رووداو - تەندروستی
لێپرسراوی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا تەنیا هەشت تووشبووی کۆلێرا لەلایەن تەندروستیی سلێمانییەوە دەستنیشانکراون و هەموو پشکنینەکان بۆ پشتڕاستکردنەوەیان نێردراون بۆ بەغدا.
د. نەجمەدین حەسەن، لێپرسراوی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە سلێمانی بە رووداوی گوت، تائێستا هیچ تووشبوویەکی ئاوڵەی مەیموون لە عێراق و هەرێمی کوردستان نییە و ئەوەشی کە لە دەرەوەی وڵاتانی ئەفریقا بڵاوبووتەوە جۆرە کوشندەکەی ئاوڵەی مەیموون نییە.
هاوکات د. نەجمەدین حەسەن دەڵێت: بەهۆی ئەوەی کە رێژەی پشکنینەکان بۆ نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون کەمە، لە جیهاندا ژمارەی تووشبووان زۆر زیاترە لەو ئامارانەی کە لە وڵاتانی ئەفریقا رادەگەیێندرێت.
لەبارەی دەستپێشخەرییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ کەرتی تەندروستیی سلێمانی لە پێشگیریی نەخۆشیی کۆلێرا دەڵێت: ''خول و رێنوێنیی تایبەت دەدەین بە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی، هەروەها زیاتر لە 150 هەزار ژیناو کە لەلایەن رێکخراوەکەوە بەرهەمدەهێندرێت، بۆ سلێمانی دابینکراوە''.
هاوکات پڕۆفیسۆر نەهلە محەممەد، سەرۆکی دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی بە رووداوی راگەیاند، بە رێژەیەکی زۆر تەندروستیی هەرێمی کوردستان سوودی لە ئەزموونی وڵاتان وەرگرتووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکان، کە هاوشێوەی کۆڤید-19 دەتواندرێت بەرەنگاری ئاوڵەی مەیموونیش ببێتەوە.
پڕۆفیسۆر نەهلە محەممەد باسی رێنوێنییەک دەکات و دەڵێت: جەختی تەواوەتی لەسەر پشکنینی ڤێتێرنەری ئاژەڵان بکرێتەوە، چونکە نەخۆشییەکە لەنێو ئاژەڵە کێوییەکاندا بڵاودەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ