مەلا بەختیار: چ یەک کورسی بێنین چ 100 کورسی، یەکێتی هەر یەکێتییە

08-01-2018
رەنج سەنگاوی
تەواوی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی
تەواوی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی
نیشانەکردن مەلا بەختیار یەکێتی
A+ A-

رووداو - سلێمانی

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) دەڵێت: "پیلانێك" هەبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی. سەرەڕای بڕیاری سەركردایەتی حیزبەی كە مەكتەبی سیاسی هەڵوەشاندووەتەوە، مەلا بەختیار دەڵێت: "مەكتەبی سیاسی بە عەمەلی ماوە".

 
دەنگەكانی یەكێتی بە رێژەی 10- 15% كەم دەكات

 مەلا بەختیار باسی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەكات و دەڵێت 16ی ئۆكتۆبەر كاریگەریی خراپی لەسەر دەنگەكانی یەكێتی دەبێت، پێشبینی دەكات بەهۆی 16ی ئۆكتۆبەر و كێشەكانی دیكەوە دەنگی یەكێتی تاوەكو 15% كەم بكات.

رەوشی ناوخۆی یەكێتی

رووداو: ئێستا شێوازی بەڕێوەبردنی یەكێتی چۆنە، ئایا مەكتەبی سیاسی هەڵوەشاوەتەوە، ئایا بەڕێزتان بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی یەكێتین؟

مەلا بەختیار: هەوڵێكی ناخۆش هەبوو بۆ ئەوەی مەكتەبی سیاسی پەكبخرێ‌، كارگێڕ ئیشەكانی نەكات، ئازارێكی خستە سەری یەكێتی، چۆنیەتی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی یەكێتی. ماوەیەك پشێوییەكی بۆ دروستكردین، بەڵام لە نەتیجە كوا بەدیلەكە؟ بۆ نەیانتوانی ئەو بەدیلەی مەبەستیان بوو، جێبەجێی بكەن؟ لەبەر ئەوەی ئەو بەدیلەی ئەوان بە تەمای بوون قەت لەو مەكتەبی سیاسییە بە تەجروبەتر نەیدەتوانی هەتا كۆنگرە ئەركەكانی راپەڕێنێ‌. بۆیە نە لەناوخۆیاندا توانییان لەسەر بەدیلەكە رێكبكەون، نە ئەو پیلانەشی گرووپی جیاواز جیاواز لەسەری رێككەوتبوون، بۆیان چووە سەر.

رووداو: ئێستا مەكتەبی سیاسی ماوە؟

مەلا بەختیار: بە عەمەلی مەكتەبی سیاسی ماوە، هەتا كۆنگرەش ئیشی خۆمان دەكەین.
 
16ی ئۆكتۆبەر كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر دەنگەكانی یەكێتی دەبێ‌

رووداو: باسی پیلانی ئەوانت كرد، پیلانەكە چی بوو، ئەوان كێن؟

مەلا بەختیار: پیلانەكە بەو جۆرە داڕێژرابوو كە هەبوون ئەوانەی پێیانخۆش نەبوو لیژنەی لێكۆڵینەوە بۆ كەتنەكە و كارەساتەكەی كەركووك دروست بكرێ‌. هەشبوو بڕیاردان لەسەر كۆنگرەی پێ خراپ بوو، هەشبوو پێشنیازی قبوڵكردنی دەستكێشانەوەی كاك بەرهەمی قبوڵ نەبوو. ئەم سێ‌ مەرام و ئامانجە یەكیانگرتبوو، لەگەڵ تێكەڵكردن بە كێشەكانی رابردووش، ئایا ریفراندۆم باش بوو یان خراپ بوو، لە هەموو كۆبوونەوەكانی یەكێتی بەشێوەیەك لە شێوەكان دڕدۆنگی و كێشەمان هەبووە، بەڵام ئەمجارە ئەم دڕدۆنگیانە چڕكرانەوە، بە حیساب ئەگەر مەكتەبی سیاسی هەڵبوەشێتەوە و 11 كەس هەڵبژێردرێ‌، ئەمە دەتوانێ‌ چارەسەری كێشەكان بكات. یەكێتی نیشتیمانی كوردستان خۆشبەختە كە نەتوانرا ئەو 11 كەسە هەڵبژێردرێ‌، چونكە هەموو كورد دەزانێ‌ شادەمار و كۆڵەگەی سەرەكی یەكێتی لە دوای مام جەلال، ئەوانەی 90%ی ئەدەبیاتی یەكێتییان نووسیوە، ئەوانەن كە لە مەكتەبی سیاسی كۆبوونەتەوە.

دۆخی كەركووك

رووداو: باسی كەتنی كەركووكت كرد، قەناعەتت وایە كەتنی كەركووك فاكتە؟

مەلا بەختیار: دوو رۆژ دوای ئەو كەتنە، پەیامێكی ئاوەڵامان بڵاوكردەوە، بەڵێ‌ گوتوومە كەتنە. بۆ زانیاریت من یەكەم كەس بووم لەو بەیاننامەیەدا دەستەواژەی 16ی ئۆكتۆبەرم بەكارهێنا. هەر لەوێش داوای پێكهێنانی لێژنەی لێكۆڵینەوەم كرد.

رووداو: بەڵام حیزبەكەت بەو دەستەواژەیە ئیستفزاز نابن؟

مەلا بەختیار: ئیستفزاز ببن یان نا بابەتێكە، بەرپرسیارێتی مێژوویی و ویژدانی نەتەوەیی من بابەتێكی دیكەیە. بەڕاستی ئەوەندەی پەیوەندی بەخۆمەوە هەیە، پەیوەندی بەوەوە نییە حیزبەكەم چی دەڵێت.
 
بۆ هەڵبژاردن بە تەواوەتی ئامادەنین

رووداو: هاوبیرت زۆرن كە تاوەكو ئێستا لەگەڵ ئەوەن لێژنەی لێكۆڵینەوە دروست بكرێ‌؟

مەلا بەختیار: قەناعەتم وایە بەشی زۆری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەیانەوێ‌ هەموو راستییەكان دەربارەی 16ی ئۆكتۆبەر بزانن.

رووداو: تۆ تاوەكو ئێستا بە دڵی خۆت راستیت گوتووە؟

مەلا بەختیار: تاوانبار بێ‌ تاوانە تاوەكو تاوانەكەی دەسەلمێ‌. سەدام كە گیرا تاوەكو دادگایی نەكرا، سزایان نەدا. بێگومان ئەو رووداوەش رووداوێكی چارەنووسساز بوو، هەر حیزب و هەر كەسێك بەشێوەیەك باسی دەكات. من بەشبەحاڵی خۆم قەناعەتی خۆم هەیە، بەڵام هەتا لێكۆڵینەوە نەكرێ‌ نامەوێ‌ بەهیچ شێوەیەك ئەو برینە قووڵتر بكەمەوە لەناو یەكێتی. بەڕاستی ئەوانەی دەیانەوێ‌ بەردەوام تێزاب بەو برینەدا بكەن، چ پارتی چ هەندێك میدیای ئەهلی، مەسئولیەتە نیشتمانی و نەتەوەیی و قۆناغە هەستیارەكەی ئێستای هەرێمی كوردستان و ناوچەكە وەكو پێویست لەبەرچاو ناگرن.

بێگومان ئەوەی من دەیبینم و كراوە، هەیانە هەڵەی گەورەی كردووە. بۆ نموونە ئێمە وەكو یەكێتی هەتا كۆبوونەوەی دووكان و بڕیارەكانی بەرپرسان، بەڵام دەركەوت نە كۆبوونەوەی دووكان، نە هیچ بڕیارێكی باشتریش لەوەی دووكان بدرایە، حەشدی شەعبی هەر هێرشی دەكردە سەر كەركووك. بۆ مێژوو دەیڵێم بڕیارەكانی دووكان من رێكمخستووە، من لەگەڵ كاك فوئاد مەعسووم قسەم كرد و رازی بوو بێتە دووكان بۆ كۆبوونەوە. لەگەڵ كاك مەسعود سێ‌ جار بە تەلەفۆن قسەم كرد تا رازی بوو بێت بۆ دووكان. هەموو هەوڵەكەشمان بۆ ئەوە بوو بەربەرست لەبەردەم هێرشەكە دابنێین. ئەوانەی لێرە و لەوێ‌ دەڵێن لە دووكان وەكو پێویست بڕیار نەدراوە و رازی نەبوون لەسەر داخوازییەكانی بەغدا، من پێموابێ‌ خۆیان و میللەتەكەمان بە هەڵەدا دەبەن. بەبڕوای من جەنابی عەبادی، جەنابی مالیكی یان هەر جەنابێكی دیكە لە بەغدا، ئەگەر پەرۆشی چارەسەركردنی كێشەكان بوونایە، دەبوو خۆیان بەپێی خۆیان بێن بۆ كوردستان، بڵێن نابێ‌ ئەو شەڕە ببێ‌، با باشتر رێكبكەوین. كەچی كە ئێمە بڕیار دەدەین، لە جیاتی ئەوەی موناقەشەی بڕیارەكانمان بكەن، سەعاتی سفری خۆیان یەك دەقیقە دوانەخست. ئەوانەی لە نێوانمان بوون، پەیامی ئێمەیان دەبرد و وەڵامی ئەوانیان دەهێنا. كە عێراق هێرشی كرد و بە قسەی ئێمەی نەكرد، قەناعەتی بە بڕیارەكانی دووكان نەكرد، ئەی بۆ بەیاننامەیەكیان دەرنەكرد و بڵێن ئیدی ئێمە پەیوەندیمان پێوەی نییە.
 
بەرهەم ساڵح لە سێ‌ كۆنگرەی یەكێتی بە تەزكیە دەرچووە


رووداو: ئایا پێشمەرگە لە كەركووك ئەوەندە ورەڕووخاو بوو، یان بۆ ناوی دەنێی كەتن؟

مەلا بەختیار: بۆ مێژوو شتێك باس دەكەم، 23ی مانگ لەگەڵ جەنابی كاك مەسعود، لەگەڵ یەكگرتوو دانیشتین، گوتم كاك مەسعود ئێمە لەڕووی سەربازییەوە سەرناكەوین. گوتی بۆ؟ گوتم لەبەر ئەوەی هەموو دەوڵەتانی دونیا ریفراندۆمیان قبوڵ نییە. گوتی پێشمەرگە ورەی بەرزە. گوتم من بەشبەحاڵی خۆم پێموابێ‌ سەرناكەوین. یەكەم، تەرازووی هێز لە بەرژەوەندی ئێمە نەبوو. دووەم: پشتیوانمان نەبوو. سێیەم كۆمەڵێك كێشە لە نێو هێزی پێشمەرگەدا هەبوو. ئەو بەرگرییە كلاسیكییەی ئێمە كردمان، ئەنجامەكەی شكست دەبوو.

رووداو: ئەوەی دەگوترێ‌ خیانەت و جەنابیشت ناوت لێناوە كەتنی 16ی ئۆكتۆبەر، بەڕاستی خیانەت كراوە بۆیە داوای لێژنەی لێكۆڵینەوەت كرد؟

مەلا بەختیار: ئەگەر لێكۆڵینەوە كرا، بەبەڵگە لەسەر هەر كەسێك سەلمێنرا كە ئەمە خیانەتە، خیانەت بە مانای ئەوەی كە ئیمزا كرابێ‌ لەگەڵ بەغدا، بەرامبەر ئەوەی حەشد و سوپای عێراق بێنە نێو كەركووك، پارە وەرگیرابێ‌، دەستكەوت وەرگیرابێ‌. ئەم نەهجە بۆ ئەوە بێ‌ یەكگرتوویی كوردستان نەمێنێ‌ و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێتەوە، ئەگەر ئەمە لەسەر هەر كەس و گرووپێك لە نێو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان سەلمێنرا، ئەوە خیانەتە.

رووداو: پێتوانییە داوای شتێكی مەحاڵ دەكەی كە قەت لە كوردستان ناسەلمێ‌؟ خەڵك ئێستا ئەو قەناعەتی لەلا دروستبووە كە هەر شتێك پارتی و یەكێتی لێژنەیان بۆ دروستكرد وەكو ئەوە وایە بڵێی حەواڵەی خوات دەكەم.
 
نابینە كۆسپ لە بەردەم هەڵبژاردن

مەلا بەختیار: سەدان بەڵگەنامەمان لەو شۆڕشە لەسەر یەكدی بڵاوكردووەتەوە. كە سەدام رووخا هەموو بەڵگەنامەكانمان كەوتە دەست و حەقیقەتەكەمان زانی، كە راپەڕین بووە، هەموو حەقیقەتەكانمان زانی. تەنانەت لەسەر كارەساتی هەكاری دەستخەتەكانمان دەستكەوت. شەهید عەلی عەسكەری و هاوڕێیانی چۆن و بە فەرمانی كێ شەهیدكراون. هەموومان بڵاوكردووەتەوە. ئێستاش زەمانی جەنگی سارد و دیزەبەدەرخۆنەكردنی هەموو بەڵگەنامەكان نییە. مومكینە سێ‌ مانگی دیكە هەرچی هەیە بكەوێتە فەیسبووكەوە. من پشووی خۆم كورت ناكەم، ناشمەوێ‌ ئەوە بە رێگای تێنەگەیشتن یان تەحقیق نەكردن، یەكلایی ببێتەوە.

كۆنگرەی یەكێتی

رووداو: ئێستا یەكێتی یەكڕیزە یان چەند دەستە و گرووپێكە؟ گەیشتوون بە كوێ‌ بۆ رێكخستنەوەی یەكێتی؟

مەلا بەختیار: هەموومان بە پەرۆشین بچینە كۆنگرە. هەوڵیش دەدەین تا كۆنگرە هەندێك لە كێشەكانمان چارەسەر بكەین، لەناو كۆنگرەش هەتا دەتوانین كێشەكانمان چارەسەر دەكەین.
رووداو: ئەو كاتەی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بۆ بەستنی كۆنگرە دایناوە (7ی ئادار)، كاتێكی گونجاوە؟ كۆدەنگیی لەسەرە؟ بڕیاری كۆتایی لەسەر دراوە؟

مەلا بەختیار: ئەمە پێویستی بە كۆدەنگیی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی هەیە. من پێموایە لە 1/3 تاوەكو 15/3 كاتێكی گونجاوە بۆ بەستنی كۆنگرە.

رووداو: هەندێك كەس گرەو لەسەر ئەوە دەكەن كە یەكێتی ناتوانێ‌ ئەمساڵ كۆنگرە ببەستێ، ئێوە دەڵێن چی؟

مەلا بەختیار: گرەوی زۆر لەسەر یەكێتی كراوە، یەكێتی بفەوتێ‌، یەكێتی دوای جیابوونەوەی گۆڕان تەفروتونا دەبێ‌. دوای كارەساتی هەكاری گوتیان نامێنێ‌، لەدوای 31ی ئاب گوتیان نامێنێ‌، بەڵام هیچی وا دەرنەچوو.
 
كەس ناتوانێ‌ یەكێتی چەك بكات

رووداو: سەبارەت بە پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی، وەكو وەفا، وەكو رێزێك بۆ كاریزمای مام جەلال، بە هەمان فۆڕم دادەنرێتەوە یان ئالیەتێكی دیكە دەدۆزرێتەوە، یان سەركردایەتییەكی دەستەجەمعی هەبێ‌ بۆ یەكێتێ‌، ئێوە چ ئالیەتێكتان لەلا پەسەندە؟ 

مەلا بەختیار: پۆستی سكرتێری یەكێتی، مام جەلال زۆر بە جوانی بەرجەستەی كردبوو، گوناهە كەس جارێكی دیكە بیر لەو پۆستە بكاتەوە. تەنانەت من لەگەڵ جێگیریش نیم، نەك سكرتێر. جۆرێك لە پەیكەرێكم لە خەیاڵە بۆ یەكێتی، لەگەڵ ئۆرگانەكانی یەكێتی گفتوگۆی لەسەر دەكەین.
 
رووداو: دەچێتەوە سەر ئەو هەیكەلەی بزووتنەوەی گۆڕان؟ ئەوەت بە دڵە؟

مەلا بەختیار: نەخێر ئەوەم بەدڵ نییە.

رووداو: بەشێك لە نووسەرانی كورد، فۆرمی حیزبەیاتی كوردی بە فۆرمی لینینی و ستالینی ناودەبەن، تۆ دەتەوێ‌ شتێكی مۆدێرن بێ‌، بڕوات بە هاوسەرۆكی هەیە؟
 
گوناهە كەس بیر لە پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی بكاتەوە


مەلا بەختیار: من باوەڕم بە حیزبی لینینی و ستالینی و تۆتالیتاری نەماوە، مێژوو بە ئەزموونە نوێیەكان دووبارە بكەیتەوە هەڵەیەكی گەورەیە، دەمەوێ‌ لەناو یەكێتی داهێنانێك بكەین.

رووداو: بڕوات بە سیستمی هاوسەرۆكی هەیە؟

مەلا بەختیار: نەخێر.

رووداو: خۆت لە كۆنگرە دەمێنیتەوە؟
 
خۆپیشاندانەكان بۆ نابووتكردنی یەكێتی بوون

مەلا بەختیار: ئەگەر یەكێتی پێویستی بە من بێ‌ و بزانم دەتوانم درێژە بە راپەڕاندنی ئەركەكانم بدەم. توانای نووسینم مابێ‌، ئەگەر یەكێتی بزانێ‌ ئەوە لە مندا هەیە. ئەوە دەیخەمە ئەستۆی ویژدانی ئەندامانی كۆنگرە. بۆ ئاگاداریت لە هیچ كۆنگرەیەكدا من تەزكیەم قبوڵ نەكردووە و مەحاڵە قبوڵی بكەم. قەواعیدی خۆم دەخەمە بەردەم ویژدانی ئەندامانی كۆنگرە، دەرچووم دەرچووم. دەرنەچووم هەر یەكێتی دەبم.

رووداو: پێشبینیت بۆ كۆنگرەكەتان چی دەبێ‌، تەزكیە و تەزكیەكاری زۆر تێدا دەبێ‌، بڕیاری پێشوەختی تێدا دەبێ‌ یان كۆنگرە بەڕاستی حەسمی پۆستەكان دەكات؟

مەلا بەختیار: لەگەڵ هیچ جۆرە تەزكیەیەك نیم، بەڵام هەموو كۆنگرەیەك گفتوگۆی هەڤاڵانەی تێدایە و گەڵاڵەكردنی بیروڕای تێدایە. كە چوویتە كۆنگرە جۆرەها لیست دەبینی. ئەمجارەیان هەندێك سەركردەی یەكێتی لە ئاستی سەركردایەتیدا نەبوو، ویژدانی كادیری یەكێتیان وا داخ كردووە، من باوەڕ ناكەم لە چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی هەموو كەسێك وا بە ئاسانی لە فیلتەری ئەو ویژدانە دەربچێ‌ بۆ سەركردایەتی. بەدرێژایی مێژوو لە نێوان گیرفان و ویژدان ململانێ‌ هەیە. ئەوەی دوای گیرفان دەكەوێ‌ كودەتا دەكات، ئەوەی دوای ویژدان دەكەوێ‌ هەمیشە لەسەر بنەمای بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژیا و فەلسەفە نوێیەكان بڕیار دەدات. 

رووداو: ویژداندۆستەكان یەكێتییان پەرتەوازە كردووە، یان گیرفاندۆستەكان؟

مەلا بەختیار: ئەگەر بەبێ‌ ویژدانی و گیرفان بووایە، من نەدەبوو لە دووەم كۆنگرە و سێیەم كۆنگرە دەربچم. لە كۆنگرەی سێ‌، سێ‌ تەكەتول دژم بوون، بە ئاشكرا لە ناو كۆنگرە دەسووڕانەوە بۆئەوەی دەنگ بە من نەدرێ‌. تەنانەت مام جەلال، كاك ئازاد جوندیانی نارد بۆ لام و گوتی پێی بڵێ‌ لە دووەمین قۆناغی كۆنگرە دەرناچێ‌، پێمگوت ئەگەر لە قۆناغی یەكەم 50+1م نەهێنا، لە قۆناغی دووەم خۆم هەڵنابژێرمەوە.

رووداو: باس لەوە دەكرێ‌ كە قوباد تاڵەبانی لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانییەوە كاندید دەكرێ‌ بۆ سەركردایەتی یەكێتی، كاندیدكردنی ئەوتان پێ‌ شیاوە؟
 
لە ناوخۆی یەكێتیدا ختوكەی خۆپیشاندەران دەدرا

مەلا بەختیار: تەزكیەی بنەماڵەم بۆ كەس قبوڵ نییە، بەڵام هەموو كەس ئازادە خۆی هەڵبژێرێ‌. من پێموایە كادیری یەكێتی بەرامبەر بە كاك قوباد و خەڵكی دیكەش بە ویژدان دەبێ‌.

رووداو: كەواتە پاڵپشتی كاك قوبادی؟

مەلا بەختیار: پەیوەندییەكی جوان لە نێوان من و كاك قوباددا هەیە. ئێستا رێكلامی بۆ ناكەم، بەڵام لە كۆنگرە هەڵسەنگاندم دەبێ‌ بۆی.

رووداو: دەگوترێ‌ كاك كۆسرەت دەیەوێ‌ سەركردایەتییەكی گەنج بێتە پێشەوە و نایەوێ‌ خۆی هەڵبژێرێتەوە، ئێوە لەگەڵ ئەوەدان؟

مەلا بەختیار: هەموو ئەو تەرحانە بەناوی هێنانە پێشەوەی گەنج و سەركردایەتی گەنج لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، شكستیان خواردووە. گەنج و پیر بە پرۆژەیە. بە ئاستی تێگەیشتن و پێگەیشتنە. مام جەلال تا ئەو چركەساتەی چاوی لێكنا، گەنج بوو لە بیركردنەوەدا. هی وا هەیە گەنجە كە قسە دەكات، وا هەست دەكەی باپیری قسە دەكات. سەركردایەتی ئێستای یەكێتی نزیكەی 12 گەنجی تێدایە. 95%ی ئەندامانمان لە پەرلەمان گەنجن. پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی عێراق كەمتر نین لە سەركردایەتی یەكێتی. 80%ی ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەند گەنجن. ئەم قسەیە تازە نییە گەنج بێت و گەنج بڕوات. من بەشبەحاڵی خۆم دەڵێم لەگەڵ ئەوەم كێ‌ لە سەردەمەكە تێدەگات، كێ‌ لە حیزبایەتیی هاوچەرخ تێدەگات. كێ‌ مۆراڵی حیزبایەتی باشی هەیە. كێ‌ كەمتر ئاگای لە گیرفانیەتی و زۆرتر ئاگای لە ویژدانی نەتەوەیی و دیموكراسییە، ئەگەر كەسێكی 20 ساڵی بێ‌ بۆی مۆردەكەم، ئەگەر 70 ساڵیش بێ هەر بۆی مۆردەكەم.

رووداو: زۆر باسی گیرفان دەكەی، گیرفانپەرستی لەنێو یەكێتی ماندووی كردووی؟

مەلا بەختیار: بەڵێ‌ زۆر، لەنێو یەكێتی و لە دەرەوەی یەكێتیش. بەڕاستی چاوچنۆكی گەیشتووەتە رادەی بێشەرمی.

رووداو: دەتوانن رووبەڕوویان ببنەوە؟

مەلا بەختیار: رووبەڕوویان بووینەوە، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانی لە رەگ و ریشەوە دەریانبهێنین. یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو هەموو رەخنە و لۆمەیەی لە حیزبەكان هەیە، ئەوەیە چاوچنۆكی زیادی كردووە، قۆرخكردنی بازاڕ  هەیە، دزی و تاڵانی و بەرتیلخواردن بووەتە شتێكی زۆر زۆر ئاسایی لەلای بەشێكی بەرچاو.
 
جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح كاریگەری لەسەر دەنگەكانی یەكێتی دەبێ‌

رووداو: خۆت ئەوەندە گیرفان خاڵیت؟

مەلا بەختیار: بەقەد كێلەكەی شەهید ئارام پاكم. 

رووداو: ئەو قسەیەت زۆر دەنگی دایەوە كە گوتت ژێرزەمینەكان پڕن لە پارە. ئێستاش پێتوایە ئەو قەیرانە بە پارەی ژێرزەمینەكان چاك بكرێ‌؟

مەلا بەختیار: نا بە پارەی ژێرزەمین نا. بەڵام كەسێك بە ئاسایی نەبووبێ‌ بە سەرمایەدار، بە چاوچنۆكی بووبێتە سەرمایەدار، ئەسڵەن نازانێ‌ چۆن پارەكەی بخاتەكار، دەیخاتە ژێرزەمین.

هەڵبژاردنەكانی كوردستان

رووداو: ئێستا باس لەوە دەكرێ‌ كە سەرەتای مانگی نیسان هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكرێ‌؟

مەلا بەختیار: ناتوانم بڵێم بە تەواوەتی ئامادەین، بەڵام مەبدەئی هەڵبژاردن رەتناكەینەوە. كێشەمان هەیە، دەبێ‌ پرۆگرام ئامادە بكەین. لیست ئامادە بكەین. كۆنگرە پێش هەڵبژاردن ببەستین. وەكو یەكێتی كێشەمان هەیە، لەگەڵ پارتی كێشەمان هەیە، هێشتا لە یەكدی دڵنیا نین.

رووداو: بەڵام وادێتە بەرچاو بە تەنیا ئێوە ئامادەنین.

مەلا بەختیار: بەشی زۆری حیزبەكان پێیان باشە چەند مانگێك هەڵبژاردن دوابخرێ‌. بۆ ئەوەی دڵنیا بن بێنە نێو هەڵبژاردن. بەڵام ئێمە نابینە كۆسپ لە بەردەم هەڵبژاردن.

رووداو: چ پێشبینییەكتان هەیە بۆ رێژەی دەنگەكانی یەكێتی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا؟

مەلا بەختیار: من پێموانییە هیچ حیزبێك رێژەی جاران بێنێ‌، مەگەر لایەك تەزویر بكات. چونكە ناڕەزایی خەڵك و قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر رێژەی دەنگ دەبێ‌. 
 
بە كاك بەرهەمم گوت گۆرباتشۆف مەبە، تینگ سیاو پینگ بە

رووداو: 16ی ئۆكتۆبەر كاریگەری لەسەر دەنگەكانی یەكێتی چی دەبێ‌؟

مەلا بەختیار: سلبییە، بە تایبەتی لە كەركووك. لەبەر ئەوەی خەڵك ئیستیعابی ناكات، لێژنەیەكی لێكۆڵینەوە نییە راستییەكان دەربخات. هێرشێكی گەورە لەسەر ئێمە هەیە، بێگومان ئەوە كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر بەشێك لە دەنگدەر دەبێ‌.

رووداو: 16ی ئۆكتۆبەر سەتا چەندی دەنگەكانی یەكێتی دەبات؟

مەلا بەختیار: ئێمە تەنیا كێشەی 16ی ئۆكتۆبەرمان نییە، كێشەی دیكەشمان هەیە ئەگەر بەیەكەوە كۆببێتەوە 10% تا 15%ی دەنگەكانمان كەم دەكات.

رووداو: كەوتە دەبنە حیزبی چەندەم؟ 

مەلا بەختیار: ئەگەر یەك كورسی یان 100 كورسی بێنین، هەر یەكێتی نیشتمانیی كوردستانین. نە لە عێراق نە لە كوردستان هیچ كەسێك ناتوانێ‌ بەبێ‌ یەكێتی بڕیار بدات.
 
بڕوام بە سیستمی هاوسەرۆكی نییە

رووداو: جا ئەوە چ دیموكراسییەكە، ئێوە دەنگتان هەبێ‌ یان نا، هەر رەقەمەكەی جارانن؟

مەلا بەختیار: دیموكراسییەكەمان قبوڵە وەكو ئەنجام. وەكو پراكتیك جومگە سەرەكییەكانی ئەم بارودۆخە لە پێشمەرگە، لە ئاسایش، لە پۆلیس، كۆمەڵێك دامودەزگا، ئەم جومگانە گرنگن بۆ كۆمەڵگەی ئێمە كە گەمارۆ دراوە بە دەوڵەتانی نادیموكرات. هێشتا مەترسی داعش و ماعش و ئەوانە ماون. هێزی كاریگەر، كاریگەرە لە پەرلەمان بێ‌ یان نا. ئێستا بەڕێز مالیكی لە سەرۆكوەزیرانی ماوە؟ كەچی هەم لە پەرلەمان و هەم لە نێو رای گشتی شیعە كاریگەریی زۆری هەیە.

رووداو: ئەمە ئەوە ناگەیەنێ‌ كە مادام ئێوە حیزبێكی مێژوویین و لە شاخەوە هاتوون، دەنگ بهێنن یان نا، جومگە سەرەكییەكانی ئەو وڵاتە بەدەستی ئێوەوە دەبێ‌؟

مەلا بەختیار: ئێمە قبوڵ ناكەین كەس چەكمان بكات، ئێمە چەكمان هەیە و كەس ناتوانێ‌ چەكمان بكات. ئەو هێزەی هەمانە دەیخەینە خزمەتی پرۆسەی دیموكراسی، ئەمن و ئاسایشی خەڵك. بەڵام هێزێك بیر لەوە بكاتەوە زۆرینەی هێناوە و بێت چەكمان بكات. با بیری لێنەكاتەوە.
 
رەوتەكەی شاسوار رەوتێكی پۆپۆلیستییە

رووداو: كەس ویستوویەتی چەكتان بكات و شاربەدەرتان بكات؟

مەلا بەختیار: ئەگەر بە رواڵەت سەیری رووداوەكان بكەی، حیزبی وا هەیە ئەو خەیاڵەی هەیە كە پارتی و یەكێتی داماڵن لە هەموو دەسەڵاتێك. بۆ نموونە ئەو خۆپیشاندانانەی دوایی كە ئاراستەكەی گۆڕا بۆ توندوتیژی، فەلسەفەی پشت ئەو توندوتیژییە ئەوە بووە كە گوتوویانە ئەگەر یەكێتی نابووت نەكەین، ناتوانین پارتیش نابووت بكەین. گوتوویانە یەكێتی پارەی نییە، جەماوەری كەم بووە، بەس هێزەكەی ماوە، با هێزەكەی و بارەگاكانیشی هەڵوەشێنینەوە، ئەوكاتە كۆنترۆڵی ئەو ناوچەیە دەكەین كە پێیدەڵێن ناوچەی سەوز. دواتر هەڵمەت بۆ پارتی دەبەین، بەڵام لە 24 سەعاتدا هاوكێشەكەمان گۆڕی.

رووداو: كێ‌ لە پشتی ئەم پیلانەوە بوو؟

مەلا بەختیار: كاتی نییە بیڵێم.

رووداو: ناوخۆی یەكێتی تێدابوو؟

مەلا بەختیار: ناوخۆی یەكێتی ختوكەیان دەدا.

رووداو: جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح كاریگەری لەسەر دەنگەكانتان دەبێ‌؟

مەلا بەختیار: بێگومان دەیبێ‌. كاك بەرهەم ئەوەی نەدەبوو بیكات كردی. كە كردیشی دیارە دەزانێ‌ لە نێو یەكێتی رێژەیەكی لەگەڵە. دەزانێ‌ دەنگە ناڕازییەكانیش كۆبكاتەوە.

رووداو: هەوڵ هەیە بۆ هێنانەوەی؟

مەلا بەختیار: بەشبەحاڵی خۆم چەند جارێك كاك بەرهەمم دیوە، مەسئولانەش قسەم لەگەڵ كردووە. لەو وێستگانەی پێویست بووە، بە پێچەوانەی كۆمەڵێك لە خەڵكی نێو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەڵوێستم وەرگرتووە و بڕیارم داوە. بۆ نموونە كە لە سەرۆكوەزیران لابرا پێم خۆش نەبوو. كە بۆ سەرۆك كۆماری كاندید كرا، من پشتیوانیم كرد. كە پڕۆژەیەكی هەبوو بۆ ناوخۆ و دەرەوەی یەكێتی، پشتیوانیم كرد. دوایینجار دوو مانگ و نیو لەمەوبەر لە ماڵی دلێری سەید مەجید بینیم. پێمگوت تۆ گۆرباتشۆف مەبە، تینگ سیاو پینگ بە. گۆرباتشۆف گوتی یەكێتی سۆڤیەت و ئەوروپای رۆژهەڵات دەڕووخێنم و باشتری بنیات دەنێمەوە، بەڵام باشتری نەكرد و لە هەڵبژاردنێكیش زۆر بە لاوازی تێكشكا. تینگ سیاو پینگ گرتیان، دادگاییان كرد لە پەكین، هێلكەبارانیان كرد، بەڵام خۆی راگرت، دواتر هەموو حیزبی كۆمۆنیستی چین چوون بۆ لای و گوتیان بەبێ‌ تۆ هیچمان پێناكرێ‌. ئەو چینی گەیاندە ئەو ئاستەی كە كێبڕكێی زلهێزەكانی جیهان دەكات. كاك بەرهەم دەیتوانی لە نێو یەكێتی بەرهەمێك بێت، لە ئەزموونێكی وەكو چین یان وڵاتانی دیكە سوود وەربگرێ‌.
 
پیلانی گرووپی جیاواز بۆ هەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نەچووە سەر


رووداو: هەندێك دەڵێن كاك بەرهەم كاراكتەرێكی هەلپەرست بوو لە نێو یەكێتیدا؟ هەندێك دەڵێن دوای مام جەلال زۆر بێنازتان كرد، هەندێك دەڵێن پڕۆژە و پلانی زۆر گەورەی هەبوو، زۆر شتی بۆ بەجێهێشتوون كە شانازی پێوەبكەن، بەڵام نرخیتان نەزانی. كام لەمانە راستە؟

مەلا بەختیار: خۆزگە بتوانم هەموو شتەكان بڵێم، بەس باش نییە ئێستا. هەر ئەوەندە دەتوانم بڵێم لە هەرە ماندووەكانی ئێمە نەبوو. نە لە شاخ یەك رۆژ پێشمەرگە بووە. نە یەك جووت گۆرەویشی بۆ پێشمەرگە ناردووە، بەڵام كاك بەرهەم كادرێكی ئێمە بوو. یەكەمجار ساڵی 1984 كاك بەرهەمم لە لەندەن ناسی، بەرپرسی شانەی یەكێتی بوو. كاك بەرهەم بە قابلیەتی خۆی، سەرەڕای ئەوەی كە پێشینەی پێشمەرگایەتی نەبوو. كە لە زیندانیش بووە ئەشكەنجە نەدراوە و تاقیكردنەوەی خۆی كردووە، ئەوكات پێنجەمی عێراق بووە. سەرۆك عەشیرەتێكی تكریتی بە واستەی باوكی لە زیندان ئازادی كردووە و زەمالەی وەرگرتووە و چووەتە دەرەوەی وڵات. هەتا راپەڕین كاك بەرهەم كادرێك بووە لە كادیرەكانی یەكێتی. بەڵام لەوە زیاتر یەكێتی و مام جەلال چی بۆ بەرهەم بكەن؟ نوێنەری یەكێتی بوو لە ئەمریكا. لە سێ‌ كۆنگرە بە تەزكیە دەرچووە. كاك بەرهەم شایستەیی خۆی لە نێو یەكێتی بە زیادەوە وەرگرتووە.

رووداو: كەواتە بەرهەم ساڵح غەدری لە یەكێتی كردووە؟

مەلا بەختیار: جەزرەبەمان لێدەدات.
 
من دەستەواژەی 16ی ئۆكتۆبەرم داهێنا

رووداو: چوونی نوێنەرەكەی بۆ بەغدا بە جەزرەبە حیساب دەكەی؟

مەلا بەختیار: هەموو ئەو حیزبانە دەیانگوت تەنیا حكومەتی هەرێمی كوردستان بچێ‌ بۆ بەغدا، كەچی هەرسێ لایەنەكە چوون بۆ بەغدا. 

رووداو: زۆر كەس دەڵێن هەرچی پرۆژەی شارسازیتان هەیە وەكو هەواری شار، تەلاری هونەر، پاركی ئازادی، زانكۆی ئەمریكی لە سەردەمی بەرهەم ساڵح كراون و ئێستا ئێوە شانازیی پێوە دەكەن، راستی تێدا نییە؟

مەلا بەختیار: ئەوە بە ئیمكانیەتی حكومەت نەكراوە؟ بە پارەی مام جەلال و بەرهەم ساڵح نەكراون. زانكۆی ئەمریكی یەكێك لە پرۆژە هەرە باشەكان بوو كە كاك بەرهەم كردوویەتی، ئەویش 118 ملیۆن دۆلاری لە حكومەت وەرگرتووە.

رووداو: ئایا لیستی نەوەی نوێی شاسوار عەبدولواحید هیچ لە دەنگەكانی یەكێتی دەبات؟

مەلا بەختیار: ئەو رەوتە زۆرتر رەوتێكی پۆپۆلیستییە، لە نێو بزووتنەوە پۆپۆلیستییەكان دەتوانێ‌ دەنگ بهێنێ‌ نەك لەنێو ئێمە.

رووداو: لەگەڵ گرتنی شاسوار بووی؟

مەلا بەختیار: یەك یاسای نێودەوڵەتی راگەیاندنم بۆ بهێنە رێگە بەو كارە بدات كە (ئێن ئاڕ تی) بەتایبەتی بەمدواییە دەیكرد، بە ئاشكرا دەیانگوت دەتانڕوخێنین. ئێ‌ كاكە تا هەڵبژاردن مەمانڕوخێنن، لە هەڵبژاردن بمانڕوخێنن. بۆیە دژی ئەو بڕیارە نەبووم.

چارەنووسی نەجمەدین كەریم

رووداو: سەبارەت بە د.نەجمەددین چی، ئایا ئێستا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە؟

مەلا بەختیار: دانەبڕاوە.
 
بە عەمەلی مەكتەبی سیاسی ماوە

رووداو: ئەی بۆچی ماڵەكەی لە سلێمانی داگیركراوە؟

مەلا بەختیار: كارێكی خراپ و ناشایستە بوو.

رووداو: تاكەی هەر سەیری رووداوەكان دەكەی و ئیدانەی دەكەی؟ ئەو هەموو خراپەكارییە دەبینی كەی قسەی جددیت دەبێ‌؟

مەلا بەختیار: كاریگەریم لەسەر سەتان بڕیار بووە كە لەنێو یەكێتی دراون. یەكێك بووم لە بڕیارسازەكانی یەكێتی. من عەشیرەت و شێخ و بنەماڵەم لەپشت نەبووە، بە رەنجی خۆم گەیشتووم. پێشمەرگەیەكی خراپ نەبووم، سیاسەتمەدارێكی خراپ نەبووم. كاك نەجمەددین بەپێی خۆی چووە بۆ هەولێر، گوناهم چییە، خۆزگە بهاتایەتە ماڵەكەی من.

رووداو: چوون بۆ هەولێر یەكسانە بە پارتیبوون؟

مەلا بەختیار: نەخێر، بەڵام هەموو ئەندامێكی یەكێتی، هەموو كادیرێكی یەكێتی ئەگەر شاری خۆی جێبهێڵی پەناگەی سلێمانییە.

پەیوەندی هەولێر و بەغدا

رووداو: دوای 16ی ئۆكتۆبەر دۆخێك لە نێوان هەولێر و بەغدا دروستبوو، نەدەتوانرا بەری پێ بگیرێ‌؟

مەلا بەختیار:  ئێمە لە سەرەتاوە جۆرێك لە ناكۆكیمان هەبوو بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا. ئێمە پێمانوابوو هەتا كوردستان بەشێك بێ‌ لە عێراق ستراتیژی چارەسەر لە بەغدایە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قەت بوارمان نەداوە یەكڕیزی كوردایەتیی تێكبچێ‌. نەدەچووین حیزب بە حیزب بڕۆین یاریمان پێ بكەن. عەبادی پێیوابوو دوای كارەساتی كەركووك دەتوانێ كۆمەڵێك سەركەوتنی دیكەی سەربازی تۆمار دەكات و مەرجی قورستریش دەسەپێنێ‌. من پێموایە ئەوە بەر لە هەر شتێك غرورێكی عەسكەری بوو. 
 
ئەوەی لە كەركووك روویدا كەتن بوو

رووداو: ئەگەر عەبادی لەسەر ئەو غرورە بەردەوام بێ‌، یەكێتی پێیدەڵێ‌ ستۆپ؟

مەلا بەختیار: بەڵێ‌. ئێمە هەموو ئیستحقاقێكی دانوستاندن دەدەین، چی پێویست بوو دەیكەین، بەڵام ئەگەر سوودی نەبوو، جەنابی عەبادی یان هەر جەنابێكی دی، بیەوێ‌ ئێسقانی نەتەوەكەمان بشكێنێ‌، ئێمە هەتا موقاوەمەتی میللی لەگەڵی دەڕۆین.

رووداو: ئەمە قسەی مەلا بەختیارە، یان یەكێتێ‌؟

مەلا بەختیار: قسەی زۆری یەكێتیشە.

رووداو: قسەیەك هەبوو پێشتر دەیانگوت یەكێتی تەقلە بە فیل لێدەدات، بەڵام حەشدی شەعبی فیلیش نەبوو بە بەرچاوی یەكێتییەوە تەقلەی بە هەموو كورد و پێشمەرگە لێدا؟

مەلا بەختیار: ژمارەی شەهیدەكان بژمێرە بزانە لە كەركووك چەند شەهیدمان داوە؟ لەناو كەركووك چ لایەنێك زۆرترین شەهیدی دا، هەتا لە كاتی 16ی ئۆكتۆبەر؟ فەرماندەمان هەیە دەبابە بەسەریدا رۆیشتووە، هەڵنەستاوە. ئەو هەموو خەڵكەی لە كەركووك و دوزخورماتوو ئاوارە بوو، ئەوە بەرگرییە. خەڵكی ئێمە كە لە كەركووك پێناكەنێ‌، بەرگرییە. ئەمە یەكێتییە. حەشدی شەعبی ئەگەر بە پشتیوانی ئێران نەبووایە نەیدەتوانی لە حەمرین بێت بەو دیوەوە. ئێران بەڕوونی پێیگوتین ریفراندۆم مەكەن، هەتا سەر شاخی حەمرین ئاڵای كوردستان بەرز بكەنەوە پشتیوانیتان دەكەین، ماددەی 140 جێبەجێ‌ بكەن، پشتیوانیتان دەكەین، ئەمەیان پێگوتین. بەڵام قەت چاوەڕێم نەدەكرد ئەوەمان لەگەڵ بكەن كە كردیان.

رووداو: باسی قوربانیدانت كرد لە كەركووك، هێز بەدەست ئێوە و پارتییەوەیە، خوێنی خەڵك ئەوە ناهێنێ‌ كە ئاوها لە دوورەوە سەیری سووتانی دووزییەكان بكەن؟
 
نەمانتوانی گیرفاندۆستەكانی نێو یەكێتی ریشەكێش بكەین

مەلا بەختیار: لە پەنای هەندێك رێككەوتن دوزخورماتوو وای بەسەرهات. ئێمە لەگەڵ عێراقی و ئێرانییەكان وا رێكەوتبووین كە حەشدی شەعبی نابێ‌ بێتە نێو خورماتوو. ئەوكاتەی شیعە لە ئامرلی و سلێمان بەگ گەمارۆدرابوون، بەڕێز سیستانی پەیامێكی بڵاوكردەوە كە دەبێ‌ ئامرلی رزگار بكرێ‌، بەڕێز هادی عامری و ئەبوو مەهدی موهەندیس و كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیی ئێران هاتن كە ئێمە كارێك بكەین، ئەوان بتوانن پەیامەكەی سیستانی جێبەجێ‌ بكەن. ئێمە گوتمان دەتوانین هاوكاریتان بكەین بەو مەرجەی حەشد نەیەتە هیچ شارێكی كوردستان. پێشمانگوتن دەبێ‌ رەزامەندیی كاك مەسعود بهێنن كە ئەو هێزە دێتە ئەو ناوچەیە. رەزامەندییان هێنا، بەڵێنیان دا، بەڵام لە یەكەمین سەعات بەڵێنەكەیان شكاند. بۆیە ئێمە لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە هەڵەمان نەكردووە، ویژدانمان ئاسوودەیە، بەڵام ئەوان نەدەبوو ئەو پەیمانشكێنییە لەگەڵ ئێمە بكەن.

رووداو: ئەو خانەقینەی كە پێشتر مەلا بەختیار سەردانی دەكرد، بە كیلۆمەتر خەڵك دەستیان بۆ بەرز دەكردەوە و سڵاویان بۆ دەكرد، هەستت چۆنە كە ئێستا خەڵكێكی بێگانە حوكمی ئەو شارە دەكەن و ناهێڵن ئاڵای كوردستان هەڵبكرێ‌؟

مەلا بەختیار: حاكمیەتی ئیداری هەر بەدەست ئێمەوەیە. بەبۆنەی رۆژی عاشووراش هەزاران ئاڵا هەڵكران. كەسیش نەیتوانی تەدەخول بكات. لەگەڵ ئەوەشدا من خوشكی گەورەم وەفاتی كرد ئامادەنەبووم بەشداری لە ناشتنیدا بكەم لەو دۆخەی خانەقین. قەناعەتم وابوو ئەگەر بچوومایەتەوە خانەقین بە هەزاران كەس لە چواردەورم كۆدەبوونەوە.

رووداو: ئەو هێزانەی لەوێن قبوڵیان دەكرد؟

مەلا بەختیار: ئەگەر بچوومایەتەوە خانەقین 300-400 پێشمەرگەم لەگەڵ خۆم دەبرد و ئیجازەشم لە كەس وەرنەدەگرت.

رووداو: كێشەی نێوان شیعەكان لە سەرهەڵدانەوەدایە، ئەمە بە گوتارەكانی عەبادی و مالیكییەوە دەبینرێ‌، كێشەی فراوانبوونی دەسەڵاتە ئابووری و ئەمنییەكانی حەشدی شەعبیش دووبارە لە گەورەبوونەوەدایە، پێتوایە عەبادی لەسەر غرورەكەی بەردەوام بێ‌ و مل نەدات بۆ دانوستاندن؟

مەلا بەختیار: هەر شێك لە سنووری خۆی چووە دەرەوە هەڵدەگەڕێتەوە. عەبادی دەرفەتێكی زێڕینی بۆ هەڵكەوتووە، توانی سەركەوتنێك بەو دۆخەی لە ناوچەكە هەیە و بەهۆی هاوپەیمانان تۆمار بكات. من پێموابێ‌ ئەگەر ئاگای لە خۆی نەبێ‌، بەو غروورەی قازانج سەری مایەش دەخوات. جارێكیان كاربەدەستێكی گەورەی ئەمریكی لە خانەقین داوای بینینمی كرد، لێیانپرسیم ئەدای ئەمریكات پێ چۆنە. گوتم لەدوای شەڕی ڤێتنام گەورەترین سەركەوتنی سەربازیتان بەدەستهێنا، بەڵام عێراق بە گەورەترین شكستی سیاسی جێدەهێڵن. گوتی: بۆ؟ گوتم: زۆر بە غرووری سەربازی هەڵسوكەوت دەكەن. عەریفێكتان هێناوە ئیدارەی خانەقین بكات، لە كەركووك ئەفسەرێكتان داناوە، پێمگوتن واز لەو غروورە سەربازییە بهێنن، كەسی مەدەنی دابنێن خزمەتی خەڵك بكات. ئەمریكا غروور گرتی و شكستی هێنا و بە ناچاری عێراقی جێهێشت. من پێموایە ئەو غروورەی عەبادی وای بەسەردێنێ‌ ئەگەر لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێكنەكەوێ‌، لەگەڵ سوننە كێشەكان چارەسەر نەكات، دەستوور جێبەجێ‌ نەكات، بێگومانم بۆی ناچێتە سەر.
 
ئێران نەبووایە حەشدی شەعبی نەیدەتوانی لە حەمرین بێتە پێشەوە

رووداو: لای یەكێتی قابیلی قبوڵ نییە؟

مەلا بەختیار: قابیلی قبوڵ نابێ‌، ئەگەر ئەو سیاسەتە بسەپێنێ‌ و رێككەوتنی نوێمان لەگەڵ نەكات بە هاوسەنگی لەگەڵ هەموو لایەنەكان.

رووداو: ئەمجارەش شەفاعەتی ئێران بۆ عەبادی یان مالیكی كارتان تێناكات؟

مەلا بەختیار: پێشتریش ئێمە بە سیاسەت و نەهجی خۆمان كردوومانە. ئێران كاراكتەرێكە لەناو شیعەدا رۆڵی هەیە. كێ‌ كاندید بێ‌ ئێران لەگەڵ ئێمە و لەگەڵ پارتی بە حدوودێكی مەعقول، بە حدوودێك دەزانێ‌ چەند گوێی لێدەگیرێ‌، قسەمان لەگەڵ دەكات. ئەو نایەت فەرمان بە ئێمە بكات، ئەمە بكەین یان ئەوە نەكەین. ئێران زۆر لەوە زیرەكترە بە ئەمر لەگەڵ ئێمە بێتە پێشەوە، دەشزانێ‌ حیزبە كوردستانییەكان فەرمان جێبەجێ‌ ناكەن.

رووداو: عەبادی زۆر باسی دەستوور دەكات، ئایا لایەنی عێراقی زیاتر پێشێلی دەستووری كردووە یان كورد؟

مەلا بەختیار: با یوئێن تەحقیق بكات، با شارەزایانی قانوونی، یاساداڕێژەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان بێن تەحقیق بكەن. بزانن ئێمە زۆرتر دەستوورمان پێشێل كردووە یان حكومەتەكانی عێراق. من دەڵێم عێراق زۆرتری كردووە، بەڵام ئەو قسەی من نابێتە حەقیقەتێكی رەها.

رووداو: لە بەغدا لە جەنابی سەرۆك كۆمارم پرسی ئەگەر عەبادی ملی نەدا بۆ دانوستاندن لەگەڵ هەرێمی كوردستان، هەڵوێستت چی دەبێ‌، گوتی بۆ هەموو كارێك كاردانەوە هەیە. تۆ چۆن تەفسیری ئەم قسەیە دەكەی؟ 

مەلا بەختیار: جەنابی سەرۆككۆمار هاوڕێمە و بە مامۆستای خۆمی دەزانم. بە گەورەی خۆمی دەزانم، هاوڕێی ئەمینی مام جەلال بووە، من پێموایە ئەگەر دواجار هیچ نەتیجەیەك نەما بۆ چارەسەر، جەنابی سەرۆككۆمار كوردی لە پۆستی سەرۆككۆماری خۆشتر دەوێ‌ و بەجێی دەهێڵێ‌. بە تەحەمولترین سیاسییە، بەڵام لە كاتی خۆیدا شۆڕشگێڕیشە.
 
ئێرانییەكان پێیانگوتین تا حەمرین ئاڵای كوردستان هەڵبكەن، بەڵام ریفراندۆم مەكەن

رووداو: پێتباشە كورد چۆن بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بكات؟

مەلا بەختیار: من پێمباشە لەسەر ئاستی عێراق هەموو لیستە كوردستانییەكان یەك بگرین. لە كوردستانیش ئازادبین.

باكوور و رۆژئاوای كوردستان

رووداو: بەبۆچوونی هەندێك لە شرۆڤەكاران بەهۆی ئەو دۆخە نائاساییەی لە توركیا هەیە، پارتی كرێكارانی كوردستان كاری سەربازی و سیاسییان زۆر لاواز بووە. ئایا ئەم دۆخە هەروا بەردەوام دەبێ‌؟

مەلا بەختیار: كاری سەربازیان لاواز نەبووە، بەردەوام هەموو هەفتەیەك چالاكیان هەیە. من پێموابێ‌ لە بەرژوەندی توركیا و دیموكراسیی توركیا و قبوڵكردنی توركیا لە یەكێتی ئەوروپادا نییە، ئەو بارودۆخەی كوردستان وا بمێنێتەوە. توركیا پێویستی بە پێداچوونەوەیەك هەیە بە سیاسەتی خۆی. ئێستا جەوهەری كێشەی توركیا دووشتە، ئابووری و باكووری كوردستان. پێموایە تاكە رێگا لەبەردەم توركیا ئەوەیە دیالۆگێكی بەرپرسیارانە و یاسایانە لەگەڵ باكووری كوردستان بكات.

رووداو: بەمدواییانە پەكەكە كانتۆنی قەندیلی راگەیاند، ئەمە شتێكی راست بوو؟

مەلا بەختیار: نەخێر.

رووداو: ئایندەی رۆژائاوای كوردستان چۆن دەبینی؟ ئایا ئەو دەسەڵاتدارییەی كە پەیەدە بەو شێوەی ئێستا بنیاتی ناوە دەتوانێ‌ بەردەوام بێ‌.

مەلا بەختیار: 7/6/2016 لە زانكۆی سلێمانی كۆڕێكم بەست، گوتم رۆژئاوا و حیزبەكانی رۆژئاوا ئاگایان لە خۆیان نەبێ‌، لەدوای شەڕی داعش و نوسرە، موئامەرەیان لەسەرە. ئێستا ئەوە لە كۆنگرەی سووچی و جنێف بەشێك لە حیزبەكان قبوڵ دەكەن، پەیەدە قبوڵ ناكەن. توركیا گوشار دەكات، هێزی بەكارهێناوە. ئەمە سەرەتایەكی ترسناكە. رووسیا تەحەفوزێكی هەیە، گوشار ناخاتە سەر توركیا و ئێران و سووریا بۆ ئەوەی نوێنەرەكانی  پەیەدە بچنە كۆنگرەكان. گەورەترین كێشە لە رۆژئاوای كوردستان ئەوەیە باشترین هەلی مێژوویان بۆ هەڵكەوتووە ناتوانن كێشە ناوخۆییەكانیان چارەسەر بكەن. نە ئەنەكەسە بەم توندڕەوییە لە رەخنەگرتن دەتوانێ‌ زەمینەی دیالۆگێكی باش دروست بكات، نە پەیەدەش دەتوانێ‌ بە داخستنی هەموو دەرگاكان بۆ دیالۆگ، دەتوانێ‌ مۆفەق بێ‌ لە كۆكردنەوەی هەموو هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە