رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، ئاستێکی مەترسیداری یۆرانیۆم و قوڕقوشم لە میزی ئەو نەوجەوانانەدا هەیە، کە زۆر ڤەیپ دەکێشن. ئەوەش زیانی بۆ گەشەی جەستەیان هەیە.
لێکۆڵینەوەکە لەلایەن پسپۆڕانی زانکۆی نیبراسکای ئەمریکاوە کراوە و لە گۆڤاری تۆباکۆ کۆنترۆڵ-ی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، ئەو ڤەیپکێشانەی لە تەمەنی نێوان 13 و 17 ساڵیدان و رۆژانە هەشت جار جگەرەی ئەلیکترۆنی، واتە ڤەیپ، دەکێشن، رێژەی قوڕقوشمی نێو میزیان 30%ـە و یۆرانیۆمیش دوو هێندە لەوانە زیاترە، کە کەمتر دەیکێشن.
لە لێکۆڵینەوەکەدا روونبووەتەوە، بەتایبەتی ئەو نەوجەوانانەی تامی شیرین دەکێشن، بەراورد بەوانەی تامی پونگ (نەعنا) بەکاردەبەن، رێژەی یۆرانیۆمی نێو میزیان زیاترە.
بۆ ئەم لێکۆڵینەوە، پشکنینی 200 ڤەیپکێشی ئەمریکا وەرگیراوە. لێکۆڵینڤانان دەڵێن، هەبوونی ئەم مادە ژەهراویانە لە جەستەی نەوجەواناندا مایەی نیگەرانییە و پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر لە زیانی جگەرە ئەلیکترۆنییەکان بکرێت، بەتایبەتیش کە قوڕقوشم و یۆرانیۆم زیان بە گەشەی مرۆڤ دەگەیێنن.
لە کاتێکدا جگەرەی ئەلیکترۆنی لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت بۆئەوەی پێگەیشتووان واز لە جگەرەی تووتن بهێنن، نەوەیەکی نوێی جگەرەنەکێش وەکو خولیایەک دەستیان داوەتە کێشانیان.
راپرسییەکی ئەمریکی لە ساڵی 2023 دەریخست کە 10%ی قوتابیانی قۆناخی ئامادەیی جگەرەی ئەلیکترۆنی دەکێشن، 40%ی ئەوانەش رۆژانە لانیکەم 20 جار دەیکێشن.
90%ی ڤەیپکێشەکانیش ئاماژەیان بەوە کردبوو کە تامی شیرین دەکێشن.
وشەی ڤەیپ لە 'vapor'ی ئینگلیزییەوە هاتووە کە بە واتەی هەڵم دێت، هەرچەندە بە ناوەکەیدا لە هەورە ئاوێکی بێ زیان دەچێت، بەڵام شلەی جگەرە ئەلیکترۆنییەکان ئەگەرچی نیکۆتینیان تێدا نییە، پڕە لە ماددەی کیمیایی و هەندێ جار کانزای ژەهراویی وەک زرنیخ، کرۆم، نیکڵ، قورقشم و یۆرانیۆمیان تێدایە.
تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەی کەم لەسەر ماددە ژەهراوییەکانی نێو ڤەیپەکان کراوە، بۆیەشە لێکەوت و کاریگەرییە لاوەکییە دوورمەوداکانی بە ناڕوونی ماونەتەوە.
بەشێکی کێشەکەش بەهۆی ئەوەیە کە هەر کۆمپانیایێک جۆرێکی ڤەیپەکان دەخاتە نێو بازاڕەکان کە بە تەواوی لە جۆری کۆمپانیاکانی دیکە جیاوازن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ