د.سادق زیباكەلام: ئێران روانینێكی ئەرێنی بۆ نێچیرڤان بارزانی هەیە

17-06-2019
فوئاد رەحیم
نیشانەکردن د.سادق زیباكەلام
A+ A-
رووداو- هەولێر

د.سادق زیباكەلام مامۆستای زانستە سیاسییەكانە لە زانكۆی تاران. بە یەكێك لە شارەزایان و تیۆریسیەنە سیاسییە گەورەكانی ریفۆرمخوازەكانی ئێران دادەنرێ. زیباكەلام لە 1948 لە تاران لەدایكبووە، ساڵانێكی زۆری بۆ خوێندن لە ئەوروپا بەسەر بردووە، بە تایبەتی لە بەریتانیا، لەوێش لە زانكۆی برادفۆرد ماستەر و دكتۆرای وەرگرتووە.

ساڵی 1979 لەسەر داوای ئیبراهیم یەزدی، ئەندامی ئەنجوومەنی شۆڕش، بۆ چارەسەری كێشەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان راسپێردرا.  ئەوكات یەزدی وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆكوەزیرانی حكومەتی كاتیی ئێران  بوو.

لەم هەڤپەیڤینەدا، د.زیباكەلام باسی پەیوەندییەكانی ئێران و هەرێمی كوردستان لە چوار ساڵی داهاتوودا دەكات كە تێیدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، لەوبارەوە دەڵێت سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان دەتوانێ لە نێوان ئێران و ئەمریكا، هەروەها ئێران و كوردی رۆژهەڵاتی كوردستاندا رۆڵی هێڵی پەیوەندی و نێوبژیوان بگێڕێ.

رووداو: دوایینجار كە سەردانی باشووری كوردستانتان كرد، كەی بوو؟

د.زیباكەلام: من دوو جاری دیكەش هاتوومەتە هەرێمی كوردستان، جارێكیان بیست و پێنجەمین ساڵڕۆژی كوشتاری كیمیایی هەڵەبجە بوو، ئەوكات میوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووین، حەوت یان هەشت یان دە كەسێك دەبووین لە ئێرانەوە هاتبووین. جارێكی دیكەیان میوانی پارتی دیموكراتی كوردستان بووم، ساڵی پێش سەردانەكەی دیكەیان بوو كە بە خێزانەوە هاتبووین، یەكێك لە خوێندكارەكانم لە دانشگای هەولێر، یان وەك خۆتان دەڵێن زانكۆی هەولێر، دكتۆرای سیاسەتی لە زانكۆی تاران وەرگرتووە، ئێستاش راگری كۆلێژی یاسا و رامیارییە، ئەو منی بانگهێشت كردبوو، ئێمەش بە خێزانەوە هاتین. ئەمجارەیان بۆ كۆبوونەوەیەك هاتم لەبارەی روانگەی چوار ساڵەی بەڕێز جەنابی نێچیرڤان بارزانی كە (رووداو) رێكیخستبوو. ئێمە لە ئێرانەوە بۆ پانێلەكە هاتبووین، لە توركیا و سووریا و لە عێراقیشەوە كەسانێك بەشدار بوون. من لە پانێلی یەكەمدا قسەم كرد لەبارەی روانگەی بەڕێز بارزانی بۆ چوار ساڵی داهاتوو.

رووداو: ئەگەر باسی پەیوەندییەكانی ئێران و هەرێمی كوردستان بكەین، پێگەی هەرێمی كوردستان لە سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی ئابووریی ئێراندا چییە؟ 

د.زیباكەلام: ئەوە پرسیارێكی سەختە، ئێران بەردەوام پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ كوردی عێراقدا هەبووە، چ لە سەردەمی پێش شۆڕش و سەردەمی دەسەڵاتی محەممەد رەزا پەهلەوی و چ لە سەردەمی دواتر. بەشێوەیەكی گشتی پەیوەندییەكانی حكومەتی ئێران لەگەڵ كوردی عێراق باش بووە، هەڵبەت لەگەڵ هەندێك لە رەوتەكان نزیكتر بووە، بۆ نموونە پەیوەندییەكان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی نزیكتر بووە هەتا لەگەڵ پارتی دیموكرات. بەڵام ئەو بەشە لە وەڵامی پرسیارەكەتان كە سەختە، ئەوەیە كە ئێران زۆر پێشوازی لە دروستبوونی هەرێمی كوردستان ناكات، چەندە هەرێمی كوردستان لە سەربەخۆیی نزیكتر ببێتەوە، ئێران زیاتر دڵگران و نیگەران دەبێ.

رووداو: ئەم نیگەرانییە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێ؟

د.زیباكەلام: ئێمە كەمینەیەكی كوردی بەرچاومان لە ئێران هەیە، سەرژمێرییەكی ورد بۆ كوردی عێراق لەئارادا نییە، بەڵام وادیارە لە كۆی سی و هەندێك ملیۆن دانیشتووی عێراق نزیكەی شەش ملیۆنی كوردن. كورد دەڵێن لە كۆی 80 ملیۆن دانیشتووی ئێران، ئێمە نزیكەی 10 ملیۆن كەسین، حكومەتی ئێران پێیوایە ژمارەكە لەوە كەمترە، بەڵام بەهەرحاڵ لە نێوان 7 بۆ 8 بۆ 10 ملیۆن كورد لە ئێران هەن. 

رووداو: باسی 12 ملیۆنیش دەكرێ...

د.زیباكەلام: لە ئێران بەڵێ. كاتێك ئەوان دەبینن لە تەنیشتیان دامەزراوەیەكی سەربەخۆ و دامەزراوەیەكی خودموختاری كوردی دروستبووە، ئەوە كوردی ئێرانیش هاندەدات بۆ ئەوەی ئەوانیش داوای ئەو جۆرە شتانە بكەن. واتە داواكاریی كوردی ئێرانیش زیاتر دەبێ، بۆ نموونە ئەگەر ئێستا دەڵێن با منداڵەكانمان بە زمانی كوردی لە مهاباد یان لە سنە یان بۆكان یان سەقز بچنە خوێندنگا، كاتێك دەبینن دەكرێ حكومەتێكی خودموختاریش پێكبهێنن، لەو كاتەدا داواكانیان زیاتر دەبێ و دەڵێن ئایا ناكرێ پەرلەمانێكی خۆجێیی كوردیشمان هەبێ، ئایا ناكرێ پارێزگاریش كورد بێ، قائیمقامیش كورد بێ! هەموو ئەوانەش كاتێك كە ئەوان ببینن حكومەتێكی سەربەخۆ لە دراوسێیەتی ئەواندا لە عێراق دروست بووە. بۆیە ئێران زۆر نیگەرانە لەوەی خودموختارییەكەی ئێوە چەندە خەریكە دەبێتە شتێكی جدی و بەرەوپێش دەچێ، چونكە وەك عەرزم كردن كاریگەری لەسەر كوردی ئێران دادەنێ.

رووداو: دەمەوێ بزانم ئێستا ئاستی پەیوەندییەكان لە نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان چۆنە؟

د.زیباكەلام: ئەگەر ئەو تێبینییە لەبەرچاو نەگرین، ئەوە پەیوەندییەكان زۆر باش بوون، ئەوەش چەند هۆكارێكی هەیە، یەكەم هۆكار ئەوەیە ئێران دەتوانێ لە هەرێمی كوردستان چالاكیی ئابووری هەبێ، لەوانەش چالاكیی كشتوكاڵی و پیشەسازی. دەزانین كە ئێستا لە ناوچەی هەولێر سەرچاوەیەكی بەرچاوی غاز هەیە.

رووداو: بەڵام ئێران لەو بوارەدا وەبەرهێنانی نەكردووە؟

د.زیباكەلام: جیا لە وەبەرهێنان كە ئێران دەتوانێ لە بواری غازدا بیكات. چونكە وەك دەزانن پێشینەی ئێران لە پیشەسازیی نەوتدا پێشینەیەكی سەت ساڵەیە، یەك سەدەیە ئەندازیارە ئێرانییەكان لەگەڵ نەوت و غاز ئاشنان. جا بۆیە ئێران جگە لەوەی دەتوانێ وەبەرهێنان بكات، كۆمپانیا و ئەندازیارە ئێرانییەكان دەتوانن بێن لە بواری غازدا كار بكەن. لەڕووی سیاسیشەوە هەرێمی كوردستان دەتوانێ هێڵێكی پەیوەندی بێ لە نێوان ئێران و ئەمریكا. دەزانین پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمریكا خراپە، زۆر لێڵ و ناڕوونە.

رووداو: پێتوایە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتووی سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، هەتا چەندە دەتوانرێ پەرە بە پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان بدرێ؟ 

د.زیباكەلام: بەشێوەیەكی گشتی ئەو روانینەی لە ئێران بەرامبەر بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەیە، روانینێكی ئەرێنییە. حكومەت و دەوڵەت و بەرپرسانی ئێران، بەڕێز بارزانی وەك كەسێكی ئاگا، پێگەیشتوو، بە ئەزموون، شارەزا لە بنەماكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەبینن، بۆیە بە دیدی رێزەوە لە بەڕێزیان دەڕوانن. بەپێی كەسایەتیی بەڕێز بارزانی كە كەسایەتییەكی مەعقول و پێگەیشتووە و ئەهلی ئەوەی نییە بێ حیسابات خۆ بە شتەكاندا بدات و گوتاری شۆڕشگێڕانە پێشكەش بكات و كەسێكی مەندە. بەپێی هەموو ئەوانە روانگەیەكی باش و ئەرێنی بۆ چوار ساڵی داهاتوو لە پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا دەبینم، بڕوام وایە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو چوار ساڵەی بەڕێز بارزانی سەرۆكی هەرێمە، دەتوانێ رۆڵێكی دووەمیشی هەبێ، بە جۆرێك جیا لە پەیوەندییەكانی هەولێر و تاران، دەكرێ بەرپرسیارێتییەكی دیكەشی هەبێ كە جۆرێك لە هێڵی پەیوەندی بێ لە نێوان تاران و واشنتن. چونكە هەم تاران متمانەیەكی زۆری بە بەڕێز بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، واتە ئەو متمانەیە لە ساڵانێكی زۆردا دروست بووە، هەم ئەمریكییەكانیش لەگەڵ بەڕێز بارزانی و بەگشتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی باشیان هەبووە. 

رووداو: لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە كە عێراقیش داوای نێوەندگیری كردووە بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی. ئەگەر نێوبژیوانییەك لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بكرێ، پێتانوایە ئەوەیان بەهێزتر دەبێت؟

د.زیباكەلام: بە بڕوای من دەكرێ بەهێزتر بێ، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان یەكدەستە، بەڵام بەغدا وانییە. وەك دەزانین ئێستا لەناو دەسەڵاتی عێراقدا كۆمەڵێك رەوت هەن كە بە دیدێكی زۆر ئەرێنییەوە لە ئێران ناڕوانن و دەیانەوێ وەك بڵێی سەربەخۆ بن لە ئێران. ئەو رەوتانە كە شیعەشن، لە رابردوودا پەیوەندیی باشیان لەگەڵ ئێراندا هەبووە، بەڵام لەبەر هەر هۆكارێك بێ بەمدواییە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران زۆر نزیك و دۆستانە نییە. بەڵام لە هەرێم وانییە، لە هەرێم پارتی دیموكرات و بارزانی پەیوەندیی زۆر نزیكیان لەگەڵ ئێراندا هەبووە، یەكێتی نیشتمانیش پەیوەندیی نزیكی لەگەڵ ئێران هەبووە. زۆر لە كوردی عێراق دیدێكی زۆر ئەرێنییان بەرامبەر بە ئێران هەیە، وەك بڵێی خۆیان بە دژی ئێران نازانن. ئەو متمانەیەی بەرامبەر هەرێم هەیە لەو متمانەیە زیاترە كە بەرامبەر عێراق هەیە، چونكە وەك عەرزم كردن هێزەكان لێرە لەڕووی پێشینەی سیاسییانەوە یەكدەستترن. بۆیە پێموایە لە درێژخایەندا، چانسی هەرێمی كوردستان زیاترە، جیا لە هەموو ئەوانە، دەكرێ بڵێین ئەمریكییەكانیش متمانەیەكی زیاتریان بە بەرپرسانی هەرێم و رەوتە سیاسییەكانی هەرێم هەیە هەتا بە عێراقییەكان، بۆیە من وەهای دەبینم هەرێمی كوردستان چانسێكی زۆر روونی هەیە بتوانێ رۆڵی هێڵێكی باشی پەیوەندی لە نێوان تاران و واشنتن ببینێ. 

رووداو: ئەو خاڵانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئێران كاریان لەسەر بكەن و بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لایەن بایەخی زیاتریان پێبدرێ كامانەن؟ 

د.زیبا كەلام: بەبڕوای من لێرەدا بەڕێز بارزانی و بەرپرسانی هەرێم دەتوانن رۆڵێكی زۆر گرنگ بگێڕن. مەبەستم ئەو ترس و نیگەرانییەیە كە تاران بەرامبەر خودموختاریی تەواوی هەرێم و دووركەوتنەوەی لە بەغدا و  ورووژاندنی كوردی ئێمە هەیەتی. من پێموایە لێرەدا بەڕێز بارزانی و سەركردەكانی هەرێمی كوردستان دەتوانن بە ئێرانییەكان بڵێن: "سەیر بكەن ئێرانییەكان و بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێمە تەنانەت ئەگەر سەربەخۆش بین، واتە كوردستان بە تەواوەتی لە حاڵەتی ئێستای دەربچێ و سەربەخۆ ببێ، ئێوە نیگەران مەبن، ئێمە نامانەوێ كوردی ئێران بورووژێنین، نامانەوێ ببین بە بارەگا بۆ كوردی ئێران، ئێمە نامانەوێ دەست لە نێوانی ئێوە و كوردی ئێران وەربدەین، یان كوردەكانی ئێران هانبدەین كە ئەوەتا ئێمە سەربەخۆییمان وەرگرتووە و ئێوەش بچن و لە تاران سەربەخۆیی وەربگرن. ئەوە رۆڵێكی گرنگە كە هەرێم دەتوانێ بیگێڕێ و بە تاران بڵێ نیگەران مەبە و دەتوانی متمانەمان پێبكەیت. 

رووداو: ئایا ئێمە گەیشتووینەتە ئەو قۆناغەی كە لە ماوەی سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی كرانەوەیەك بەڕووی پرسی كورد لە ئێران بێتە ئاراوە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو نێوەندەدا نێوبژیوان بێ؟ 

د.زیباكەلام: بەڵێ من پێموایە ئەمە پرسێكی زۆر گرنگە، رۆڵێكی زۆر گرنگە كە سەركردەكانی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتی شەخسی بەڕێز جەنابی نێچیرڤان بارزانی زۆر بە جوانی دەتوانن ئەو رۆڵە بگرنە ئەستۆی خۆیان، واتە بە جۆرێك لە جۆرەكان نێوەندگیر بن لە نێوان كوردی ئێران و كۆماری ئیسلامی، سێگۆشەیەك بهێنە بەرچاو كە سەرێكی هەرێمی كوردستان و بەڕێز بارزانی و بەرپرسانی هەرێمە و سەرێكی كوردەكانی ئێرانن و سەرەكەی دیكەشی ئێرانە. هەرێمی كوردستان دەتوانێ ئەو دوو لایەنە لە رێگەی لێكتێگەیشتن و گفتوگۆوە لە یەكدی نزیك بكاتەوە، بەو مانایەی دەكرێ لە رێگەی لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ و دیالۆگ هەندێك ئیمتیازات لە حكومەتی ناوەندیی تاران بۆ كوردی ئێران وەربگرێ، لە بەرامبەر ئەوەشدا دەكرێ گەرەنتیی ئەوە لە كوردی ئێران وەربگیرێ كە لە چوارچێوەی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا بژین و مەسەلەكە هەر ئەوەیە كە دەیانەوێ كۆمەڵێك ماف و داواكارییان هەبێ. من پێموایە ئەوە رۆڵێكی زۆر گرنگە كە بەڕێز بارزانی دەتوانێ لەو چوار ساڵەدا بیگێڕێ.

رووداو: پێتانوایە ئێرانیش مەیلی بۆ ئەمە هەبێ؟

د.زیبا كەلام: بەڕای من رەوتە میانڕەوەكان، بناژۆخواز و ریفۆرمخوازەكان وردە وردە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامگیرییەی كە ناكرێ لا لەو داواكارییەی كوردی ئێران نەكرێتەوە و تەنیا ئەوەندەیان پێ بگوترێ كە ئێوە هەموو چوار ساڵ جارێك لە كاتی دەنگدان و هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆمار وەرنە سەر سندوقەكان، ئەوە ناكرێ. بە هەرحاڵ ئەوانیش كۆمەڵێك خواستیان هەیە كە هەندێكیان مەحاڵن و كاری نەكردەن، بەڵام بەبڕوای من هەندێكیان مومكینن، وەك خوێندن بە زمانی كوردی، بۆ نموونە ئەگەر دایك و باوكێك لە مەهاباد یان باوك و دایكێك لە سنە بیانەوێ منداڵەكەیان لە پۆلی یەكی سەرەتاییەوە لە خوێندنگاكەی بە زمانی كوردی بخوێنێ یان بە زمانی فارسی بخوێنێ، بە بڕوای من ئەوە شتێكە دەكرێ و هیچ نیگەرانییەكیشی لێناكەوێتەوە. با خوێندنگایەك هەبێ لە مهاباد، لە سنە، لە سەقز و لە بیجاڕ كە ئەگەر دایك و باوكێك ویستیان منداڵەكەیان بە زمانی كوردی بخوێنێ، بچێ لەوێ بە زمانی كوردی بخوێنێ.

رووداو: مەبەستتان خوێندنە بە زمانی دایك؟

د.زیبا كەلام: بەڵێ. سەیر بكە، من دڵنیام ئەگەر وەزارەتی پەروەردە لە مهاباد، خۆ لە مهاباد و سنە رادیكاڵترمان نییە، ئەگەر بێی سێ خوێندنگا بكەیتەوە كە خوێندنگای یەكەمیان بە زمانی ئینگلیزی بێ، خوێندنگای دووەم بە زمانی فارسی بێ و خوێندنگای سێیەم بە زمانی كوردی بێ، من دڵنیام بەشی زۆری خەڵك دەڵێن دەمانەوێ منداڵەكەمان بەرینە خوێندنگا ئینگلیزییەكە. چونكە دایك و باوكەكە دەزانن ئەگەر منداڵەكەیان بچێ بە زمانی ئینگلیزی بخوێنێ، داهاتوویەكی زۆر سەركەوتووتری دەبێ لەوەی بچێ بۆ خوێندنگا فارسی یان كوردییەكە.

رووداو: دەمەوێ بۆچوونی جەنابت بزانم لەسەر بارودۆخی رێفۆرمخوازەكان لە ئێران، پەیوەندیی نێوان ریفۆرمخواز و نەریتخوازەكان لە چ ئاستێكدایە؟

د.زیبا كەلام: راستیەكەی هەتا پێش خولی دووەمی حكومەتی بەڕێز روحانی كە دوو ساڵ لەمەوبەر لە ئایاری 2017 هەڵبژارنەكەی بەڕێوەچوو، پێگەی ریفۆرمخوازان زۆر باش بوو، لایەنگری زۆریان هەبوو، بەڵام بە داخەوە لە دوو ساڵی رابردوودا كە بەڕێز روحانی دەستی بە خولی دووەمی سەرۆكایەتی خۆی كردووە، پشتی لە داواكاری ئەو 24 ملیۆن كەسە كردووە كە دەنگیان پێداوە و هەوڵی داوە لە نەریتخوازەكان نزیك بكەوێتەوە، ئەوە وەك ئەوەیە بەڕێز بارزانی ئێستا ببێ بە سەرۆكی هەرێم و لەبری ئەوەی خواست و داوای خەڵكی هەرێمی كوردستان لەبەر چاو بگرێ، زیاتر داواكانی بەغدا لەبەر چاو بگرێ. بە داخەوە ئەمە ئەو شتەیە كە لە حاڵەتی بەڕێز روحانیدا روویدا، بەڕێز روحانی لە خولی دووەمی حكومەتەكەیدا لە بری ئەوەی هەوڵ بدات داواكاری ئەو 24 ملیۆن كەسەی كردوویانە بە سەرۆك بزانێ و لەبەر چاویان بگرێ، زیاتر داوای نەریتخوازەكانی لەبەرچاو گرت. لە ئەنجامدا ناڕەزایەتییەكی بەرفراوان هەم بەرامبەر بە بەڕێز روحانی هەم بەرامبەر بە ریفۆرمخوازەكان هاتووەتە ئاراوە. رەنگە بڵێی خۆ ریفۆرمخوازەكان هیچیان نەكردووە.

رووداو: پێتوایە ئەمە كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەبێ؟

د.زیبا كەلام: دۆخەكە زۆر سەخت بووە، چونكە پێشتر لە هەر شوێنێك، بە تایبەتی لە شارەكان و ناوەندی پارێزگاكان و تاران، هەڵبژاردن هەبووایە، لەوانەش سنە و مهاباد كە سەنتەرن، بەربژێری ریفۆرخوازەكان سەركەوتنیان بەدەستدەهێنا، بەڵام بەگوێرەی ئەو ناڕەزایەتییەی بەرامبەر بەڕێز روحانی هاتووەتە ئاراوە، پێموایە خەڵك ئیدی گوێ بۆ سەركردایەتیی ریفۆرمخوازەكان راناگرن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە