رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کرماشان دەڵێت، سەردانەکەیان بۆ هەولێر دەرفەتێکی "زۆرباش" بوو بۆ گەشەسەندنی ناوچەکە و جەختکردنەوە بوو لەسەر ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانی. هاوکات، رەخنەی ئەوە دەگرێت کە لە هەرێمی کوردستان وەکو پێویست گرنگی بە جلوبەرگ و کولتووری کوردی نادرێت.
محەممەد تەیب سەحرایی، پارێزگاری کرماشان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ جەعفەر موبەشرنیا، پێشکێشکاری رووداو کە رۆژی 20ـی حوزەیران پەخشکرا، باسی لە سەردانی خۆی و شاندی یاوەری لە سەرەتای ئەم مانگەدا بۆ هەولێر و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەپرسانی هەرێمی کوردستان کرد.
پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، "رێککەوتنی زۆرباش" لەنێوان هەردوولا کرا؛ "پەروێزخان پلەی یەکەمی ترانزێتی لەنێو هەموو دەروازەکانی ئێران دا هەبوو. دەبێ خەڵکی هەردوو دیوی سنوور زۆرترین سوودیان بەربکەوێت."
سەحرایی دەشڵێت، رێژەی بێکاری لە کرماشان بەراورد بە حەوت ساڵی پێشوو بۆ نیوە دابەزیوە. لەبارەی کۆڵبەرەکانیشەوە دەڵێت، "پێویستە گەنجە کۆڵبەرەکانمان لە چوارچێوەی بازاڕدا کاربکەن."
پارێزگاری کرماشان لە بەشێکی گوتەکانیدا باسی لە زمان و دابونەریتی کوردی کرد: "زمان و دابونەریتی کوردی یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانمان. هانی بەکارهێنانی زمانی کوردی دەدەم."
گوتیشی کە خەڵکی پارێزگای کرماشان جلوبەرگی کوردی دەپۆشن، بەڵام گلەیی ئەوە دەکات کە "لە هەولێر 10 کەسم بە جلوبەرگی کوردییەوە نەبینی. زمان و دابونەریت و پۆشاکی کوردی لە کرماشان بەرچاوترە لە هەولێر."
هاوکات، باسی لەوە کرد کە "ئێمە لە ئێران ئەسپی رەسەنی کوردیمان تۆمارکردووە. هەوڵی بەجیهانیکردنی ئەسپی کوردی دەدەین."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەڕێز سەحرایی، دڵخۆشم کە ئێوە لێرەن و زۆر بەخێربێن.
پارێزگاری کرماشان: سڵاو و رێز، سوپاستان دەکەم.
رووداو: بەڕێز سەحرایی، ئەم سەردانەی ئێوە بۆ هەرێمی کوردستان هیچ ئەنجامێکی دەبێت؟
پارێزگاری کرماشان: بەناوی خودای گەورە و میهرەبان. بە لەبەرچاوگرتنی رەگە هاوبەشە مێژوویی و کولتووری و هەرێمییەکان، هەروەها خواستی هاوبەش و زۆرباش لەنێوان خەڵکی ئەم ناوچەیەدا، پەنا بەخوا ئەم سەردانە و گفتوگۆکانی سەردانەکە دەتوانێت دەرفەتێکی زۆرباش بێت بۆ گەشەسەندن و پەرەپێدانی ناوچەکە.
رووداو: ئێوە دەخوازن لە چ بوارێکدا پەیوەندییەکانی پارێزگای کرمانشان و هەرێمی کوردستان پێشبکەون؟
پارێزگاری کرماشان: ئەو هاوکارانەی لەم سەردانەدا یاوەرم بوون، هەموویان لە بەڕێوەبەرایەتی و دەزگائابووری، بازرگانی و گومرگییەکان بوون. بۆیە نێوەڕۆکی ئەم سەردانە جەختکردنەوە بوو لەسەر باس و خواسی ئابووری و بازرگانی و بوارە جیاوازەکانی دابینکردنی هەلی کار لەنێوان هەردوو ناوچەکەدا.
رووداو: ئێوە لەم سەردانەدا داوای چ شتێکتان لە هەرێمی کوردستان کرد؟
پارێزگاری کرماشان: ئاستی پەرەپێدان و گەشەپێدانی پەیوەندییەکان، پێویستییان بە پێداچوونەوەی زوو بە زوو هەیە. لەکاتی پەیوەندی و مامەڵەکردندا، زۆر پرس دێنە پێشەوە و هەندێک جار کێشە دروست دەبن، دەبێت پێکەوە بە هاوبیری و گفتوگۆ، رێگەچارە بۆ ئاسانکاری و خێراکرنی رەوتەکە بدۆزینەوە. لەم سەردانەدا بەشێک لەو پرسانە کەوتنە بەرباس و گفتوگۆ، رێککەوتنی زۆرباش کران. لەوانە، بەمەبەستی پەرەپێدان و زیادکردنی چەندێتی و چۆنیەتی ئاڵوگۆڕی نێوانمان پێویستیمان بە نۆژەنکردنەوەی بەرچاوی تۆڕەکانی رێگەوبانە، بڕیاردرا لە هەردوو دیوی کرماشان و هەرێمی کوردستان، لە ئەگەری رەزامەندی و لە چەند کاتێکی پلان بۆ دانراودا، لە چەند شوێنێک باشتر بکرێن، بۆ ئەوەی شۆفێرانی ئازیز بەگشتی و شۆفیرانی بارهەڵگرەکان بتوانن لە دۆخێکی باشتردا شۆفیری بکەن.
رووداو: وەڵامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ داخوازییەکانی ئێوە چی بوون؟
پارێزگاری کرماشان: هەر لە دەستپێکی هاتنمان و گفتوگۆ لەگەڵ پارێزگارە بەڕێزەکان، تاوەکو ئەوکاتەی دەرفەت دروستبوو لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێزی هەرێم گفتوگۆ بکەین، هەموویان لەوپەڕی برایەتی و دۆستایەتی و نیازێکی باش هەڵسوکەوتیان کرد. بەڕای من، گەورەیی و ئیرادەیەکی زۆر باش لە هەردوولا هەبوو بۆ پەرەسەندن و گەشەسەندنی پەیوەندییەکان، سوپاس بۆ خودا.
رووداو: قەبارەی بازرگانی نێوان کرماشان و هەرێمی کوردستان چەندە؟ پلان هەیە بۆ فراوانکردنی بازرگانی لە دەروازەی پەروێزخان؟
پارێزگاری کرماشان: دەروازەی سنووریی پەروێزخان وەکو دەروازەیەکی خاوەن پێشینە و چالاک، دەرفەتێکی زۆرباشە بۆ پارێزگای کرماشان و هەروەها بۆ خەڵک و بازرگانە بەڕێزەکانی هەرێمی کوردستان. لە دوو مانگی رابردوودا، دەروازەی پەروێزخان پلەی یەکەمی ترانزێتی هەبووە لەنێو هەموو دەروازەکانی وڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا. ئەم ترانزێتە بۆ خزمەتی بازرگانانی هەردوولایە. هەوڵدەدەین هەناردە و هاوردە و ترانزێت لەو دەروازەیەدا بەشێوەیەکی تایبەت و بەخێراییەکی دڵخوازی ئێمە گەشەبکات.
رووداو: بۆچوونی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن کە لە کرماشانەوە دەچن بۆ نەجەف و کەربەلا، لەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان چۆنە؟
پارێزگاری کرماشان: سوپاس بۆ خودا زۆر لە خەڵکی هەردوو دیوی سنوور پەیوەندی خزمایەتییان هەیە. پێشینەی هاوبەشی زۆرباشی مێژووییان هەیە، بەڵام پارێزگای کرماشان بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی، زیارەتکارانی لە دەروازەی خوسرەوییەوە دەچنە نێو وڵاتی عێراق. زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن زیاتر لە پارێزگای کوردستان و پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاواوە دێنە نێو هەرێم. زیارەتکارانی ئێمە ناچنە نێو هەرێمی کوردستان. لەبەر ئەمەیە کە ئێمە زۆر باسی چلەی ئیمام حوسێنمان لە کۆبوونەوەکاندا نەکردووە. باسەکانی من لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێزی هەرێم جەختکردنەوە بوو لەسەر پرسی ئابووری و بازرگانی.
رووداو: بەڕێزت زیاتر کاری کولتووریت کردووە، چۆن بووی بە پارێزگار کە زیاتر کاری ئابووری و خزمەتگوزاری و ئەمنی دەکات. لەڕووی کولتوورییەوە لە پارێزگای کرماشان چەند چالاکن؟
پارێزگاری کرماشان: دیارە چالاکییەکانم بە تەواویش کولتووری نەبوون. بواری خوێندنم و هەروەها حەز و خوێندنەوە و چالاکی کۆمەڵناسی و سیاسیم هەبووە و هەیە. دیارە پێشینەی زانکۆ وادەکات بۆ چوونە نێو کارێک، بە خۆئامادەکردنی زانستی و راوێژی پیشەیی بچینە پێشەوە. هەر بۆیە لە یەکەمین رۆژەکانی وەرگرتنی ئەرکی بەرپرسیارێتی، کۆمەڵەی زۆرباشم بۆ راوێژ و هاوبیری هەڵبژارد، لە بوارە جیاوازەکان، لەوانە ئابووری. رەنگە یەکێک لەو دەستکەوتانەی ئەو راوێژانە ئەوە بووبێت کە بەشێکی زۆری چالاکییەکانم خستوونەتە بازنەی چالاکییەکانی سنوور و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی سنوورەکان. ئەم هاتووچۆیانەی من و گرنگیدان بە پەرەپێدان و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی من کەسایەتییەکی کولتووریم هەبووە، بەڵام کۆی راوێژەکان منی گەیاندە ئەو ئەنجامە کە دەبێ لە بواری ئابووری دا خەڵکی هەردوو دیوی سنوور زۆرترین سوودمەند بن.
رووداو: لەدوایین ئاماری ساڵی رابردوودا، پارێزگای کرماشان لە بێکاری دا لە پلەی یەکەم دا بوو. ئێوە بۆ دەرفەتی کاری چیدەکەن؟ بۆچی هەمیشە کرماشان لە بێکاری دا لە ئێران لە پلەی یەکەمدایە؟
پارێزگاری کرماشان: لە هەردوو دیوی سنوور لە ساڵەکانی رابردوودا سەردەمێکی سەختمان پێکەوە بەڕێکردووە. سەردەمی تاڵ و سەختی هەبوونی سەددام. دوای سەددام، سێبەری ئاژاوەی گەورەی داعش بووە هۆی ئەوەی کە لەم ناوچەیەدا وەبەرهێنان هەندێک کەمببێتەوە. خەڵکی هەرێم بە باشی لەم قسەیەم تێدەگەن کە خوێنڕێژ و ستەمکارێکی وەکو سەددام چ تاوانێکی لە دژی خەڵکی کورد کرد. رووداوی تاڵ و کارەساتباری هەڵەبجە بەشێکە لەو تاوانانە. سوپاس بۆ خودا لە ساڵەکانی دواییدا، پرۆسەی هەلی کار بەهێزتر بووە.
رووداو: کەواتە دۆخی پارێزگای کرماشان باش نییە؟
پارێزگاری کرماشان: بڕوانە، سوپاس بۆ خودا هەموو پاریزگاکانی ئێران لە گەشەسەندندان، لەبەرئەوەی ئێمە مەودایەکی زۆرمان لەگەڵ رێژەی تێکڕای بێکاریی وڵاتمان هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا رێژەی بێکاری لە پارێزگای کرماشان بە بەراورد لەگەڵ نزیکەی حەوت ساڵ پێشتر بۆ نیوە دابەزیوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە رێژەی مامناوەندیی وڵات. ئەو سیاسەتانەی لە سەردەمی سەرۆککۆماری رەحمەتی و شەهیدمان فەخامەتی سەید ئیبراهیم رەئیسی دا پەیڕەوکران، ئەم پێشکەوتنەی زۆر خێرا کرد. هیوادارین بەم پرۆسەیە بەردەوامە و ئەو خێراییە باشەی لە رەخساندنی هەلی کاردا لە پارێزگای کرماشان هەیە، لەکاتێکی گونجاودا لە گەشەی هەلی کاری وڵات نزیک ببینەوە.
رووداو: ئەگەر دەرفەتی کارکردنیش پەیدابووبێت، وەکو ئێوە دەڵێن، بەڵام هێشتا کۆڵبەری هەیە. بۆچی؟ داهاتووی کۆڵبەری چۆن دەبێت؟
پارێزگاری کرماشان: بڕوانە، سیاسەتی پێشنیازکراو و بەردەوامی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بریتییە لە دروستکردنی بازاڕی سنووری و پێشخستنی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە چوارچێوەیەکی سەلامەت و سوودبەخش لە بازاڕەکەدا. کۆڵبەری پاشماوەی دۆخی کارکردنی پێشووە، هەروەها سەردەمی پێشووی پەیوەندییەکانی ئێمە وهەرێم، کە ئێمە لە گفتوگۆکانماندا باسمانکردوون. هیوادارین بە هاوئاهەنگی هەردوولا ئەو گەنجە ئازیزانەی خەریکی کۆلبەرین بتوانن لە کەشوهەوا و ئاسایشی باشتر و لە بارودۆخێکی گونجاودا چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکانیان لە چوارچێوەی ئەو بازاڕەدا بکەن.
رووداو: زۆر لەبارەی سنووری نەوسوود و پاوە دەبیستین رەوشێکی جیاوازتری لە دەروازەکانی دیکە هەیە، وەکو کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران. بۆچی چارەسەرێکی ئەو خاڵە سنوورییە ناکرێت؟
پارێزگاری کرماشان: هەوڵەکانمان بۆ ئەوەن لە هەموو سنوورە هاوبەشەکان لەگەڵ هەرێم، لە کۆڵبەری بەرەو بازاڕی سنووری بچین. بەشێوەیەکی سرووشتی بەشێکی داواکارییەکانمان لە بەرپرسانی هەرێم لەسەر ئەمە بوو کە هاوئاهەنگی و هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی رێکخستنێکی باشترمان لە سنوورە هاوبەشەکاندا هەبێت. هیچ جیاوازییەک نییە لە باکوورەوە تاوەکو باشووری پارێزگای کرماشان بۆ ئەو ئازیزانەی لە سنوورەکاندا کار دەکەن، بەپەلە بەدوای ئەوەوەین چالاکی بازاڕی سنووری بەهێز و فراوان بکەین. ئەم هاتووچۆیانەی من و پارێزگارەکانی دیکە بۆ هەرێم کە دوای سەردانی پارێزگارە بەڕێزەکانی هەرێمی کوردستان بۆ شاری ورمێ بوو، ئەو گفتوگۆیانەی لەم دەرفەتەدا پێکەوە هەمانبووە، یەکێکە لە هۆکارەکانی رەخساندنی بادورۆخێکی باشتر بۆ بازرگانی لەسەر سنوور.
رووداو: رەوشی زمانی کوردی لە کرماشان چۆنە، پێشتر دەگوترا کە لەنێو کرماشان دا زمانی کوردی زۆر بە کەمی بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی لای گەنجان، ئایا ئەوە کەموکوڕییە؟ ئایا ئێوە ئاگاداری ئەو پرسەن؟
پارێزگاری کرماشان: زمانی کوردی، داوونەریتی کوردی، حەز و بۆنەکانی کوردی، یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ئێمە. خەڵک و کۆمەڵگە دەبێ لەگەڵ ناسنامەی خۆیان بژین و بە ناسنامەکەیانەوە بەهایان هەیە. بۆیە من خۆم و هەروەها کۆمەڵەی میدیایی کرماشان هانی بەکارهێنانی زمانی کوردی دەدەین و هانی بەکارهێنانی داوونەریتی رەسەنی ئێرانی دەدەین کە داوونەریتی کوردی یەکێکە لە کۆڵەکە مێژووییەکانی. پێمانوایە ئەمە دەتوانێت پێشەکییەک بێت بۆ هەموو کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو. خەڵکی پارێزگای کرماشان جلوبەرگی کوردی دەپۆشن. بۆ ئاگاداریتان، بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش بوو کە ئەمڕۆ لە هەولێر گەڕام و پێشتر لە سلێمانی گەڕاوم، نەمبینی 10 کەس جلوبەرگی کوردییان لەبەردابێت، بەڵام ئێوە کاتێک لە پاوە، نەسوود، جوانڕۆ، روانسەر و سەلاس، تەنانەت لەنێو شاری کرماشانیش پیاسەیەک دەکەن، هەندێکجار زۆرینەی خەڵکی شارەکانمان جلوبەرگی کوردی دەپۆشن و کوردی قسە دەکەن. بۆ من دەرفەتێکی زۆرباش بوو ئەمڕۆ لە هەولێر پیاسەیەکم کرد، بەڵام زۆر سەرنجڕاکێش بوو، لەوانەیە 10 کەسم نەبینیبێت جلوبەرگی کوردیان پۆشیبێت.
رووداو: بەڵام دان بەوە دادەنێی کە زمانی کوردی لەنێو شاری کرماشان هەندێک لاوازە؟
پارێزگاری کرماشان: نەخێر، بڕوانە..
رووداو: ئێستا باشە؟
پارێزگاری کرماشان: ئێستا باشە و ئێمە شێوەزاری جیاوازی کوردیمان لە پارێزگای کرماشان هەیە.
رووداو: من مەبەستم سەنتەری شاری کرماشانە کە پێموابێت کەڵهوڕییە.
پارێزگاری کرماشان: لەنێو کرماشان خۆی، لەبەرئەوەی نەتەوەی جیاوازمان هەن و شێوەزاری جیاوازمان هەن، شێوەزارەکانی کوردی لە کرماشان جیاوازن و خەڵک بەپێی رەگی رەسەنایەتیی خۆیان کەڵکی لێوەردەگرن. خاڵێک هەیە ئەویش ئەوەیە کە کوردی، زمانی کوردی و داوونەریتی کوردی و پۆشاکی کوردی، بەڕای من لە کرماشان زیاتر لە هەولێر بەرچاو دەکەوێت.
رووداو: هیچ پلانتان هەیە بۆ پێشڤەچوونی زیاتر؟
پارێزگاری کرماشان: بەڵێ، بڕوانە..
رووداو: بۆ نموونە کردنەوەی بەشی ئەدەبی کوردی لە زانکۆی رازی لە کرماشان، هاوشێوەی زانکۆی کوردستان لە سنە؟
پارێزگاری کرماشان: لە کۆمەڵە جیاوازەکان دا پێشنیازی جیاوازم بۆیان هەیە، هەروەکو خۆت فەرمووت من حەزێکی کولتووریم هەیە، چەند باشە من بۆ بینەرەکانی کەناڵی ئێوەش ئەم پێشیازەم بخەمەڕوو. یەکێک لە پێشنیازەکانی من ئەمڕۆ بۆ بەڕێز وەزیری ناوخۆ و بۆ بەڕێز سەرۆکوەزیران ئەمە بوو کە هاوئاهەنگی بکەین بۆ تۆمارکردنی ئەسپی رەسەنی کوردی. کاتێک باسی ناسنامەی کوردی دەکەین، زمانی کوردی، جلوبەرگی کوردی، داوونەریتی کوردی، جەژنە نەتەوەیی و هەرێمییەکان، هەموو ئەمانە دەبێ لە پاڵ هەندێک هۆکاری تەواو و تەواوکەر لەبەرچاو بگیرێن. ئێمە دەرفەتێکمان هەیە بۆ جێگیرکردنی ناسنامەمان لە جیهانی سەردەم دا. یەکێک لەوانە کە دەتوانێ زۆریش سەرنجڕاکێش و جوان بێت، ئەسپی رەسەنی کوردییە. ئێمە لە ئێران ئەسپی رەسەنی کوردیمان تۆمارکرد. بۆ تۆماری جیهانیش پێویست بوو لە هەرێمی کوردستان هەندێک چالاکی کرابان و لە عێراق تۆمار بکرێت، ئینجا بە هاوبەشی بەدوای تۆمارکردنی جیهانی دا بچین. ئەمە وەکو نموونەیەک لە گرنگیدان بەو شتەی لەم ناوچەیەدا هەمانە.
رووداو: لە پارێزگای کرماشان تۆمارێکی دیکەشمان هەیە کە نێودەوڵەتییە، ئەویش تۆمارکردنی ناوچەی هەورامانە لە یونسکۆ. دوای ئەو تۆمارکردنە چ کراوە بۆ پاراستنی هەورامان و شوێنە مێژووییەکانی و هەموو تایبەتمەندییەکانی ئەو ناوچەیە؟
پارێزگاری کرماشان: پرسیارێکی زۆرباشت کرد. یەکێک لەو چالاکیانەی بە درێژایی ماوەی بەرپرسیارێتیم جەختم لەسەری کردووەتەوە، بەهێزکردنی ژێرخان بووە بۆ گەشەسەندن و پێشکەوتنی کرماشان بە تایبەتی ناوچەی هەورامان. بۆ نموونە با باسی گەشتیاریت بۆ بکەم. هاتووچۆی خەڵک بەبێ سوودوەرگرتن لە ژێرخان ناکرێت. یەک لەسەر چواری گوندەکانی پارێزگای کرماشان لەکاتی حکومەتی ئێستا واتە حکومەتی سەرۆککۆماری رەحمەتی ئایەتوڵڵا رەئیسی دا گازیان بۆ راکێشراوە. لەوانەش شاری ئەزگەلە، کە زۆر نزیکە لە سنوور.
رووداو: ئەزگەلە، پێموابێ بوومەلەرزە زیانێکی گەورەی پێگەیاند.
پارێزگاری کرماشان: بەڵێ وابوو. یان بۆ نموونە، گوندی زۆر جوان و سەرنجڕاکێشی هانەگەرمەڵە لە خاڵی سفری سنووری، کە سەر بە هەورامانە و نزیکە لە شاری پاوە. دەمەوێت ئەمە بڵێم کە لە دیارییە زۆر گرنگ و کاریگەرەکانی شۆڕشی ئیسلامی و حکومەتی کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی هەموو ناوچە جیاوازەکان لەوانە ناوچەی هەورامان و گوندە جیاوازەکانی پارێزگای کرماشان، دابینکردنی ژێرخانە بۆ پێشکەوتنیان. ئەو گوندانەی رێگەوبانێکی باشتر، کارەبا و ئاو و گازیان هەبێت، بەشدارییەکی زیاتریان هەیە لە پێشوازیکردن لە گەشتیاران. ئێستا ئێوە دەتوانن لە خاڵی سفری سنووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوێکی زۆر گەرم و ئارام لە زستانێکی ساردی ناوچەکەدا بەڕێبکەن، چونکە خەڵک گازی سرووشتیان هەیە و ئاوی خواردنەوەی خاوێن و تەندروست و گەرەنتیکراویان هەیە.
رووداو: ژێرخانی کەرتی گەشتیاری چۆنە؟
پارێزگاری کرماشان: لە باری گەشتیاری دا باسی ئەوەم کرد کە دوای تێپەڕاندنی قۆناخی ژێرخانەکان، پاراستنی پێکهاتەی ناوچەکەیە. بەهەرحاڵ ئێمە دەبێ ناوچەی هەورامان بە هەمان جوانییەکانییەوە بپارێزین. نابێت رێگەبدەین ئەو پێکهاتە زۆر جوان و تایبەتەی شار و گوندەکانی هەورامان ببێتە قوربانیی بیناسازیی بێ سەروبەر و بێ بنەما. هەوڵدەدین بەشێوازی جیاواز پارێزگاری لە شار و گوندەکانمان بکەین بۆ ئەوەی بتوانن رێک بە پاراستنی هەمان جوانییکانیانەوە پێشوازی لە گەشتیاران بکەن. هەر لەم مانگەی دواییدا کۆمەلێک بڕیاری زۆرباش لەبارەی پێکهاتە جیاوازە مێژووییەکانی پارێزگای کرماشان هەبوون بۆ ئەوە ئەو پێکهاتە مێژووییانە بە پارێزگاری لە ناسکی و جوانییە مێژووییەکەی خۆیەوە پێشوازی لە گەشتیار بکات.
رووداو: یارسانەکان گلەیی ئەوە دەکەن کە ئەوان لە پارێزگای کرماشان و لە هەموو ئێران سنووردار دەکرێن و لەسەر بنەمای رەسەنایەتیی ئایینی ئەوان پێشوازییان لێناکرێت. ئایا ئەوە راستە؟ سنووردارکردنی یارسان لەبەر ئایینەکەیانە؟
پارێزگاری کرماشان: بڕوانە، گوتم کە کرماشان پەلکەزێڕینەیەکی جوانی نەتەوەکان، زمانەکان و ئایین و مەزهەبە جیاوازەکانە. هەر ئێستا ئێمە لە کەناڵی زاگرۆس، کە کەناڵی دەنگ و رەنگە لە پارێزگای کرماشان، چەندین کاژێر بەرنامەمان بە زمانی کوردی هەیە، بە شێوەزاری جیاواز. هەر لەم رووداوە دڵتەزێنەی شەهیدبوونی سەرۆککۆماری رەحمەتیمان، من لە رێوڕەسمێکی زۆر گەورەدا لە مزگەوتی پاوە لە خزمەت مەلای قەدرگرانمان بەڕێز حاجی مامۆستا قادر قادری و کۆمەڵێک ئازیزانی هەورامان دا بووم. رێوڕەسمەکە بەتەواوی بە داوونەریتی برایانی سوننە مەزهەب بۆ سەرۆککۆمارەکەی خەڵک بەڕێوەچوو. لە رێوڕەسیمێکی جەماوەری زۆر گەورەدا لە ناوچەی داڵاهۆ من لە پاڵ خەڵکی باشی یارسان دا بووم. هەریەک لەو کۆمەڵە جیاوازانە بە نەریتی خۆیان شینگێڕانیان کرد. واتە برایانی سوننە بە نەریتی خۆیان و برایان و خوشکانی یارسان بە نەریتی خۆیان.
رووداو: ئەوە تەنیا چالاکی پارێزگار بوو یاخود چالاکی کەناڵی تەلەڤزیۆنی پارێزگای کرماشان بوو؟
پارێزگاری کرماشان: نەخێر، ئەمە چالاکییەکی کۆمەڵایەتی بوو کە منیش تێیدا بەشدار بووم. واتە من بەڕێوەبەری رێوڕەسمەکەی پاوە نەبووم، بەڵام تێیدا بەشداربووم. من بەڕێوەبەری رێوەڕەسمی داڵاهۆ نەبووم، بەڵام لەسەر بانگهێشتی خەڵک بەشداربووم. من بەڕێوەبەری رێوڕەسمی سەرفیروزئاوا نەبووم، بەڵام بەشداریم تێداکرد. بڕوانە، بەبێ ستایشکردن بڵێم، جیهان شایەتیی ئەوەی دا کە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دەوڵەتێکی جەماوەرییە، بۆ سەرۆککۆماریان بە هەموو رەنگ و مەزهەب و رەگەزێک ماتەمیان گێڕا و رێزیان لێگرت. نزیکەی یەک لەسەر چواری خەڵکی جیهان بۆ رێزگرتن لە خەڵکی ئێران ماتەمی گشتییان راگەیاند. بۆیە، ئەم بەرنامانە بەرنامەی خەڵک بوون و منیش بە شانازییەوە تێیاندا بەشدار بووم.
رووداو: با باسی پڕۆژەی گواستنەوە ئاوی سیروان بکەین، ئەگەر ئەو پڕۆژەیە تەواوبکرێت کاریگەری لەسەر ئاوی دەربەندیخان لە هەرێمی کوردستان دەبێت و ئاستەکەی کەم دەکات، ئەو پڕۆژەیە گەیشتووەتە کوێ؟
پارێزگاری کرماشان: یاسا و پابەندییە نێودەوڵەتییەکان، چارەنووسی ئاوەکانی نێو هەرێمی کوردستان و سنوورەکانی زۆرباش روونکردووەتەوە. ئاوەدانی ئەو ناوچەیە چ لە ناوچەی هەرێمی کوردستان و چ لە ناوچەی کرماشان بۆ ئێمە گرنگە. بە دڵنیاییەوە ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەک دەچێتە پێشەوە کە هیچ یەک لەم دوو لایەنە زیانیان بەرنەکەوێت.
رووداو: واتە پڕۆژەکە بەوشێوەیەیە کە ئێوە باسی دەکەن؟ گواستنەوەی ئاوی سیروان نییە بەڵکو تەنیا بەنداوێکە؟ بەدروستی ئەو پڕۆژەیە چییە؟
پارێزگاری کرماشان: ئەگەر بە وردی خوێندنەوە بۆ ئەم پڕۆژەیە بکەن، دەبینین کە مافی ئاویی هیچ یەک لەم دوو لایەنە پەراوێز ناخرێت. خاڵە سەرەکییەکە ئەمەیە کە خەڵکی باشی هەردوو دیوی سنوور دەبێ بتوانن سوود لەو ئاوە وەربگرن کە بەسەر خەڵکی هەردوو دیودا تێدەپەڕێت و دەبێتە هەڵم و لەدەست دەچێت. دەبێ هەردوولا بتوانن بۆ ژیانێکی باشتر و کشتوکاڵ سوودی لێ ببینن، بەڵام مافی ئاویی هەردوولا بۆ ئێمە پرسێکە جێگەی رێز و جیدی دەبێت.
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز محەممەد تەیب سەحرایی: پارێزگاری کرماشان کە لەگەڵمان بووی.
پارێزگاری کرماشان: منیش سوپاستان دەکەم. پشتیوان بە خودا خەڵکی بەڕێزی ئەم ناوچەیە ساڵانێکی خۆش و بە دۆستایەتی پێکەوە دەژین، تەندروستن بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ