کۆمەڵەی پزیشکانی ددان لە کەنەدا: خاوێنیی دەم و ددان باوەڕبەخۆبوونی زیاتر دەبەخشێت

23-06-2024
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دەم و ددان رایدەگەیێنێت، تەندروستیی دەم و ددان پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ تەندروستیی جەستە هەیە و دەکرێت نەخۆشییەکانی دەم و ددان کاربکاتە سەر ئەندامە جیاوازەکانی جەستە.
 
د. ئاماندا مۆرێل، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەم و ددان ئاماژە بەوەدەکات، بایەخ نەدان بە پاکڕاگرتنی دەم و ددان و کۆبوونەوەی بەکتریا زیانبەخشەکان لەنێو دەم وا دەکات ئەم بەکتریایانە تێكەڵ بە سووڕی خوێن ببن و بگوازرێنەوە شانە و ئەندامە جیاوازەکان و ببنەهۆی نەخۆشی جۆراوجۆر.
 
د. ئاماندا مۆرێل دەڵێت، پاکوخاوێنیی دەم و ددان تەنیا وەرگێڕان نییە بۆ زەردەخەنەیەکی سەرنجڕاکێشتر، بەڵکو رێگریکردنە لە کۆبوونەوەی بەکتریا لەسەر رووی ددان، هەوکردنی پووک و بۆنی ناخۆشیی دەم.
 
بۆچی تەندروستیی دەم و ددان گرنگە؟
 
هیزەر کار، سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی ددان لە کەنەدا دەڵێت، ''مرۆڤ دەمی بۆ هەردوو مەبەستی بایۆلۆژی و کۆمەڵناسی بەکاردەهێنێت، بۆیە پاکوخاوێنیی دەم و ددان دەکرێت ئەم سوودانەشی هەبێت؛ 
 
- وادەکات ئاسانتر هەستەکان بگەیێنیت و زیاتر متمانەت بەخۆتەوە هەبێت.
 
- هەبوونی ژمارەی تەواوی ددانەکان وادەکات روونتر قسەبکەیت، نەبوون یاخود ناڕێکی لە ددانەکانی پێشەوە دەبێتەهۆی بە ناڕوونیی دەربڕینی ئەو دەنگانەی کە بە ددانەکان دروستدەبن.
 
- زۆری ددانی تێکچوو یان کەوتوو هێزی گەستن دەگۆڕێت، ئەمەش کاردەکاتە سەر ماسوولکەکان و شەویلگەکانی سەرەوە و خوارەوە.
 
بە گوێرەی مایۆکلینیک دەکرێت پاکڕانەگرتنی دەم و ددان ببێتەهۆی؟
 
- هەوکردنی ئەندامەکان؛ زۆربەی کات روودەدات کە ''میکرۆبەکان'' لەڕێگەی خوێنەوە بڵاودەبنەوە و بە هەندێک ناوچەی ئەندامەکانەوە دەلکێن، بەمەش دەشێت ببنەهۆی هەوکردنی تووند تێیاندا.
 
- نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن؛ گیرانی خوێنبەرەکان و جەڵتەی مێشک رەنگە پەیوەندی بەو هەوکردنانەوە هەبێت کە بەهۆی ''میکرۆبی'' دەم و ددان دروستدەبن.
 
- هەندێک میکرۆب لە دەمدا دەتوانن بچنە ناو سییەکان و ببنەهۆی هەوکردنی سییەکان و نەخۆشیەکانی دیکەی کۆئاندامی هەناسە.
 
مایۆکلینیک چەند رێگەیەکی پاراستنی دەم و ددان پێشنیازدەکات وەکو؛
 
- رۆژانە لانیکەم دووجار ددانەکان بشۆردرێن بۆ ماوەی دوو خولەک لە هەر جارێک.
 
- فڵچەی ریشنەرم بەکاربێت و هەویری ددانیش فلۆرایدی تێدابێت.
 
- نێوان ددانەکان بە پەتی ددان پاکبکرێتەوە.
 
- خۆراکی تەندروست بخورێت و خۆراک و خواردنەوە شیرینەکان کەمبکرێنەوە یان نەخورێن.
 
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول.
 
- هەر 3 بۆ 4 مانگ جارێک فڵچەی ددان بگۆڕدرێت، ئەگەر شێوەی ریشاڵی فڵچەکە گۆڕدرا، ئەوا پێویستە بگۆڕدرێت.
 
- ساڵانە لانیکەم جارێک سەردانی پزیشکی ددان بکرێت بۆ پشکنین و پاککردنەوە، رەنگە پزیشکی ددان پێشنیاری سەردانکردن یان پاککردنەوەی زیاتر بکات، ئەمەش بەپێی بارودۆخەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە