ناوەندێکی ئەمریکی: کحول 10٪ ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکات

20-02-2025
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

ناوەندی توێژینەوەی شێرپەنجە لە ئۆهایۆ ئاشکرای دەکات، کحول 10٪ـی هۆکارەکانی شێرپەنجەی مەمک پێکدەهێنێت.
 
پسپۆڕانی ناوەندی توێژینەوەی شێرپەنجە لە ویلایەتی ئۆهایۆ ئەمەیان بۆ دەرکەوتووە کە کحول کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر تووشبوون بە شێرپەنجە هەیە و پسپۆڕێک بە پێویستی دەزانێک کە بە هۆشیاری و پەروەردە کاربکرێت بۆ کەمکردنەوەی خواردنەوەی.
 
د. دارێن مایس، پسپۆڕ و توێژەر لە ناوەندی شێرپەنجە لە ویلایەتی ئۆهایۆ دەڵێت: ''پێویستە نیگەرانبین لەبارەی کحولەوە چونکە هۆکارێکی بڵاوە بۆ زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە، لەبەر ئەوەی بەڵگەی زۆر روون هەن کە ئەمە پشتڕاستدەکەنەوە، وەکو هەنگاوی یەکەم، پێویستە لەڕێگەی پەروەردەوە خواردنەوەی کحول کەمبکرێتەوە بە پێگوتنی خەڵک لەبارەی مەترسییەکانی لەسەر شێرپەنجە''. 
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای کردووە، کحول رێخۆشکەرە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە و تەنانەت سەرەتای ئەمساڵ پزیشکی باڵای ئەمریکا هۆشداری دا.
 
د. ڤیڤێک مۆرتی، پزیشکی گشتیی ئەمریکا دەڵێت: ''کحول بە رێژەیەکی زۆر ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکانی گەروو، قوڕگ، کۆڵۆن، دەم، سوورێنچک، مەمک و جگەر زیاددەکات''.
 
نووسینگەی ئەورووپیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەریدەخات، لە ئەورووپا ساڵانە 800 هەزار کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولەوە گیانلەدەستدەدەن.
 
بەگوێرەی ئامارە جیهانییەکان، ساڵانە 100 هەزار تووشبووی نوێی شێرپەنجە و نزیکەی 20 هەزار گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکەوە بۆ خواردنەوەی کحول دەگەڕێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە