبەر ئاكپارتی رەش بوو. پاشان سیاسەتەكەی گۆڕا. ئەگەر بیرمان بێ رەجەب تەیب ئەردۆغان دۆستی هەرەنزیكی بەشار ئەسەد بوو. ئەسەد بۆ گەشتكردن لەگەڵ هاوژینەكەی هاتە توركیا، لەناكاو پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و سووریا تێكچوون. توركیا بووە شوێنی دژایەتیكردنی سووریا، هەڵبەتە پێشتریش سیاسەتی دەرەوەی گۆڕا.
رووداو: ئەو گۆڕانكاریانەی سیاسەتی دەرەوە چ كاریگەرییەكی لەسەر ناوخۆی توركیا هەبوو؟ كاتێك مرۆڤ لە سیاسەتی دەرەوەی ئێستای توركیا دەڕوانێ ئازادییەكان سنوورداركراون. ئازادی راگەیاندن سنووردار كراوە، میدیا بووەتە یەكدەنگ و یەكڕەنگ پەخش دەكات، بەڵام پێشتر كە ئازادی چاپەمەنی لە توركیادا هەبوو، لە هیچ وڵاتێكی هەرێمەكە نمونەی نەبوو. توركیا بەو شێوەیە بەرەو كوێ دەچێت؟
جەنگیز چاندار: لە توركیا قسەیەك هەیە، دەبێت لەنێو كوردیشدا هەبێت "ترێ لە ترێ دەڕوانێت رەش دەبێت" واتە: مرۆڤ لەلای كێ بێت، ئەخلاقی ئەو هەڵدەگرێ. بۆیە كاتێك توركیا بەرەو یەكێتیی ئەوروپا دەچوو، پێویست بوو تەواوی رێوشوێنە یاساییەكانی خۆی بگۆڕێت. توركیا دەیویست یاسا گونجاوەكانی بەپێی رێوشوێنە یاساییەكانی ئەوروپا دیزاین بكاتەوە. بەكورتی تۆ دەتەوێت ببیت بە چی؟ تۆ دەتەوێت ببیتە وڵاتێكی ئەندامی ئەوروپا. ئەوكاتە تۆ هێدی هێدی وەكو وڵاتیێكی ئەوروپاییت لێ دێت. توركیا رەنگی ئەو ترێیانەی دەگرت. لەدوای ئەوەی توركیا لە ئەوروپا دووركەوتەوە، دەیانگوت دەروازەی نوێ بەڕووی توركیادا دەكرێتەوە، ئەوەش ئەویان بەهێز دەكرد.
وەكو ئەوەی تۆ لە پرسیارەكەتدا گوتت، توركیا لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نموونە بوو، بەڵام ئەو ئێستا بۆ خۆی دەبێتە وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەو رووەوە ئیدی هیچ تایبەتمەندی ئەوەی نامێنێت ببێتە وڵاتێكی نموونەیی. ئەو شتانە هەموویان هێدی هێدی روویاندا. لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی سووریا، هەڵوێستی سیاسەتی دەرەوەی توركیا بووە یەكێك لە هەڵوێستەكانی ئیخوان موسلمین. ئەوەش لەدوای ئەوەی شەڕی رژێمی سووریا لە بەشێكی گەورەی ئەو وڵاتە لاواز بوو، لە هەرێمە كوردییەكاندا لەگەڵ سنووری توركیا بەڕێوەبەرایەتییەكانی خۆسەر دروستبوو. ئەوەش دەوڵەتی توركیای زۆر ترساند. رەجەب تەیب ئەردۆغان دەوڵەت نەبوو، پاشان بووە دەوڵەت. لە سنووری توركیا هێزی كورد دروست بوو.
رووداو: پرسی كورد بووە هۆكار؟
جەنگیز چاندار: بەشێكی گەورە هۆكارەكەی ئەوەبوو. ئێمە دەتوانین بڵێین 80% ئەوە بوو. رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ خۆی لەساڵی 2014دا دەیگوت "رێگە نادەین ئەو قەوارەیەی لە باكووری عێراق دروستبووە، لە باكووری سووریا دووبارە ببێتەوە."
رووداو: لەو كۆتاییەش هەمان شتی گوت.
جەنگیز چاندار: ئەو شوێنەی پێی دەڵێت باكووری عێراق، بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی كوردستانە. بێگومان پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ توركیادا هەیە. پەیوەندییەكانی ئەنقەرە لەگەڵ كامە پایتەختی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خراپ بووبێت، هەردەم پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەولێر باشبووە. باشیش دەبێت، دەڵێن ئەو شتەی لە رۆژئاوا و سووریا ببێت قەبووڵی ناكەین. هەروەها دەڵێن ئەوان نەیانتوانیوە لەپێش ئەوەی لە هەولێر دروستبوو ببنە ئاستەنگ. ئەو جۆرە تێڕوانینە لە ئەردۆغان زیاتر هی توركیا خۆیەتی. من زۆر لەو ناوچانە ماومەتەوە، ئەگەر بەبیری خۆمان بهێنینەوە لە ساڵی 2003دا دوای ئەوەی رژێمی سەدام نەما، ئەنقەرە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ بە چاوێكی باش لە هەرێمی كوردستانی دەڕوانی. ئیدی هێدی هێدی پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و هەولێر باش بوون. لە مێشكی دەوڵەتی توركیادا نەخۆشی و ترسی هەبوونی دەوڵەتێكی كوردی هەیە. لە چوارچێوەی هەڵوێست بەرامبەر كوردی سووریا، هەڵوێستی توركیا بەرامبەر كوردی خۆی گۆڕانكاری بەسەردا هات. هەروەها گوشار لەسەر كەسایەتییەكان و جولانەوەكانی توركیا و جولانەوە و ناڕەزایەتییە كوردییەكان زیادبوون. بۆیە دەتوانم بڵێم 70% تاوەكو 80% پرسی كورد كاریگەری هەبوو.
رووداو: هەر هەمان مەسەلەی كورد لە رۆژئاوا و سووریا بووە هۆكاری ئەوەی پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و ئەردۆغان تێكبچێت؟
جەنگیز چاندار: بێگومان هەمان مەسەلەیە. توركیا و ئەمەریكا كە دوو هاوپەیمانی یەكدین و ئەندامی ناتۆن، دیسان بەهۆی پرسی كورد پەیوەندییەكانیان خراپ بوو. كەی خراپ بوو؟ لە ساڵی 2003دا، لە كوێ بوو؟ لێرە بوو. لە عێراق كاتێك ئەو شەڕەی بووە هۆكاری ئەوەی سەدام نەمێنێ، دەستیپێكرد بوو. توركیا دەیگوت ئەمەریكا لە عێراق دەوڵەتێكی كوردی دروست دەكات و ئەوەش دەبێتە هۆكار توركیا بەرەو پارچەبوون بچێت. ئەو رووداوەی لە سلێمانی هەڵكوترایە سەر هێزی تیمە تایبەتییەكەی توركیا و پاشان بران بۆ كەركووك و بەغدا و دیسان گەڕێندرانەوە. ئەوە كاریگەری گەورەی لەسەر پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمریكادا هەبوو. ئەوەش هەمووی لەسەر پرسی كوردی روویدا. ئێستاش هەمان شت لە سووریا دووبارە دەبێتەوە. جیاوازییەكەیان ئەوەیە رەجەب تەیب ئەردۆغان تازە هاتبووە سەر دەسەڵات، بەڵام هێشتا نەببووە دەوڵەت. توركیاش لە مەسەلەی كوردی لە ئەمەریكا زۆر نیگەران بوو. ئەردۆغان تازە هاتبووە سەر دەسەڵاتدارێتی، بەڵام هێشتا دەسەڵاتی بە دەست نەهێنابوو، كە رووداوەكانی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیان پێكرد و رژێم لە ساڵی 2012 لە هەرێمی كوردی كشایەوە. دواتر بەڕێوەبەرایەتییەك لە رۆژئاوا دروست ببوو، توركیا ئەوەی رەتكردەوە. ئەوكات رەجەب تەیب ئەردۆغان بووبووە دەوڵەت. ئیدی دەوڵەت و ئەردۆغان بوونە یەك. لەلایەك توركیا لەدژی بەڕێوەبەرایەتییەكانی كوردی بوو، لە لایەكی دیكەش لە سووریا هاوپەیمانە هەرە نزیكەكانی ئەمەریكا كە كورد بوون لە دژی داعش شەڕیان دەكرد. گومانەكانی توركیا لەسەر ئەمەریكا زیادیان كرد، كە لە سووریاش بۆ كورد دەوڵەتێك دروست ببێت و پاشان ئەوە بۆ توركیا دەگوازرێتەوە. بەو هۆیەوە توركیا بە ئەمەریكا دەڵێت ، ئێوە چۆن دەبن بە هاوپەیمانمان؟ ئەگەر ئێوە هاوپەیمانی ئێمەبن پێویستە دووربكەونەوە لە كورد.
رووداو: تاوەكو پێش گشتپرسی پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و هەولێر زۆرباش بوون. دوای گشتپرسی ئەو پەیوەندیانە نەمان. مرۆڤ ئێستاش هەست ناكات پەیوەندییەكی باش هەبێت. ئایا ئەو پەیوەندیانە هەر وا دەمێننەوە؟
جەنگیز چاندار: لەم ماوەیەی كۆتایی وایدەبینم پەیوەندییەكان هەندێك گەرموگوڕن. هەم توركیا و هەمیش بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی كوردستان، لەبەر زۆر هۆكار پێویستیان بە یەكدییە. بۆڕی نەوت لێرەوە دەردەچێت و بەنێو توركیادا دەڕوات و لە توركیاش بۆ بازاڕی جیهان. پچڕانی پەیوەندییەكان هەردوولا نیگەران دەكات. لە زۆر رووەوەش بەكەڵكی هەردوو لایەن نایەت. بۆیە ئەو ساردبوونەوانەی روویاندا زۆر ئاقڵانە نییە بەردەوام بن، بەرپرسانی دەوڵەتییش دوای ماوەیەكی زۆر بیر لەوە دەكەنەوە ئەو بابەتە چارەسەر بكەن.
بەڵام ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ سەر قسەكانی خۆمان، پێش ماوەیەك ئێوە گوتتان ئەو پەیوەندییە بەهۆی گشتپرسی سەربەخۆییەوە تێكچوو، ئەوە راستە. تاوەكو ئەوكاتە نێوانی ئەنقەرە و هەولێر زۆرباشبوو. شتێك كە دەبێ بیڵێم، رەنگە بەلاتانەوە مایەی سەرسوڕمان بێت، ئەویش ئەوەبوو كە زۆر جار دەمگوت :"ئێوە ئێستا لەمن زیاتر لە توركیاوە نزیكن". وەك توركێک، من بۆچوونی وڵاتەكەم، بۆچوونی ئەو و بۆچوونەكانی حكومەتەكەم زۆرباش دەزانم. هەم وەكو شەخسی ئەوان زۆرباش دەناسم. لە توركیادا هەندێك وشە هەن ناتوانن بێنە لای یەكدی، ناتوانن لەهەمان رستەدا جێیان ببێتەوە، كە "سەربەخۆیی و كورد، سەربەخۆیی و كوردستان"ە. ئەو وشانە ناتوانرێت بەیەكەوە بەكاربهێنرێن. ئەو قسانەشی كە "ئێمە دۆستین" لێرە دەوەستن. بێگومان ئەوە هەڵەی ئێرە نییە. مێشكی دەوڵەتی توركیا، كولتووری دەوڵەت ئەمەیە. ئەگەر كەنعان ئەڤرەنیش سەرۆكایەتی ئەو دەوڵەتە بكات جیاواز نییە، ئەگەر مستەفا كەمال ئەتاتورك بێت جیاواز نییە و رەجەب تەیب ئەردۆغانیش هەبێت هەرهەمان شتە، تا ئەوكاتەی دەوڵەت سیستەمی خۆی نەگۆڕێت.
ئەگەر ئێوەی كورد بڵێن "ئێمە سەربەخۆیی دەخوازین" توركیا لەدژی ئەمە دەوەستێتەوە. رێگا و رێبازەكە ئەوەیە، بێگومان وەهاش بوو. ئەو شتانەی كە بە خەیاڵی كەس نەدەهات، روویاندا. بۆ نموونە توركیا و ئێران بەو ئەندازەیە لەیەكتری نزیكبوونەوە، كە سەرۆك ئەركانی ئێران، سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ یەكەمجار لە مێژووی كۆماری ئیسلامی ئێراندا هاتنە ئەنقەرە. لەو بارەوە قسەیان كرد كە دەتوانن لە دژی هەولێر چی بكەن. پێش ئێستا شتێكی وا رووینەدابوو. دیسان لە ساڵی 1937 توركیا و ئێران پەیماننامەی سەعدئابادیان واژوو كرد. بابەتەكە چی بوو، كاتێك ئێوە لە پەیماننامەی سەعد ئاباد بڕوانن، بابەتەكە دیسان پرسی كوردە. ئەگەر لە وڵاتێكدا پرسی كورد بەرەو پێش بچێ، وڵاتەكان هاوكاری یەكدی دەكەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ