پڕۆفیسۆرێکی کورد دەبێتە سەرۆکی دامەزراوەی نەخۆشییەکانی جگەر، پەنکریاس و زراو لە ئەمریکا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

د. غازی زێباری، پڕۆفیسۆرێکی کوردە و دەبێتە سەرۆکی دامەزراوەی نەخۆشییەکانی جگەر، پەنکریاس و زراو لە ئەمریکا و دەڵێت، ئامانجیەتی ئەزموونی زیاتری پزیشکانی ئەمریکی بۆ پزیشکانی هەرێمی کوردستان هاوبەشی پێبکات و شارەزایی و لێهاتوویان لە نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی هەناو زیاتر بێت.
 
ئەمڕۆ شەممە 21ـی ئەیلوولی 2024 پڕۆفیسۆر غازی زێباری بە رووداوی راگەیاند، ئەم پۆستەی ئێستای خزمەتکردنی زیاترە بە دامەزراوەکە و پسپۆڕانی نەشتەرگەری کە لە بواری نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی جگەر، پەنکریاس و زراو رۆڵی کاریگەرییان هەبێت و زیاتریش دەستکراوەبن لە پێشکێشکردنی باشترین خزمەت بە نەخۆشەکانیان.
 
لە رابردوودا پڕۆفیسۆر غازی زێباری سەرۆکی کۆمەڵەی نەخۆشییەکانی جگەر، پەنکریاس و زراو لە ئەمریکا بوو، بەڵام ئێستا بە فەرمی بووە بە سەرۆکی دامەزراوەی نەخۆشییەکانی جگەر، پەنکریاس و زراو لە ئەمریکا بە ناوی AHPBF و لەگەڵ ئەوەشدا پۆستی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆمەڵەی پسپۆڕانی نەشتەرگەریی چاندنی لە ئەمریکا پێدرا.
 
ئەو پڕۆفیسۆرە کوردە بە رووداوی گوت، دامەزراوەکە هەلی زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ فێربوون، پەروەردەکردن، راهێنان و خزمەتکردنی نەخۆشەکان و خوێندکارانی بەشە پزیشکییەکان تاوەکو لە بواری نەشتەرگەرییەکانی جگەر، پەنکریاس و زراو رۆڵی کاریگەرییان هەبێت.
 
تەنانەت مژدە بە چارەخوازانی هەرێمی کوردستانیش دەدات کە کاردەکەن بۆ ئەوەی ئەو پێشکەوتن و تەکنۆلۆژیایەی بۆ پسپۆڕیی نەشتەرگەری و چاندنی ئەندامەکان لە ئەمریکا هەیە، بیهێننە هەرێمی کوردستان، تاوەکو هیچ نەخۆشێک بۆ چارەسەر، پێویستی بە دەرەوەی وڵات نەبێت.
 
لە بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس دا بەشێکی ژیانی پڕۆفیسۆر غازی زێباری باسکرا و کتێبێکی پزیشكی پێشكێشی قوربانییانی کیمیاباران، هەڵەبجە و پێشمەرگە دەکات.
 

تەنانەت پەیامێکیش لە ئەمریکاوە دەخاتەڕوو و دەڵێت: "ئەم کارە نەکەن سیستمی تەندروستیی کوردستان باش نابێت"
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە