رووداو - تەندروستی
نوێنەری وەزارەتی تەندروستی لە لیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی ئاشكرای دەکات، هیچ بڕیارێکیان بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی جگەرە و ڤەیپ پێنەگەیشتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 29-10-2024 ئازاد نەبی، نوێنەری وەزارەتی تەندروستی لە لیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، هیچ بڕیارێکیان لەبارەی قەدەخەکردنی فرۆشتن و مامەڵەکردن بە ڤەیپەوە پێنەگەیشتووە و تاوەکو بە نووسراو ئاگادار نەکرێنەوە، ناتوانن هیچ رێکارێک بگرنەبەر.
ئەمە لەکاتێکدایە کە عەبدولجەبار عیسا، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە قایمقامیەتی دهۆک هەر ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، ''لە مێژە بڕیارەکە هاتووە و تائێستا لیژنەکانمان بەردەوامن لە قەدەخەکردنی فرۆشتن و کڕینی ڤەیپ و بڕێکی زۆریشمان لەنێوبردوون''.
بەپێی بەدواداچوونێکی ئەمساڵی رووداو، ئەو ڤەیپەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، لە وڵاتەکانی چین، تورکیا و ئێران دەهێندرێن، بۆیە فرۆشیارێکی ڤەیپ پێشنیاز دەکات، ئەگەر حکومەت دەیەوێت ڤەیپ قەدەخە بکات، با سەرەتا هاوردەکردنی بەشێوەیەکی فەرمی لە فڕۆکەخانەکان رابگرێت.
لە هەولێر فرۆشتنی ڤەیپ قەدەخە کراوە و هەر دووکانێک بیفرۆشێت لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت. لە سلێمانی فرۆشتنی ئازادە و لە دهۆکیش بڕیاری قەدەخەکردنی لە 15ـی شوباتی ئەمساڵەوە درا. {لێرەوە راپۆرتێک ببینە}.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ