رووداو- سلێمانی
ماوەی چوار ساڵ لە بەغدا بووە، چەند جارێكیش ئەندامی ئەو شاندە كوردیانە بووە كە بۆ دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی عێراق دەچوونە بەغدا. د.محەممەد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە لە یەكەم خولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، ئەندامی پەرلەمان بووە، لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی دۆخی ئێستای عێراق دەكات كە لەسەر لێواری پشێوییەكی گەورەیە و دەڵێت: تاوەكو ئەو كاتەی شیعە هەموو عێراق بەهی خۆی بزانێ و سوننە پێیوابێ ئەوەی لەدەستی چووە دەبێ بەدەستی بهێنێتەوە، نابێ بە تەمای عێراقێكی سەقامگیر بین. بەبڕوای د.محەممەد ئەحمەد دۆخی ئێستای عێراق "یان بەرەو كودەتای سەربازی دەچێ، یان رێككەوتن لەسەر حكومەتێكی كاتی بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێ".
رووداو: ئەوەی لە بەغدا روویدا بۆ ئێوە چاوەڕوانكراو بوو؟
د.محەممەد ئەحمەد: بەڵێ، ئەو فەوزایەی ماوەیەكە عێراقی گرتووەتەوە ئەوەی لێ چاوەڕوان دەكرا. بگرە درەنگ ئەمە روویدا و ئێمە چاوەڕیێ ئەوەمان دەكرد زووتر رووبدات.
رووداو: بەڵام خۆ ئەوە ململانێی نێوان شیعەكانە و پریشكی ئاگری شەڕی نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەكان نییە؟
د.محەممەد ئەحمەد: هەمیشە سێ شت شیعەكانی عێراقی بەیەكەوە بەستووەتەوە و بێدەنگی كردوون، وەستان لە بەرامبەر نەیارەكانیان، مەرجەعیەت، هاندان و دەستگرتنی ئێران. ئێستا بەرامبەرەكانیان بەو شێوەیە بەهێز نین و ئەوەش وای كردووە ململانێكانی نێوانیان بتەقێتەوە و چاوەڕێ دەكرێ قورستریش بكەوێتەوە.
رووداو: ئێوە نزیكەی هەشت ساڵ لەمەوبەر لە بەغدا ئەندامی پەرلەمان بوون، ئەوكاتیش هەستتان بە ناكۆكیی نێوان جەمسەرەكانی شیعە دەكرد؟
د.محەممەد ئەحمەد: بەڵێ، بەڵام وەك ئێستا ناكۆكییەكانیان قووڵ نەبوو، پێشبینیم دەكرد بەیەكدا هەڵپژێن، تەنانەت كاتێك باسی هەرێمەكان دەكرا، لە هەندێك لە شیعەكانم دەبیست دەیانگوت ترسی ئەوەمان هەیە ئەگەر هەرێمی شیعە دروست ببێ، رەنگە شیعەكان پێكەوە نەتوانن لەو هەرێمەدا هەڵبكەن و شەڕ بكەوێتە نێوانیانەوە.
رووداو: ئێستا دەرفەت نییە بۆ سوننە؟ سوننەی عێراق چی دەكەن؟
د.محەممەد ئەحمەد: دەتوانم بڵێم سوننە بەشێوەیەك لە شێوەكان لەسەر زەمینی واقیع تەواو بووە، نە جوگرافیایان بەدەست ماوە، نە قورساییان ماوە لەنێو پرۆسەی سیاسیدا و نە جەماوەریان بەدەستەوە ماوە. دەكرێ بڵێین شیعەكان ترسی كورد و سوننەیان نەماوە، بۆیە ململانێكانیان توند كردووە.
رووداو: لە خۆپیشاندانەكانی ناوچەی سەوز، پەرلەمانتارانی كورد گەمارۆ دران، هەندێكیان لێیان درا و تەنانەت هەندێك دیمەن وایان دەگێڕایەوە كە خۆپیشاندەری بەغدا داخ لە دڵانە مامەڵەیان لەگەڵ پەرلەمانتارانی كورد دەكرد، بۆچی؟
د.محەممەد ئەحمەد: راستە خۆپیشاندان بۆ داواكاریی چاكسازی و هەندێك پرسی دیكە بوو، بەڵام ململانێی نەتەوەیی و مەزهەبیشی تێكەڵ دەبێ. هەمیشە بەرامبەر بە كورد كۆنەقینەكە لە هەر جێگایەكدا بێ سەرهەڵدەداتەوە. هەرچەندە لە سەرۆكی فراكسیۆنی فەزیلەش درا و خراپتریان كرد، بەڵام ئەوە فەوزایە و لە فەوزاشدا هەموو شتێك روودەدات.
رووداو: پێش هەڵكوتانە سەر پەرلەمان، پێنج حیزبەكەی باشووری كوردستان جەختتان كردەوە لەوەی رازی نابن بەو شێوازە حكومەتەی عەبادی لە بەرنامەیدایە یان سەدر داوای دەكات، ئێستاش سوورن لەسەر ئەوە؟
د.محەممەد ئەحمەد: عێراقی نوێ ئەگەر بیەوێ سەقامگیر بێت، دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ئەو پرەنسیپانەی لەسەرەتاوە لەسەری رێككەوتبووین، هەركات ئەو پرەنسیپانە نەپارێزرا، ئیدی بەتەمای عێراقی ئارام و سەقامگیر مەبە. ئەو پرەنسیپانەش لانیكەمی ئەو دەستوورەیە كە هەموو لایەك بەناچاری پێی رازی بوون. ئەو دیموكراسیەتەی بۆ عێراق دیاری كراوە، دیموكراسییەتی تەوافوقییە و باسی هاوبەشی و هاوسەنگی و خزمەتگوزاری و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هیچ لەوانە ئێستا كاری پێناكرێ. كە ئەوانەش نەما، فەوزا دروست دەبێ. ئەمە جگە لە دەستێوەردانی نێودەوڵەتی كە ئەویش لە سایەی ناكۆكی و ناتەبایی عێراقییەكانەوەیە.
رووداو: گوتم ئێوە سوورن لەسەر داخوازییەكانی خۆتان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ؟
د.محەممەد ئەحمەد: بەڵێ ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی هاوسەنگی و شەراكەتی راستەقینە هەبێ و پشكی كورد دیاریكراو بێت و لە 21% یان 20% بۆ كورد بێت. ئێمە خۆمان وەك كورد دیاری دەكەین كێ نوێنەری ئێمەیە لە بەغدا، نەك لایەنێكی دیكە بەناوی چاكسازی و حكومەتی نوێوە نوێنەرمان بۆ دیاری بكات. یان بەو شێوەیە و لەسەر ئەو بنەمایە بەیەكەوە دەبین، یان هەر بەخۆشی و بە ئاشتی دەبینە دوو دراوسێ.
رووداو: ئێستا دەتوانی بڵێی نێو ماڵە تۆكمەكەی شیعەش درزی تێكەوت، ئایا رۆژی دابەشبوونی عێراق نزیكتر بووەتەوە؟
د.محەممەد ئەحمەد: عێراق لەسەر بنەمایەكی نادادپەروەرانە دروستكراوە، ئەوەش وایكردووە بەردەوام ئەگەری دابەشبوون لە عێراق نزیك بێت. ئەوەی لە عێراقدا نییە، هاووڵاتیبوونە. بەم شێوەیەی ئێستا یان دیكتاتۆرێكی بەهێز دەتوانێ عێراق بەڕێوەببات، یان دابەشبوونێك كە لایەنەكان رازی بن ببنە دراوسێیەكی باشی یەك. ساڵی 2003 گوتم عێراق لە چەند ئیسپرینگێك دەچێ كە دەستێكی بەهێز نیشاندوونی، ئێستا دەستە بەهێزەكە لابراوە و هەر ئیسپرینگە و بەلایەكدا دەپەڕێ.
شیعە خۆی بە خاوەنی هەموو عێراق دەزانێ، سوننە وادەزانێ دەوڵەتێكی بەدەستەوە بووە و لەدەستی چووە و دەبێ بگەڕێتەوە، كوردیش هەر خەون بە سەربەخۆییەوە دەبینێ. واتە هەستی هاوبەش لە نێوان پێكهاتەكانی عێراقدا نییە و هەر بەناچاری بە یەكەوە ماون.
رووداو: تۆ وەك ئەندام لە شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدات كردووە، لە كاتی گفتوگۆكان جیاوازیی بۆچوونت لە نێوماڵی شیعە دەبینی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان؟
د.محەممەد ئەحمەد: بەڵێ، لەنێو شیعە و سوننە، جیاوازیی بۆچوون هەیە، بەڵام بۆچوونی موقتەدا سەدر زۆر پشتی پێ نابەسترێ. ئەمڕۆ قسەیەك دەكات و سبەی بەشێوەیەكی دیكەیە. بەشێوەیەكی گشتی شیعەكان لەوەدا كۆدەنگن كە یەك رەنگ بدەنەوە بە عێراق، ئەمڕۆش كە دەڵێن با دابەشكاریی لە پۆستەكاندا نەمێنێ، هەر بۆ ئەوەیە یەك رەنگ بدەنەوە بە عێراق.
رووداو: ئێستا دۆخەكە بۆ كورد چۆنە؟
د.محەممەد ئەحمەد: گونجاوە. بەڵام دەبێ بە خێرایی دەست بكات بە رێكخستنەوەی نێوماڵی خۆی. دەزگا نیشتمانییەكانی بەگەڕبخاتەوە. تاوەكو ئارامی و سەقامگیری نەگەڕێتەوە، پێویست ناكات فراكسیۆنەكان بنێرینەوە بەغدا.
رووداو: ئەوە سەركردە ناكۆكەكانی كورد هاندەدات بۆئەوەی دەست بە گەڕێكی دیكەی دانوستاندن بۆ چارەسەركردنی كێشە نێوخۆییەكان بكەنەوە؟
د.محەممەد ئەحمەد: رووداوەكە گەورەیە و خۆزگە هانی بدابان. راستییەكەی زەمینەیەكی باش بۆ كورد دروستبووە، بەڵام هەواڵی ناخۆش ئەوەیە كە ناوخۆمان گونجاو نییە. دەبێ دەزگاكان بكەونەوە كار و هێزی نیشتمانی دروستبكرێ.
رووداو: ئیدی ئەوە عێراقە و پاش ماوەیەكی دیكە چاوەڕوان دەكرێ دیسان فراكسیۆنەكانتان بچنەوە بەغدا، ئەگەر نەچنەوە، ئایا گوشاری نێودەوڵەتی هەر دەمێنێ؟
د.محەممەد ئەحمەد: بەڵێ، گوشاری نێودەوڵەتی تاوەكو كۆتایی دەمێنێ، بەڵام ئەگەر ئێمە لێرە ناوماڵی خۆمان چاك كرد، سەقامگیریی سیاسیمان دەستبەر كرد، شتەكان ئاسانن. ئێستا ئەگەر ناوماڵی خۆمان رێكبخەین، تەنیا یەك شتمان ماوە بۆ ئەوەی ببینە دەوڵەت، ئەویش دانپێدانانی نێودەوڵەتییە. بێگومان تەنیا دوو دەوڵەت دانمان پێدا بنێن، وردە وردە وڵاتانی دیكەش دانمان پێدادەنێن و ئەوەش كۆتایی دێ، بەڵام بە داخەوە هێشتا خۆمان ئامادە نین.
رووداو: وا هەوڵەكانی ئێران بۆ هێوركردنەوەی ئاگرەكەی بەغدا دەستپێدەكەن، ئێران ئەوەی بە خێرایی پێدەكرێ؟
د.محەممەد ئەحمەد: هەر گۆڕانكارییەكی گەورە لە عێراق، ئێران بەبێ ئەمریكا ناتوانێ هیچ بكات و ئەمریكاش هەروا. بەڵام ئەو هەماهەنگییەی نێوان ئەمریكا و ئێران بەربەست نییە بۆ ئەوەی كورد دەیەوێ بەدەستی بێنێ، ئەگەر خۆمان بەیەكەوە بین و دڵنیایان بكەینەوە لەوەی دراوسێیەكی باشی شیعە و سوننە دەبین، بەڵام تاوەكو ئێستاش ئیدارەی تەنگژەكە هێشتا لە كۆنترۆڵی ئێران و ئەمریكادا ماوە و لەوانەیە پاش ماوەیەكی دیكە فەوزاكە بنیشێتەوە و پرۆسەكە بە هەڵبژاردنی پێشوەخت چارەسەر بكەن.
رووداو: كەواتە پرۆسەكە ئارام دەبێتەوە و شێوازی ماڵئاوایی كورد لە پرۆسەی سیاسی عێراق لە كشاندنەوەی فراكسیۆنەكانەوە دەست پێناكات؟
د.محەممەد ئەحمەد: نەخێر، سەركردایەتیی سیاسیی كورد رێوشوێنەكە بەڕێوە دەبەن، سەرەتا تێگەیشتنێكی ئەرێنی لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی عێراق دێننە ئاراوە و پاشتر دراوسێكانی عێراق و ئەوكات فراكسیۆنەكان دەتوانن بەپێی نەخشە رێگایەك بكشێنەوە.
رووداو: ئەگەر دۆخەكە ئاوا درێژە بكێشێ، چاوەڕوانی چی دەكەی ؟
د.محەممەد ئەحمەد: ئەگەری دروستبوونی شەڕی نێوان شیعەكان و كودەتای سەربازی هەیە، بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە رێكبكەون لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی كاتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت. زەمینەكە گونجاوە بۆ ئەوەی كودەتای سەربازی بكرێ.
رووداو: بەدڵنیاییەوە كاتێك ناوی كودەتای سەربازی دەبرێ، زۆر كەس پێشبینی دەكەن مالیكی سەركردایەتی بكات؟
د.محەممەد ئەحمەد: هەركەس بیكات زەمینەكە لەبارە. بەڵام بەهۆی داعشەوە دووریش نییە خوێنبەربوونی نێوخۆیی دروست ببێ. واتە داعش بیقۆزێتەوە. ئێستا لەم دۆخەی عێراقدا هەموو ئەگەرەكان كراوەن.
رووداو: كورد لە كودەتای سەربازی عێراق دەترسێ؟
د.محەممەد ئەحمەد: بەشێوەیەك لە شێوەكان بۆ ماوەیەك دۆخەكە دەئاڵۆزكێنێ، بەڵام مەترسی داعش و هەڕەشەی نێوخۆیی و شەڕی نێوخۆییش هەیە. بەدڵنیاییەوە ئەگەر كورد بە خێرایی نەكەوێتە خۆی، نێوماڵی خۆمان رێكنەخەینەوە، پریشكی ئەو ئاگرە دەگاتە كوردستان.
رووداو: پشێوییەكانی بەغدا داعش بەهێز دەكاتەوە بەرامبەر بەغدا؟
د.محەممەد ئەحمەد: بێگومان، خەڵك یان سەربازی عێراقی بە چ رۆحییەتێك و چ گەرموگوڕییەك بەرەنگاری داعش ببێتەوە كە ببینێ نێوخۆی وڵاتەكەی چۆنە و نێوانی پارتە سیاسییەكان چۆنە و سەركردەكان خەریكی چین؟ بەڵام مەترسییەكی گەورەتر لەسەر عێراق دروستدەبێ، ئەویش زۆربوونی میلیشیا و هێزی دیكەی وەك حەشدی شەعبییە. ئەوە ترسی گەورەی منە لە پشێوی نێوخۆیی عێراق. ترسی شەڕی نێوخۆ ترسە لە زۆربوونی میلیشیا .
رووداو: پرسی دوورخستنەوەی عادل نوری لە فراكسیۆنەكەتان كۆتایی هات؟ ناگەڕێتەوە؟
د.محەممەد ئەحمەد: ئێستا ئەو لە دەرەوەی فراكسیۆنی یەكگرتووە، ئەگەر ئامادەبێ بە خۆداچوونەوە بكات و دان بەوەدا بنێ كە ئەوەی كردی هەڵە بوو، دەرگای یەكگرتوو و فراكسیۆنی یەكگرتوو واڵایە، ئەو كاتی خۆی سەربەخۆیانە رەفتاری كرد و رەچاوی بۆچوونی حیزب و یەكڕیزیی هێزە كوردستانییەكانی نەكرد. بەڵام پەیوەندی لە نێوان یەكگرتوو و ئەو نەپچڕاوە و دەتوانێ بگەڕێتەوە.
رووداو: جارێكی دیكە دێمەوە سەر پەیوەندی نێوخۆی حیزبەكان، نەوشیروان مستەفا گەڕاوەتەوە و دۆخی بەغدا شڵەقاوە و هەندێك لە پرسەكان لە شوێنی خۆیان نەماون، گفتوگۆی پارتە سیاسییەكانی باشووری كوردستان دەستپێدەكەنەوە؟
د.محەممەد ئەحمەد: تەنیا دەتوانم بڵێم ئاواتەخوازم، ئینجا بە راستی ئەوەی هەیە و بووە زیاتر عینادی سیاسییە و شتێك نییە چارەسەر نەكرێ. گۆڕان و پارتی دەتوانن ئەوە تێپەڕێنن. من بۆچوونم وایە ئیدی كاتی ئەوە نەماوە لایەنەكانی كوردستان ململانێ بكەن. ئەگەر ئیرادەیان نەبێ، تەوقە و سڵاوكردن و تەلەفۆنكردن بۆ یەكتر دۆخەكە ناگۆڕێ. دەبێ ئیرادەیان هەبی بۆ چارەسەر. من دڵنیام دەتوانن چارەسەری بكەن، بەڵام ئەگەر خۆیان بیانەوێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ