کۆرۆنا تووشبووانی شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن زۆرتر بە جەڵتەی مێشك دەکوژێت

22-11-2020
هونەر رێبوار
A+ A-

رووداو- هەولێر 

توێژەرانی زانکۆی پەنسلڤانیا رایدەگەیێنن نەخۆشانی بەرزەپەستانی خوێن و شەکرە کە تووشی کۆرۆنا دەبن، مەترسی جەڵتەی مێشک و تەنانەت مردنیان زیاترە.


بەگوێرەی دوایین توێژینەوەی پزیشكانی زانکۆی پەنسلڤانیا دەرکەوتووە تووشبووانی شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن بە گروپی مەترسیدار دادەندرێن ئەگەر تووشی کۆرۆنا ببن، چونکە مەترسی پاشهاتەکانیان بۆ نەخۆشییەکانی مێشك و دەمار زیاترە، هاوکات زۆرتر بە نەخۆشییەکە گیانلەدەستدەدەن.

پزیشكە توێژەرەکان لە ئەمریکاوە دەڵێن هۆکاری پشت مەترسییەکانی جەڵتەی مێشك ئەوەیە کە نەخۆشەکانی کۆرۆنا زۆرتر تووشی گرژبوونی لوولەکانی خوێن دەبنەوە، هاوکات خوێنیان خەستدەبێتەوە و زۆرتر تووشی جەڵتەی مێشك دەبن.

د. کۆلبی فریمان، سەرپەرشتیاری توێژینەوە ئەمریکییەکە لە زانکۆی پەنسلڤانیا دەڵێت مەترسییەکانی کۆرۆنا لە سنگ تێپەڕدەبن و مێشكیش دەگرنەوە، مەترسیی مردنیان بە پاشهاتەکانی وەک جەڵتەی مێشك، جەڵتەی دڵ و سییەکان زیاترە.

فریمان دەشڵێت هەرچەندە پاشهاتەکان دەگمەنن، بەڵام مەترسیی هەوکردنەکانی مێشك و جەڵتەی مێشک لەنێو تووشبووانی بەرزەپەستانی خوێن و شەکرە زیاترە. 

لەبارەی هۆکاری پشت مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشك لەنێو تووشبووانی بەرزەپەستانی خوێن و شەکرە بەهۆی کۆرۆنا، پزیشكەکان دەڵێن ئەو نەخۆشانە لوولەخوێنەکانیان لاوازترە و زۆرتر تووشی هەوکردنەکان دەبن، هەروەها بەهۆی جەڵتەی مێشک و خەستبوونەوەی خوێنیان، زۆرتر لە نەخۆشانی ئاسایی دەمرن. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە