رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی هۆشداری لە زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆلێرا دەدات و دەڵێت: چاوەڕێی بەغداین بۆ ئەوەی پشکنینی چەندان گومانلێکراوی کۆلێرا پشتڕاست بکرێنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی ئابی 2024 د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە نێو نەخۆشخانەی شار رایگەیاند، پشکنینی چەندان تووشبووی گومانلێکراویان بۆ پشتڕاستکردنەوە ناردووەتە بەغدا، تەنانەت دەڵێت، دڵنیان لەوەی ئەو تووشبووانە کۆلێرایان هەیە.
د. سەباح هەورامی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، بەهیچ شێوەیەک ئاوی شەمعە نایاساییەکانی ئاو بەکارنەهێنن و سەوزەی دەرەوە نەخۆن.
بە گوتەی د. سەباح هەورامی، ''بەشێکی زۆری ئەو سەوزانەی لە چێشتخانە و خواردنگەکان هەن لە پشکنینی سەلامەتیدا دەرنەچوون، چونکە بە ئاوی قورس ئاودەدرێن''.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژە بەوەشدەکات، کۆلێرای ئەمجارە زۆر بە خێرایی و بە تووندی لە شاری سلێمانی بڵاوبووەتەوە کە پەککەوتنی گورچیلەکان یەکێک لە لێکەوتە مەترسیدارەکانیەتی.
لەسەر ئەرکی چەند سەرمایەدارێک بەشێک لە پێداویستییەکانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار دابینکرا کە بە گوتەی بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگاکە، چوار تەختی نەشتەرگەری و نزیکەی 30 تەختی چارەسەری کتوپڕی هەناوی زیادکراون.
هەر لەنێو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان گوتی، لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەسەر هێڵن کە بەیەکەوە پێشگیری لە نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون بکەن و جەختیش لە پێشگیریکردنی دەکەنەوە.
د. سامان بەرزنجی گوتیشی، ئێستا پشکنین بۆ پشتڕاستکردنەوەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون هەیە و هیچ تووشبوویەکی نەخۆشییەکە تۆمارنەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ