prev
next
رووداو - تەندروستی
ئەم وەرزە کە دەکاتە سەرەتا و نێوەڕاستی پاییز وەرزی پێگەیشتن و کۆکردنەوەی قارچکە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا حاڵەتێکی باو کە لە بەشەکانی فریاکەوتن تۆماردەکرێت، ژەهراویبوون بە قارچکە.
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، نیشانەکانی ژەهراویبوون بە قارچک لە 20 خولەک دوای خواردنی تاوەکو شەش کاژێر دەردەکەون، هەندێکیشی 36 کاژێریان پێویستە بۆ دەرکەوتنی نیشانەکان.
ئەمڕۆ دووشەممە 28-10-2024 جەوهەر عەلی، یاریدەدەری پزیشکی و کارمەندی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی خەلیفان بە رووداوی راگەیاند، ساڵی رابردوو چەند کەسێک بە قارچک ژەهراویبوون و هاتوونەتە فریاکەوتنەکەیان.
جەوهەر عەلی دەڵێت: ''زیاتر لە وەرزی پاییزدا ژەهراویبوون بە قارچک زۆرە بەراورد بە بەهار''.
گوتەبێژی رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران لەسەر ژەهراویبوونی خەڵک بە قارچک لەو وڵاتە رایگەیاندووە، لە نەورۆزی ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی ئادار 233 کەس بەهۆی خواردنی قارچک ژەهراویبوون.
لە هەرێمی کوردستان بەشێک لە خەڵکی دەچن قارچک دەچننەوە، چونکە بەهۆی هەورە برووسکەو و شێدارییەوە قارچکەکان لەم وەرزەدا پێدەگەن، بەڵام ئەو کێشەیەی کە دەشێت دووچاری خەڵک ببێتەوە ناسینەی قارچکە ژەهراوییەکانە کە دەبیندرێت قارچکی ژەهراوی دەخۆن و دەشێت مەترسیی بۆ سەر تەندروستییان دروستببێت.
هاوڕاز عەلی، مامۆستا لە کۆلێژی کشتوکاڵی هەڵەبجە و ماستەر لە دروستکردن و دەستنیشانکردنی قارچک بە رووداوی گوت، لە هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری قارچکەکان سەلامەتن، بەڵام لە هەندێک ناوچە رێژەی جیاوازی قارچکی ژەهراوی هەن کە ناسینەوەیان بە زانستی نەبێت، ئەستەمە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ