حکومەتی فلیپین هەڵمەتی کوتانی سەرتاسەری دژ بە کۆکە رەشە رادەگەیێنێت

20-05-2024
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی

حکومەتی فلیپین رایدەگەیێنێت، پلانی پێدانی سێ ملیۆن ژەمی ڤاکسین دژ بە هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە لە سێ مانگی داهاتوودا جێبەجێدەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی بڵاوبوونەوەی کۆکە رەشە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی خەڵکێکی زۆر لە فلیپین.
 
وەزارەتی تەندروستیی فلیپین بڵاویدەکاتەوە، ئەمساڵ لانیکەم 862 تووشبووی کۆکە رەشە تۆمارکراون کە 50 هێندەی ساڵی رابردووە، هەروەها لە پێنج مانگی رابردوودا دەیان منداڵ لە فلیپین گیانیان لەدەستداوە و زۆرینەیان تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵەوەیە. 
 
د.جۆن گابۆت، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان روونی دەکاتەوە: ''کۆکە رەشە هەوکردنێکی کۆئەندامی هەناسەیە و نەخۆشییەکی جیدییە بە کۆکە دەستپێدەکات و لە ماوەی دوو هەفتەدا نیشانەکان زۆر تووند دەبن''.
 
د.گابوت دەشڵێت، کۆکە رەشە دەکرێت کوشندە بێت، بەڵام ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێت دەتوانرێت چارەسەر بکرێت. لەوەش گرنگتر دەتوانرێت بە کوتان رێگری لێبکرێت.
 
یونیسێف ئاماژە بەوەدەکات، فلیپین یەکێکە لەم وڵاتانەی زۆرترین ژمارەی منداڵی تێدایە کە ئەم ژەمی ڤاکسینەی وەرنەگرتووە، دەکرێت بەشێکی هۆکارەکەی بخرێتە ئەستۆی پەتای کۆڤید و مەزندە دەکرێت یەک ملیۆن منداڵی فلیپینی لە ساڵی 2021-دا لە کوتان بێبەش بوون کاتێک پەتای کۆڤید-19 لە لووتکەدا بوو.

 

بەپێی مایۆکلینیک، هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە یاخود کۆکە رەشە هەوکردنێکی درمییە و زۆر بە خێرایی لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە و هۆکارەکەشی بەکتریایی Bordetella pertussis-یە.
 
نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە لە سەرەتادا لاوازن و لە نیشانەکانی سەرمابوونێکی ئاسایی دەچن وەکو 'کۆکە، تا، گیرانی لووت و سووربوونەوەی چاو'، بەڵام دوای دوو هەفتە نیشانەکان خراپتر دەبن و کۆکەیەکی کۆنتڕۆڵنەکراو  و بەردەوام دەستپێدەکات.
 
باشترین رێگەش بۆ خۆپاراستن لە کۆکە رەشە وەرگرتنی ڤاکسینی دژ بە نەخۆشییەکەیە.
 
ڤاکسینەکە لە پێنج ژەم پێکدێت و بۆ منداڵان لە هەریەک لە تەمەنەکانی 2 مانگ، 4 مانگ، 6 مانگ، 15 بۆ 18 مانگ و 4 بۆ 6 ساڵان دەدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە