رووداو دیجیتاڵ
لە 24 کاژێردا 16 کەس لە پارێزگاکانی ورمێ و کرماشان ژەهراوی بوون و بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە.
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ورمێ رایگەیاند، 3 کەس لە دەروازەی سێرۆی پارێزگاکە بەهۆی ژەهراویبوون بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، لەلایەن تیمەکانیانەوە بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە.
حەمید مەحبووبی ئاماژەی بەوەش کرد، شەوی رابردووش لە مزگەوتی نەڵیوانی سەر بە شاری شنۆی پارێزگاکە 10 ژن بەهۆی لێچوونی گازەوە ژەهراوی بوون.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی خێرای ورمێ، ئەو 10 ژنەش بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە و یەکێکیان تاوەکو ئێستاش لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
هاوکات مەسعود قەلعە سفیدی، بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای کرماشان ژەهراویبوونی 3 کەسی بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن لە شاری سونقوری پارێزگاکە راگەیاند.
بەگوتەی مەسعود قەلعە سفیدی، هەر سێکیان بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە و ئێستا تەندرووستییان جێگیرە.
10ـی کانوونی دووەمی 2025 بابەک یەکتاپەرست، بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی خێرای ئێران رایگەیاند، لە 22-09-2024ەوە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 199 کەس بەهۆی ژەهراویبوون بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن گیانیان لەدەستداوە کە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، ژمارەکە 14٪ زیادی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ