رووداو - تەندروستی
لە دهۆک ڤایرۆسێک لەنێو منداڵان بڵاودەبێتەوە و هەڕەشە لەسەر ژیانیان دروستدەکات، پسپۆڕێک دەڵێت: ڤایرۆسەکە مەترسیی لەسەر منداڵی خوار شەش مانگ زۆرە و نیشانەکان بریتین لە تای بەهێز و هەناسەتەنگی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-2-2025 د. عەبدولمەتین عبدولڕەحمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە بوولتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، ڤایرۆسی RSV بە تووندی لەنێو منداڵان بڵاوبووەتەوە و زیاتر تووشی منداڵانی خوار دوو ساڵان دەبێت.
بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، بەهچ شێوەیەک نابێت بۆ چارەسەر دەرمانە دژەبەکتریاکان بەکاربهێندرێن، چونکە زۆرینەی پەتاکان ڤایرۆسین و بەو دەرمانانە چارەسەرناکرێن، هەروەها دەشڵێت: ''خواردنەوەی شلەمەنی، پشوو، بەکارهێنانی قەترەی لووت و دەرمانی دژەتا دەتوانن نیشانەکانی پەتاکان کەمبکەنەوە.
نیشانەکانی تووشبوون بە RSV
* سەرەتا بریتین لە 'کۆکە، پەسیو، پژمین و تا، بەڵام هەندێکجار دەبێتەهۆی هەناسە تەنگی و سیخەی سنگ، وە سێ بۆ حەوت رۆژ دەخایێنێت، بەڵام لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژتر کۆخەکەی بەردەوام بێت.
ڤایرۆسەکە زیاتر مەترسی لەسەر کێ دروستدەکات؟
*منداڵی تەمەن زۆر بچووک
* منداڵی ناکام
* تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
* تووشبووانی نەخۆشییەکانی سینگ
* ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە
نەخۆشییەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بەخێرایی دەگوازرێتەوە، بەتایبەتی لەڕێگەی کۆکین، پژمین و دەستلێدان لەو شوێنانەی کە ڤایرۆسەکەی پێوەیە.
بە بایەخدان بە پاکوخاوێنی و نەچوونە شوێنی قەرەباڵخ، هەروەها ماچنەکردن و دەستلێنەدانی منداڵی بچووک لەلایەن کەسانی نەخۆشەوە، دەکرێت پێشگیری لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە و لێکەوتە خراپەکانی بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ