پسپۆڕێک: تێکەڵکردنی منداڵان بە ئاهەنگگێڕانی دوای هەڵبژاردن کەسایەتییان لاوازدەکات

21-10-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییە دەروونییەکان ئاشکرای دەکات، بەکارهێنانی منداڵ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و ئاهەنگگێڕانی لایەنگیری لە حیزبێک بەتایبەت دوای هەڵبژاردن کاریگەریی لاوەکیی دەروونی لەسەر منداڵەکە دەبێت و دەڵێت، ''لاوازبوونی کەسایەتی و چاولێگەری لێدەکەوێتەوە''.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 21-10-2024 د. جەعفەر عومەر، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان بە رووداوی راگەیاند، پێویستە پڕۆسەی هەڵبژاردن و هۆکاری ئەنجامدانەکەی بۆ منداڵ روونبکرێتەوە، بەڵام نەخرێتە ژێر رکێفی لایەنگیریی لایەنێکی تایبەت تاوەکو تەمەنی دەگاتە ئاستێک کە خۆی خاوەن بڕیاری خۆی بێت.
 
بە گوتەی د. جەعفەر عومەر، سەپاندنی منداڵ بۆ پاڵپشتی و بەشداریکردن لە ئاهەنگی سەرکەوتنی حیزبەکان وا لە کەسایەتیی منداڵەکە دەکات زیاتر خۆپەرست بێت و لەو تەمەنەدا خۆی بە جیاواز لە هەوادارانی لایەنەکانی دیکە بزانێت، کە ئەمەش دەکرێت چەند کاردانەوەیەکی نەرێنی هەبێت و زیان بە خۆی بگەیێنێت.
 
هەر بۆیە رێنوێنیی دایک و باوکان دەکات، منداڵەکانیان تێکەڵ بە بانگەشەی هەڵبژاردن و ئاهەنگەکانی  سەرکەوتنی هیچ حیزب و لایەنێک نەکەن، ''چونکە ئەوە بیروڕایەکی خۆسەپێنەرەوە و پێویستە منداڵ بە ئازادانە بیربکاتەوە''.
 
لە کۆتاییدا ئەوەی گوت، ''زۆرجار هەستی خۆبەکەمزانین لای ئەو منداڵان دروستدەبێت کە دەنگی کەمیان هێناوە'' و خۆیان بە کەمتر دەزانن لەو منداڵانەی کە لایەنگیری بۆ حیزبی سەرکەوتوو و براوە دەکەن.
 
رۆژی هەینی 18-10-2024 دەنگدانی تایبەت و یەکشەممە 20-10-2024 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. کۆمیسیۆن لە رووداوەوە وادەی ئاشکراکردنی ئەنجامی بەرایی دەنگدان ئاشکرا دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە