رووداو- هەولێر
لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ لە تورکیا، بەهۆی نیگەرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە وڵاتی چین سەریهەڵدا و چەندین وڵاتی جیهانی گرتووەتەوە، فرۆشتنی ماسک رووی لە زیادبوون کردووە.
گەشتیارێکی زۆر و بەتایبەتیش ئەو کەسانەی سەردانی وڵاتی چین دەکەن روو لە دەرمانخانەکانی نێو فڕۆکەخانەکە دەکەن و ماسک دەکڕن.
دەرمانخانەکان تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا زیاتر لە 10هەزار ماسکیان لەنێو فڕۆکەخانەکەدا فرۆشتووە.
نورجان ئەرکول-خاوەنی دەرمانخانە
"فرۆشتنی ماسک لە 10 بۆ 15 رۆژی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. ئاسیاییەکان میللەتێکن راهاتوون لەسەر بەکارهێنانی ماسک، بەڵام لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەتایبەتیش ئەو هاووڵاتییانەی سەردانی چین دەکەن، جاران کە دوو بۆ سێ ماسکیان دەکڕی، ئێستا بە پاکەت ماسک دەكڕن، ئەمەش بەشێوەیەکی جدی رەنگدانەوەی لەسەر فرۆشتنی جۆرەکانی ماسک هەبووە".
زۆری خواست لەلایەکەوە بەهای ماسکی دوو ئەوەندە گران کردووە و لەلایەکی دیکەش کاریگەری لەسەر بازاڕی رەش کردووە، بەجۆرێک بڕێكی زۆر لەو ماسکانە خراونەتە بازاڕەوە کە لە هەلومەرجێکی نا تەندروستدا بەرهەم هێنراون.
نورجان ئەرکول-خاوەنی دەرمانخانە
"لە نرخەکاندا بەرزبوونەوە روویدا، لە چوارچێوەی زۆربوونی خواست وەک چاوەڕوان دەکرا، نرخەکان بۆ دوو ئەوەندە بەرزبوونەوە. بێگومان زۆربوونی خواست کاردانەوەی لەسەر بازاڕی رەش هەبووە، بڕێكی زۆر لەو ماسکانە خراونەتە بازاڕەوە کە لە هەل و مەرجێکی تەندروستدا بەرهەم نەهێنراون، ئەمەش وا دەکات هەل و مەرجێکی ناتەندروست بۆ خۆپاراستن بێتە ئاراوە".
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتووەتە زیاتر لە 6000 کەس و تاوەکو ئێستا 170 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی و پەیمانگەی نیشتمانی تەندروستی چین دەڵێن، رۆژانە زیاتر لە 1000 کەسی نوێ تووشدەبن و ڤایرۆسەکە دەگاتە وڵاتی نوێ، تاوەکو ئێستاش تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە زیاتر لە 20 وڵات تۆمارکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ