بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی جێبەجێکاری ئاڕتی بانک: ئەمریکا رێگەی لە حەواڵەی ناشەرعی لە عێراق گرت

22-02-2023
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هەمیلە گەردی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی جێبەجێکاری ئارتی بانک
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هەمیلە گەردی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی جێبەجێکاری ئارتی بانک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی جێبەجێکاری ئارتی بانک هۆکاری راگرتنی فرۆشتنی دۆلار لە لقی هەولێری بانکەکەیان ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "بۆ ئەوەی نەبینە هۆی سپیکردنەوەی پارە لە هەرێمی کوردستان، فرۆشتنی دۆلارمان لە هەولێر راگرت." دەشڵێت، "ئەمریکا رێگەی لە حەواڵەی ناشەرعی لە عێراق گرت."
 
هەمیلە گەردی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی جێبەجێکاری ئارتی بانک لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری هەواڵی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو، باسی چەندین پرسی تایبەت بە کەرتی بانک و فرۆشتنی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندیی دەکات. 
 
بە گوتەی هەمیلە گەردی، بەشێک لەوانەی داوای دۆلاریان بە نرخی بانکی ناوەندیی دەکرد، لەلایەن نووسینگەکانی گۆڕینەوەی دراو راسپێردراون و دەڵێت: "خەڵکی وا هەبووە بۆ 15 هەزار دینار هاتووەتە بانک و داوای دۆلاری کردووە." گوتیشی، "خەڵک هەیە بۆ 50 هەزار دینار کێشە بۆ پاسپۆرتەکەی دروست دەکات."
 
هەمیلە گەردی هۆشداریی دەداتە ئەو کەسانە کە پاسپۆرتەکانیان تووشی کێشە نەکەن، چونکە دەڵێت، ئەوانەی ئەو پارەیە وەردەگرن، لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هەمیلە گەردی:
 
رووداو: ئەم کاتەت باش
 
هەمیلە گەردی: کاتی ئێوەش باش
 
رووداو: تۆ یەکێکی لە کەسایەتییە هەرە کاریگەرەکان لە سێکتەری بانکی لە عیراقدا، هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم، ئەم رۆژانە پشێوی و قەرەباڵخییەکی زۆر لە بەردەم بانکەکان بینراوە، خەڵک خواستێکی زۆریان بۆ دۆلاری هەرزان هەیە، هۆکاری ئەمە بۆ چی دەگەڕێتەوە، پلانتان چییە؟
 
هەمیلە گەردی: سەرەتا سوپاسی کەناڵی رووداو دەکەم. ئەوە پڕۆژەیەکە کە بانکی ناوەندی دایڕشتبوو بۆ هەموو عێراق، بەپێی ئەو پڕۆژەیە هەر هاووڵاتییەک پێویستی بە دۆلار هەبێت دەتوانێت ئەو دۆلارە بە نرخی بانکی ناوەندیی عێراق دەستبکەوێت، بەڵام کێشەی ئێمە ئەوەیە کە ئەو پڕۆژەیە لە عێراق نزیکەی دوو مانگە دەستیپێکردووە و کۆمەڵە بانکێک سەرەتا دەستیانپێکرد، کە پێنج بانک بووین لە عێراق، بڕیاربوو ئەو پڕۆژەیە لە ناوچەی بەغدا، ناوەند و باشوور جێبەجێ بکەین.
 
ئێمە دەستمانپێکرد و پێنج بانک بووین، پڕۆژەکە بە باشی چووە پێش و کڕیار و گەشتیاری راستەقینەمان هەبوون، دواتر لە پێنج بانکەوە بووینە 10 بانک، دوای ئەو 10 بانکە فیلتەری دیکە دەستیانپێکرد و رێژەی بانکەکان کەمتر بوونەوە، چونکە کاتێک وەرەقەی گەشتیاران وەردەگیرا، ئەو وەرەقانە لە رێژەی خۆیان زیاتر بوون. هەر کەس کە گەشتی دەکرد دەبووایە پێناسەی پێبووایە و ئەو پێناسەیەی نیشان دەدا و 7 هەزار دۆلاری وەردەگرت. هەڵبەت سەرەتا سێ هەزار دۆلار بوو، دواتر بووە پێنج هەزار دۆلار و پاشانیش بووە حەوت هەزار دۆلار.
 
دوای ئەوە هەندێک مەسەلەی فێڵ هاتە ئاراوە، راستی بانکی ناوەندی پێیخۆش نەبوو، هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بمانەوێت یان نەمانەێت دۆلاری ئەمریکی موڵکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکییە. راستە ئێمە دۆلاری ئەمریکی دەفرۆشین، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو دۆلارە موڵکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکییە و تەنیا بازرگانی و ئاڵوگۆڕی پێدەکات لەگەڵ دەوڵەتی دیکە. بۆ نموونە ئەگەر ئەمڕۆ کارلێکەریت لەگەڵ دەوڵەتێکی دیکە هەبێت و دراوەکەی یۆرۆ بێت نەک دۆلار، بەگشتی دراوی باڵادەست لە هەموو دەوڵەتەکان دۆلارە و دەبێ دینار بکەی بە دۆلار پاشان بیکەی بە یۆرۆ. واتا بەردەوام ئەو دراوە سەپێندراوە بەسەر هەموو دەوڵەتەکاندا و کۆنتڕۆڵی ئابووریی دەوڵەتەکان دەکات.
 
ئەو بەرنامەیەی کە ئێمە دەستمانپێکرد هەندێک کۆسپی هاتنە پێش، کە ئێستا بانکی ناوەندیی عێراق رێکار و پلاتفۆڕمێکی دروستکردووە، کە هەموو شتێک بەشێوەی ئەلیکتڕۆنی ئەنجام دەدرێت، ئەو پلاتفۆڕمە موڵکی بانکی ناوەندیی عێراقە، بەڵام بە سەرپەرشتیاریی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دروستکراوە.
 
رووداو: دەمێکە دروستکراوە ئەو پلاتفۆڕمە؟
 
هەمیلە گەردی: ئەو پلاتفۆڕمە نزیکەی هەشت مانگە کاری لەسەر دەکرێت و تازە راگەیێندراوە.
 
رووداو: ستاف و خەڵکی کارامەی بۆ دابینکراوە؟
 
هەمیلە گەردی: بێگومان راهێنانی بۆ کراوە، راستییەکەی راهێنان بەو شێوازەی کە ئێمە دەمانگوت نەکراوە، بەڵام هەندێک بانک وەکو بانکی ئاڕتی ستافی نێودەوڵەتی هەیە و کارکردن بەو پلاتفۆڕمە ئاسانترە بۆیان.
 
رووداو: ئەو سیستمە لینکێکە یان چییە؟ بۆ ئەوەی خەڵک بزانێت.
 
هەمیلە گەردی: ئەوە پلاتفۆڕمە، داتای شەخسیی هەر هاووڵاتییەک کە داوای پارە بە نرخی پشتگیریکراو دەکات، دەچێتە نێو ئەو سیستمە و تەواوی زانیارییەکانی ئەو کەسەی تێدا دەبێت.
 
رووداو: رۆژی دووشەممە بەردەم بانکەکەتان زۆر قەرەباڵخ بوو، بەڵام بۆچی رۆژی دواتر چۆڵ بوو؟ کەس نەهاتووە بۆ کڕینی دۆلار؟
 
هەمیلە گەردی: ئەو پڕۆسەیەمان هەفتەیەک لەمەوپێش دەستپێکردووە لە فڕۆکەخانەی هەولێر، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش راستی زۆریان پێخۆش بوو کە ئەو دەستپێشخەرییەمان لە کوردستان کرد لە کاتێکی زۆر ئەستەمدا کە رێگەیان نەدەدا بە بانکە ئەهلییەکان بێن لە کوردستان لەو جۆرە خزمەتگوزارییەیان هەبێت. بەشێوەیەکی زۆر فەرمی بە باوەڕپێکراویی بانکی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکی پشتگیریان کرد، کە ئەم پڕۆژەیە بۆ کوردستان بێت.
 
کێشەی ئێمە چییە؟ خەڵکێک هەیە نازانێت دەرئەنجامی ئەو دۆخە چی دەبێت. من ناچار بووم ئەمڕۆ دەرگەی بانک لەسەر ئەو بەرنامەیە دابخەم و ئەمڕۆ دۆلاری هەرزانمان نییە، چونکە بەداخەوە خەڵک لە مەترسییەکانی ئەو بابەتە تێناگات. ئەمڕۆ نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو، کۆمپانیا گەشتیارییەکان، هەندێک لە دەوڵەمەندانی خۆمان چی هی هەولێر بن یان دهۆک و زاخۆ یەک پارەی خۆیان بەکاردەهێنن و لۆبییان دروستکردووە و گرووپێکیان هێناوەتە نێو خەڵک و پارە دەدەن بەو گرووپە و دەڵێن بڕۆنە بانکی ئاڕتی و پارەکەی بهێنن. خەڵکی ئێمەش هەندێکیان تێناگەن لەو دۆخە و بۆ ئاگاداریی ئێوە تەزکەرە و پاسپۆڕتیشی بۆ دەکەن، دێت بۆ بانک و پێشکێشیان دەکات. ئاشکرا بووە کە ئەو هاووڵاتییانە پسوولەی چوونە نێو فڕۆکەخانەشیان وەرگرتووە و دەچێتە فڕۆکەخانە و لە فڕۆکەخانە دەگەڕێتەوە. حکومەتی ئەمریکا و بانکی ناوەندیی عێراق بەو مەسەلەیان زانی.... ئێمە نامانەوێت کوردستان ببێتە شوێنێک بۆ سپیکردنەوەی پارە، چونکە بۆ میلـلەتی ئێمە هەڵەیە و حکومەتی ئێمە قبووڵ ناکات و ئێمەش وەکو بانکێک لە هەرێمی کوردستان ئەوە قبووڵ ناکەین. هاووڵاتییەکی ئێمە لە نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو و کۆمپانیای گەشتیاریی گەورە و بڕێکی کەم قازانج دەدات بە هاووڵاتی و بە سیناریۆیەکی ئامادەکراو هاووڵاتی دەبات بۆ فڕۆکەخانە دوبەی یان تورکیا و هەمان رۆژ دەیگەڕێنێتەوە بۆ کوردستان، جووڵانی ئەو دۆلارە و ئەو ژمارە سێڕیاڵەی لەلایەن ئەمریکاوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت، کە ئەو هاووڵاتییە بۆ کوێ چووە و ئەو پارەیەی بۆ چی بردووە، ئەگەر گەشتیاری راستەقینە بێت کێشە نییە ئەو پارەیە بباتە دەرەوە، بەڵام تۆ بچی بۆ فڕۆکەخانە و بێیەوە ئەوە بەدواداچوونی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکای بەدوادا دەبێت. هێرش دەکرێتە سەر خەڵکی ئێمە بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار، بۆیە ناچار بووین دەرگەی بانک دابخەین لەبەر ئەوەی سپیکردنەوەی پارە لە کوردستان لەئارادایە.

 

رووداو: مەترسییەکانی چین؟ ئەگەر کەسێک بچێتە فڕۆکەخانەی تورکیا و بگەڕێتەوە کوردستان بە چی ئاشکرا دەبێت؟
 
هەمیلە گەردی: بێگومان کێشە بۆ پاسپۆرتەکەت دروست دەبێت، لە هەمان رۆژدا نا، بەڵام 30 رۆژ بەو پڕۆسەیەوە دەبن تاوەکو ناوی تۆ لە ئینتێرپۆلی نێودەوڵەتی ئاشکرا دەبێت، واتا تۆ ئەمڕۆ بۆ فڕۆکەخانەی تورکیا گەشت دەکەی و دەگەڕێیەوە بۆ کوردستان و حەوت هەزار دۆلارەکەی خۆت هێناوەتەوە، بەو پلاتفۆڕمە 30 رۆژ پێویستە کە ناوی تۆ دەربکەوێت و دەزانن کە ئەو پارەیەت بەکارنەهێناوە، چونکە ئەمڕۆ کە تۆ چووی 23ـی مانگە و من گوتم ئەو دراوە ژمارەی سێریاڵی لەسەرە و وەکوو سیخوڕێک وایە لە گیرفانتا، چونکە ئابووریی هەر دەوڵەتێک لەسەر هێزی کڕین و هەڵاوسانی ئەو دەوڵەتە دادەڕێژرێت. ئەمڕۆ کام هاووڵاتیی ئێمە دەچێت بۆ گەشتێکی کەمتر لە 24 کاژێری و کە حەوت هەزار دۆلار خەرج بکات. هاووڵاتییەک کە دێتە بەر دەرگەی بانک کاتێک دەیبینین دەزانین کە ئەوە لە ژیانیدا پاسپۆڕتی نەبووە و وێنەی پاسپۆڕتەکەی بەشێوەیەکە و کاتێک چاو لە خۆی دەکەین بە شێوەیەکی دیکەیە. هەندێک کۆمپانیای گەشتیاری و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو خەڵکەکە بە شێوەیەکی هەڵە بەکاردەهێنێت برا گیان، ئەوەیە کێشەی ئێمە.
 
رووداو: ئەوە مەترسییەکی زۆر گەورەیە و خەڵک دەبێ زۆرباش لێی ئاگادار بن.
 
هەمیلە گەردی: دەزانی کاکە مەترسییەکی زۆر گەورەیە و سەری خەڵک، کوردستان و هەموو خەڵکێک کە لەو وڵاتەیە دەخوات، چونکە جگە لەوە بەداخەوە نووسینگەکانی گۆڕینەوەی دراو، ئەو مامەڵەیە دەکەن و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کوردستان، مەسەلێک هەیە کە دەڵێت کەمخۆری بەردەوام خۆر بە، ئەو کۆمپانیایانەی ئاڵوگۆڕی دراو ئەمڕۆ هەمووی لەلای بانکی ناوەندی مۆڵەتی هەیە دڵنیام هەرکام بە جۆرێک بزنسی خۆی هەیە. ئەو چاوچنۆکییە بۆچییە بۆ 200 یان 300 دۆلار.
 
رووداو: ئێستا تۆ پلانت چییە؟ هەر دەرگە لەسەر خەڵک دادەخەیت و دۆلاریان پێنافرۆشی؟
 
هەمیلە گەردی: پلانی من ئەوەیە ئێستا سیستمێکی ئەلیکترۆنی دادەنێین و فۆرمێک کە لە بانکی ئێمە دروست دەکرێت کە ئەلیکترۆنییە و گەشتیاری راستەقینە دەچێتە سەر پلاتفۆرمی ئاڕتی و دەبێ فۆرمێک پڕ بکاتەوە و 24 کاژێر پێش گەشتەکەی، پێناسە و ئەوراقی خۆی بۆ ئێمە بنێرێت ئەوە دەبێتە فیلتەری یەکەم و دەبێ بۆخۆشی لەنێو کۆمپیتەر نۆرەی خۆی بگرێت و پێویست ناکات بۆ ئەوە بێتە بەردەم ئاڕتی بانک، کاتی چاوپێکەوتنی بۆ دیاری دەکرێت بۆ نموونە دەڵێت تۆ دەبێ کاژێر 10:30 خولەکی بەیانیی رۆژی شەممە لە بانک بیت، ئەو دەبێ کاژێر 10:30 خولەک بێت و ئەوراقی خۆی بهێنێت.
 
رووداو: ناتوانن وای لێبکەن کە ئەو سەردانە فیزیکییەی نەبێت؟
 
هەمیلە گەردی: بێگومان دەبێت، بۆیە ئەوە دەڵێم، چونکە شتێکی رێکوپێکە و گرنگە بۆ خەڵکی ئێمە. دەتوانین هاووڵاتیی ئێمە هەر سەردان نەکات و یەکسەر بڕوات بۆ فڕۆکەخانە واتا بە شێوازی ئۆنلاین دەبێتە ئەندامی ئاڕتی و بۆ خۆی حیسابێک دەکاتەوە. دوای ئەوە لەنێو ماڵپەڕدا بۆ خۆی دەچێت فۆڕمێک پڕ دەکاتەوە و ئاڕتی بانک نۆرەیەکی بۆ دادەنێت و دەڵێت کاژێر ئەوەندە وەرە بۆ بانک. دەبێ ئەو کاتەی کە دەڕوات بۆ وەرگرتنی پارە هەر بێت بۆ بانک، بەڵام نەک ئێرە بەڵکو لقی ئێمە لە فڕۆکەخانە. هاووڵاتی دەشتوانێت کاتێک دێت حیسابی بانکی دەکاتەوە تەنیا بۆ کار دێت و دەبێت ئەو کات فیزیکی سەردان بکات، چونکە دەبێ کارتەکەی وەربگرێت. ئەو کات دەتوانین پارەکەی بۆ لە کارتەکەی بکەین و تەنانەت سەردانی لقی بانک لە فڕۆکەخانەش نەکات.
 
رووداو: بەڵام لە فڕۆکەخانە لە حاڵەتی ئاساییشدا، شوێنی ئێوە بۆ پێدانی پسوولەی چوونەدەرەوە زۆر زۆر قەرەباڵخە، بیستوومە خەڵک هەیە فڕۆکەکەی فڕیوە و هێشتا هەر لە سڕەی وەرگرتنی دۆلاردایە ئەوەی چۆن چارەسەر دەکەن؟
 
هەمیلە گەردی: لە سەرەتاوە ئەو کارەمان لە فڕۆکەخانە دەستپێکردووە، بەڵام ئێستا بەشێکی ئەو کارە وەکو پێدانی ئەوراق لە لقەکان دەکرێت و شوێنی وەرگرتنی پارە تەنیا دەبێتە لقی فڕۆکەخانە. با هاووڵاتییان بزانن کە بەو شێوازە پێویستی بە نۆرەش نییە ئەگەر بێن بۆ خۆیان حیسابەکەیان بکەنەوە و کارتێک وەربگرن و پارەکەی راستەوخۆ دەچێتە نێو ئەو کارتە. هەر بەو نرخەی کە حەوت هەزار دۆلار بە دەست وەردەگرێت، ئەو پارەیە دەچێتە نێو کارت و دەتوانێت خەرجی بکات.
 
رووداو: ئەو کەسە کارتێکی پێیە حەوت هەزار دۆلاری تێدایە، دەتوانێت لە تورکیا رایکێشێتەوە و بیکاتە کاش؟
 
هەمیلە گەردی: بێگومان دەتوانێت، بەڵام ئەویش سەقفی خۆی هەیە، حەوت هەزار دۆلاری لەسەر حیسابی خۆی هەیە و بۆ نموونە دەچێت بۆ تورکیا، دەتوانێت بیهێنێتەوە سەر ئەی تی ئێم، بەڵام دەبێ تەلەفۆنێک بۆ ناوەندی ئێمە بکات و بڵێت من نیازم هەیە سەقفی خەرجی پارەی من زیاتر بکەن، بەڵام لەحاڵەتی ئاساییدا ئەگەر تەلەفۆن بۆ ئێمە نەکات سەقفی پارەکەی دەچێتە نێو هەندێک حالەت کە 500 یان ملیۆن یان ملیۆن و نیوە.
 
رووداو: دەتوانێت بۆ نموونە پارەکە لە تورکیا دەربهێنێتەوە و بیکاتەوە بە کاش و بیهێنێتەوە کوردستان؟ ئەوەش هەر مەترسییەکی گەورە نییە؟
 
هەمیلە گەردی: نا 90٪ مەترسییەکە وەستاوە، چونکە پارەکە چووەتە نێو کارتەوە. 
 
رووداو: ئەمریکا دووبارە چاودێریی ئەوە ناکاتەوە کە من فێڵم کردووە؟
 
هەمیلە گەردی: نا، ئاخر بەرلەوەی تۆ گەشت بکەی، حیساب بۆ ئەوە دەکرێت کە تۆ بچی بۆ تورکیا، بۆ 16 کاژێر نییە، بۆ 24 کاژێر نییە و ئەوانە هەموو لێکدانەوەی بۆ دەکرێت. دەبێ خەڵک خۆی بپارێزێت کەمتر لە 5 یان 6 رۆژ لە گەشتەکەیدا نەمێنێتەوە.
 
رووداو: واتا خەڵک دەبێت خۆی لەوە بپارێزێت کە بیەوێ فێڵ بکات؟
 
هەمیلە گەردی: دەبێت خەڵک خۆی بپارێزێت و لانیکەم پێنج بۆ شەش رۆژ لەو وڵاتەدا بمێنێتەوە. مەبەست لە هێنانی ئەم پارەیە دوو شتە، یەکەمیان لە سودی حکومەتی عێراقە، لەبەر ئەوەی ئێستا کە نەوتی عێراق دەفرۆشرێت، پارەکەی نایەتە عێراق، پارەکە هەمووی لە بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکا کۆبووەتەوە، عێراق حەزدەکات کە ئەو پارەیە بگەڕێتەوە ناو وڵاتەکەی، حکومەتی ئەمریکا دوای چەندین ساڵ چاودێری بەسەر حکومەتی عێراق بینی کە دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ هەندێک لایەن و کەسایەتی نافەرمی دەکات، بۆیە چوار بانک لە عێراق راگیران و ئێستا 14 بانکی دیکەش لەژێر چاودێریدان.
 
رووداو: ئەو بانکانە تەنیا سڕکراون یان خراونەتە لیستی رەشەوە؟
 
هەمیلە گەردی: تاوەکو ئێستا راگیراون، بەڵام هەموو دەزانین کە چیان بەسەردێت، جگە لەمانە بانکی دیکەش ئەو مەترسییەیان لەسەرە. ئەمڕۆ ئەو نەوتەی عێراق کە دەفرۆشرێت دۆلارەکەی لە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا هەڵدەگیرێت، ئێمە پێویستمان بەوەیە رێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی ئەم پارەیە بگەڕێنینەوە بۆ ئەوەی مووچەی خەڵکی عێراقی پێ بدەین و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی پێ جێبەجێ بکەین، لەبەر ئەوەی پارەی فەرمیی عێراق دینارە و ئەم دۆلارە کە دەهێنینەوە رێگەیەکمان دەوێت بیکەینە دینار، بەڵام دەرکەوت کۆمەڵێک حەواڵەی ناشەرعی هەیە و ئەمریکا ئەم رێگەیەی لە ئێمە گرت و گوتی نابێت ئێمە ئەم دۆلارە رەوانەی عێراق بکەین و دواتر کارمان نەبێت کەچی لێ بەسەردێت. ئێستا حکومەتی عێراق رێگەیەکی دۆزیوەتەوە کە ئەو دۆلارەی دێتەوە بە شێوازێک بیداتە هاووڵاتییان کە بڕێکی کەمی بدرێتە ئەو کەسانەی سەفەر دەکەن و هەندێکیش بدرێتە بازرگانان. بەڵام خەڵکی ئێمە لەم بابەتە تێناگات و بۆ بڕێکی کەمی پارە دێت و دۆلار دەکڕێت، بڕوا دەکەن کە خەڵک هاتووە بۆ 15 هەزار دینار کە پێیدراوە ویستوویەتی دۆلار لە بانکەکەمان بکڕێت، ئەی من چۆن دەرگای بانگ دانەخەم؟ خەڵک بۆ 15 هەزار دینار هاتووە و پارەی گۆڕیوەتەوە. بەمە پاڵەپەستۆیەکی زۆر دەکەوێتە سەر ئێمە لە بانک.
 
رووداو: ئەگەر کەسێک دۆلاری لە ئێوە وەرگرت و سەفەری کرد، بەڵام کە گەڕایەوە دۆلارەکەی لەگەڵ خۆی هێنایەوە، یان هەر نەیبات و لێرە بیفرۆشێتەوە، بەرپرسیاریەتییەکەی دەکەوێتە سەر شانی کێ؟
 
هەمیلە گەردی: دەکەوێتە سەر ئەو کەسەی دۆلارەکەی لە بانک وەرگرتووە.
 
رووداو: واتا بانکەکە تاوانبار نابێت، ئەو کەسەی گۆڕیویەتەوە کێشە بۆ پاسپۆرتەکەی دروستدەبێت؟
 
هەمیلە گەردی: بەڵێ ئەو کەسەی بە کارت و پاسپۆرتی خۆی هاتووە و دۆلارەکەی کڕیوە بەرپرسیار دەبێت.
 
رووداو: نیازی ئەوەتان هەیە لە دەروازە سنوورییەکان بۆ ئەو کەسانەی لە رێگەی وشکانییەوە سەفەر دەکەن نووسینگەتان هەبێت و خەڵک لەوێش بتوانێت دۆلارتان لێ بکڕێت؟
 
هەمیلە گەردی: بەڵێ ئێمە رەزامەندیمان هەیە بۆ دەروازەی ئیبراهیم خەلیل زاخۆ، بەڵام من نەمکردووەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو ئەزموونەی فڕۆکەخانە وای لێکردووم نەوێرم. من پێم ناخۆشە خەڵکی ئێمە لە کوردستان ئەم ئۆڤەرە بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان بەکاربهێنن، چونکە ئەو پڕۆژەیە کە بۆ کوردستان هاتووە، دەبێ ئێمە نموونەیەکی ئەوەندە جوان پێشان بدەین، کە ببین بۆ رەمزێک بۆ عێراق و گوزارشت لە کوردبوون و حکومەتی خۆمان بکەین، واتا هەر کەسێکی راستەقینە کە سەفەری هەبێت، ئەو کارتی گۆڕینەوەی دراو بهێنێتە بانک.
 
رووداو: نووسینگەتان لە فڕۆکەخانەی سلێمانیش هەیە یان هەر لە هەولێرە؟
 
هەمیلە گەردی: نووسینگەمان لە سلێمانیش هەیە، بەڵام بەڕاستی زۆر پابەندن و تائێستا هیچ کێشەیەکمان بۆ دروست نەبووە. سیستمەکە زۆر بە رێکی بەڕێوەدەچێت و هەموویان گەشتیاری راستەقینەن و پابەندی نۆرەگرتن دەبن.
 
رووداو: لە دهۆکیش لقتان هەیە؟

 

هەمیلە گەردی: بەڵێ هەمانە و دەستمانپێکرد، بەڵام ئەویشمان داخست، ئێستا تەنیا دوو لقی بەغدا و سلێمانیمان کراوەیە.
 
رووداو: ئێوە بە سیستمی سویفت کاردەکەن؟
 
هەمیلە گەردی: بەڵێ.
 
رووداو: دەمێکە بەو سیستمە کار دەکەن؟
 
هەمیلە گەردی: بەڵی ئێستا لە عێراق بە سیسمی سویفت کاردەکەین.
 
رووداو: رەنگە لە  بانکەکانی دیکەدا کێشەی مامەڵەکردن هەبووبێت، ئێوە دەمێکە بە سیستمی سویفت کار دەکەن، هیچ کێشەیەکتان نییە؟
 
هەمیلە گەردی: دەمێکە حەواڵەی پارەمان لە نێوان عێراق و وڵاتان بە سیستمی سویفت بووە، سویفتیش موڵکی ئەمریکایە و لەبن کۆنتڕۆڵ و چاودێری ئەمریکایە، ئێمەش مامەڵە بەو سیستمە دەکەین.
 
رووداو: بازرگانێک چۆن دەتوانێت سوودمەندبێت لە دۆلاری هەزار و 320 دیناری؟
 
هەمیلە گەردی: ئێستا زۆر بازرگان هەن بەشداری زیادکردنی ئاشکرا دەکەن لەگەڵمان، پلاتفۆرمی سویفتیش شێوەیەکی نوێیە و مانگی 12ی 2022 ئێمە دەستمانپێکرد و ئێستاش هەر بەمە کار دەکەین، زۆر بازرگان بەشداری تێدا دەکەن، سوپاسی ئەو بازرگانانەش دەکەین کە پابەندی ئەو سیستمە دەبن. سیستمەکە هەندێک کێشەی تەکنیکی تێدا دروستبوو، لەبەر ئەوەی سیستمێکی نوێیە لە عێراق، لە هەموو وڵاتانی دیکە هەیە و وەکو زیادکردنی ئاشکرا بەکاریدەهێنن، زیادکردنی ئاشکرای دراو بۆ دراو. ئەو سیستمە بۆ عێراق دروستکرا بۆ ئەوەی لە رێگەی سویفتەوە مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتاندا بکەین. بازرگانانی ئێمە کە ژمارەیان زۆریشە، دێن و بەشداری ئەو سیستمە دەکەن و دینار دەهێنن و بە هەزار و 320 دینار دۆلاریان لە بانک پێدەدرێت. بە دڵنیاییەوە هەر سیستمێک کە لە سەرەتاوە دادەمەزرێت، هەندێک گرفتی تێدا دەبێت.
 
رووداو: ئێستا بازرگان دەتوانێت کەڵک لەم ئۆفەرە وەربگرێت؟
 
هەمیلە گەردی: بەڵێ دەتوانێت و زۆر بازرگانیش سوودی لێ وەردەگرن.
 
رووداو: لە رێگەی ئارتی بانکەوە بازرگان توانیویەتی دۆلاری هەزار و 320 دیناری وەربگرێت؟
 
هەمیلە گەردی: بەڵێ لە رێگەی ئارتی بانک و هەندێک بانکی دیکەشەوە وەریانگرتووە.
 
رووداو: بۆ دۆلاری کاش تەنیا ئێوە لە کوردستان هەن کە بتوانن حەوت هەزار دۆلارەکە بدەن بە گەشتیاران، هیچ بانکی دیکە هەیە؟
 
هەمیلە گەردی: ئێستا لە کوردستان تەنیا ئێمە هەین.
 
رووداو: بۆ بازرگانان هەر ئێوە هەن یان بانکی دیکەش هەیە؟
 
هەمیلە گەردی: نا، بانکی دیکەش هەیە.
 
رووداو: ئێستا بازرگان لە کوردستانەوە دەتوانێت کاڵا لە وڵاتێکی دیکەوە بە دۆلاری هەزار و 320 دیناری بهێنێت؟

 

هەمیلە گەردی: بەڵێ.

 

رووداو: پرۆسەکە ئاسانە؟
 
هەمیلە گەردی: پرۆسەکە زۆر ئاسانە، بەڵام هەندێک کێشەی تەکنیکی دروستدەبێت لەلایەن بانکی ناوەندی و بانکی ئێمە و بەهۆی جیاوازی کاتی ئێمە و ئەمریکاش جێبەجێکردنەکە کەمێک کێشەی کات دروست دەکات، چونکە ئەو سیستمەی ئێمە لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەیڤ کراوە، بۆیە جیاوازی کاتیش هەندێک کاریگەری دادەنێت، کێشە تەکنیکییەکانی بانکی ناوەندیش خەریکن چارەسەر دەبن.
 
رووداو: بەم سیستمی سویفتە ساڵانە بە سەتان ترلیۆن دۆلار لە جیهاندا مامەڵەی پێ دەکرێت و رۆژانە زیاتر لە 20 هەزار نامە لەم سیستمەدا دێت و دەچێت، بازرگان هەیە دەڵێت من کێبڵ دەهێنم کە لە بازاڕەکانی جیهان بە نرخی بۆرسەیە و کاژێرێک بۆ کاژێرێکی دیکە نرخی دەگۆڕێت، کاتێک ئەو کێبڵە بکڕم و حجزی بکەم، دەبێت ئەم چرکەیە پارەکە بنێرم، بەڵام دوای دوو هەفتە رەزامەندی دەدرێت بۆ حەواڵە پارە لە عێراق، کاتەکە ئەوەندە دەخایەنێت؟

 

هەمیلە گەردی: بەڵێ هەندێک حەواڵە هەیە 18 رۆژی پێدەچێت. هەندێک بانکی دیکە هەیە لە عێراق 29 رۆژ چاوەڕێ کراوە و پارەکە دەرنەچووە.
 
رووداو: کێشەکە لە ئەمریکاوەیە یان لە عێراقە؟
 
هەمیلە گەردی: کێشەکە ئەوەیە کە پلاتفۆرمەکە نوێیە و کەس نازانێت کاری پێ بکات.
 
رووداو: ئەگەر لە سیستمەکە رابێین، ئەم پرۆسەیە چەند رۆژ دەخایەنێت؟
 
هەمیلە گەردی: ئەگەر کێشەی تەکنیکی نەبێت چوار رۆژ دەخایەنێت.
 
رووداو: ئێوە پارەکە حەواڵە دەکەن یان کەسێکی دیکە؟ رۆڵی بانکێکی وەکو ئارتی بانک چییە لەم بابەتەدا؟
 
هەمیلە گەردی: سویفتەکە لە ئارتی بانک جێبەجێ دەکرێت.
 
رووداو: لەماڵەوە من دەتوانم چی بکەم؟
 
هەمیلە گەردی: دەبێ دۆکۆمێنتەکانت بۆ بانک بنێریت.
 
رووداو: ئەپڵیکەیشنی تایبەتی هەیە بۆ ئەم کارە؟
 
هەمیلە گەردی: بەڵێ ئەپڵیکەیشنێکە کە دەتوانن هەموو نووسراوەکانتان ئاپلۆد بکەن و دەگاتە بەشی زیادکردنی ئاشکرای بانکەکەمان.
 
رووداو: چەند پرسیار و وەڵامی تێدایە؟
 
هەمیلە گەردی: پرسیارەکان زۆر کەمن، ئێستا ئەگەر چوویە ناو زیادکردنی ئاشکرا لەچاو ساڵێک لەمەوبەر زۆر ئاسانترە، ئێستا داواکاری هەر نییە، تەنیا یەک شتە ئەویش ئەو کەسەی پارەکەی پێدەگات کێیە؟ تەنیا ئەوەیە کە ئەمریکا داوای دەکات. بۆ نموونە کەسێک کە بازرگانی کەلوپەلی کارەباییە، دەمانەوێ بزانین لەگەڵ کێ مامەڵە دەکات، لەجیاتی ئێمە ئەمریکا پارەکە حەواڵەی ئەم شوێنە دەکات.
 
رووداو: لەکاتی کۆرۆنادا تووشی کێشەی دابینکردنی زنجیرەی خۆراک بووین، بەڵام ئێستا تووشی کێشەی دابینکردنی پارە و حەواڵەکردن بووین، پێشبینی دەکەی کەی دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە؟ 
 
هەمیلە گەردی: راستییەکەی دۆخەکە زۆر ناڕێکە، ئێستا بانکەکان کاری کۆمپانیاکانی حەواڵە دەکەن و پلاتفۆرمەکەش بە باشی بەڕێوەناچێت بەهۆی کۆمەڵێک کێشەی تەکنیکی، لەگەڵ ئەوەش بازاڕی شێخەڵڵا و هەموو کۆمپانیاکانی حەواڵە راگیران، واتا ئەوان کە جاران پارەیان بۆ دەرەوە حەواڵە دەکرد، ئێستا بانکەکان دەبێ ئەم کارە بکەن.
 
رووداو: لە سلێمانی پێشتر راگیرا، لە هەولێریش راگیراوە؟
 
هەمیلە گەردی: لە هەموو عێراق راگیرا. ئێستا حەواڵە لە کۆمپانیاکانی گۆڕینەوەی دراو نەماوە. بازرگانی ئێمە فێربووبوو ئەگەر کەلوپەلی دەکڕی، تەلەفۆنی بۆ کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی دراو دەکرد و دەیگوت چوار ملیۆن دۆلارم بۆ چین بۆ حەواڵە بکە، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە. دەبێ تەنیا لە رێگەی بانکەوە ئەم کارە بکرێت.
 
رووداو: لە بانک ئەم حەواڵەیە چۆن دەکرێت، کێ ئەڵێت ئەو شوێنەی پارەکەی بۆ دەچێت شوێنێکی راستەقینەیە؟
 
هەمیلە گەردی: کەسێک کە بسکویت لە تورکیا دەهێنێت و بایی 25 هەزار دۆلارە، بۆ ئەمەش ناتوانێ لە نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بە تەلەفۆن بینێرێت، ئەو کەسە دێتە بانک و ئێمە ئەم حەواڵەیەی بۆ دەکەین.
 
رووداو: ئەو شوێنەی پارەکەی بۆ دەنێریت کێ دەڵێت لە لیستی رەشدا نییە؟
 
هەمیلە گەردی: بۆ ئەمە سیستمی ئۆفاک و ئەی ئێم ئێڵمان هەیە، هەموو سیستمەکانمان هەیە. بەتایبەتی ئارتی بانک بانکێکی نێودەوڵەتییە.
 
رووداو: دۆلار بە هەر نرخێک بێت ئێوە لێپێچینەوە دەکەن کە بازرگانەکە ئەم پارەیە بۆ کوێ و بە چ مەبەستێک حەواڵە دەکات یان هەر بۆ دۆلارە هەرزانەکە ئەم لێپێچینەوەیە هەیە؟
 
هەمیلە گەردی: پەیوەندی بە نرخی دۆلارەوە نییە، ئەوە یەک سیستمە و بۆ رێگرییە لە سپیکردنەوەی پارە. کە تۆ دێیتە بانک و هەژمارێک دەکەیتەوە، دەبێ بانک بزانێت تۆ کێی و چ کارێک دەکەیت و پاڵپشتی کارت هەیە و لەکوێ کار دەکەیت و لەگەڵ کێ مامەڵە دەکەیت.
 
رووداو: پرسیارێکی ئەوتۆمان نەماوە، لە کۆتاییدا ئەگەر سەرنجێکتان هەیە و حەز دەکەن باسی بکەن، بفەرموون؟
 
هەمیلە گەردی: ئێمە داوامان لە خەڵکی خۆمان ئەوەیە کە نامانەوێ وەکو ئارتی بانک کە بانکێکی کوردییە ببینە جێی سەرنج بۆ سپیکردنەوەی پارە و پارەی رەش و ناشمانەوێت خەڵکی ئێمە بچنە فڕۆکەخانەی وڵاتێک و بگیرێن لەبەر ئەوەی مامەڵەیان بە حەوت هەزار یان سێ هەزار دۆلاری عومرەوە کردووە. من حەز ناکەم هاووڵاتییانمان خۆیان تووشی کێشە بکەن بۆ قازانجێکی زۆر کەم کێشە بۆ خۆیان و خێزان و پاسپۆرتەکەیان دروستبێت. جیا لەمەش داوام ئەوەیە بازرگانانی ئێمە بزانن ئەمنیەتی ئەو سیستمە زۆرە، کە بانکی کوردی و عێراقی خستوویانەتە خزمەتی، لە رێگەی بانکەوە بازرگانی خۆیان بکەن و دانبەخۆداگرتنیان هەبێت لەبەر ئەوەی سیستمێکی نوێیە بۆ هەموو ئێمە و بانکی ناوەندی و هەموو خەڵک. ئەوەی گرنگە لەو سیستمەدا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئێستا دەبینێت کە خاوەنی بۆ نمونە ئەم کۆمپانیایە کوردە و یان خاوەنی ئەمەیان خەڵکی هەولێر یان بەغدایە، ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە. رێکارەکانی زۆر گرانن، بەڵام سوودەکانی بۆ داهاتوو زۆر زۆرە، چونکە تۆ وەکو بازرگانێکی کورد یان عێراقی لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەناسرێیت.
 
ئەو خەڵکەی دێن پارە بۆ نووسینگەکان دەگۆڕنەوە ئەوپەڕی 200 هەزار دینار سوودی بۆ ئەوانە و پارەکەی دیکە بۆ نووسینگەکەیە، تکتێکی چوون و گەڕانەوەی بۆ دەکردرێت و هیچی دیکە. دوێنێ بەدواداچوونم بۆ بابەتەکە کرد، یەکێک بۆ 50 هەزار دینار هاتبوو پارە بۆ نووسینگەیەک بگۆڕێتەوە. ئاخر بۆچی بۆ 50 هەزار پاسپۆرتی خۆت دەخەیە کێشەوە؟ ئەمڕۆ خەڵک هەبوو کاژێر چواری بەیانی بە بەتانی و دۆشەگەوە هاتبوون کورسی و چایی و خواردنیان هێنابوو و نۆرەیان گرتبوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە