بەڕێوەبەری پرسی 'ئاوڵەی مەیموون' لە WHO: هەوڵدەدەین پەتایەکی هاوشێوەی کۆڤید-19 دووبارە نەبێتەوە

19-08-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری پرسی نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ئەفریقا رایدەگەیێنێت، ژمارەی تووشبووانی ئاوڵەی مەیموون زیاددەبێت، چونکە ئەم گۆڕاوە نوێیەی ڤایرۆسەکە بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەفتەی رابردوو باری لەناکاوی بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' راگەیاند و لە نوێترین راگەیێندراویدا دەریدەخات، ئەمانەی خوارەوە باشترین رێگەن دژی نەخۆشییەکە بگیرێنەبەر؛
 
- دەستنیشانکردنی هۆکاری نەخۆشییەکە و سەرچاوەکەی، پێش ئەوە بڵاوببێتەوە.
- مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ نەخۆش و گومانلێکراوانی نەخۆشییەکە و دەستەبەرکردنی چارەسەر و پشکنینی پێویست.
- کۆنتڕۆڵکردنی رێگەکانی گواستنەوەی نەخۆشییەکە و کەمکردنەوەی تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی.
- دابینکردنی ڤاکسین.
 
ساموێل بۆلاند، بەڕێوەبەری پرسی نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە سنووری ئەفریقا دەڵێت: نامانەوێت مێژووی کۆڤید-19 دووبارە ببێتەوە، بۆیە پێویستە رێنوێنییە تەندروستییەکان دژی ''ئاوڵەی مەیموون'' جێبەجێبکەین.
 
ساموێل بۆلاند ئاشکرای دەکات، باشترین رێگەی پێشگیری لە ڤایرۆسەکە کۆنتڕۆڵکردنی رێگەکانی گواستنەوەی نەخۆشییەکە و کەمکردنەوەی تێکەڵاویی کۆمەڵایەتییە.
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەفریقا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 17 هەزار تووشبووی نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' تۆمارکراون و 500 کەسیش گیانیان لەدەستداوە؛ ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 160٪ رێژەکان زیادیان کردووە.
 
تاوەکو ئێستا نەخۆشییەکە لە 12 وڵاتی ئەفریقا بەچڕی بڵاوبووەتەوە و زۆرترین تووشبووش لە کۆماری کۆنگۆیە، هەروەها لە هەریەک لە وڵاتانی پاکستان، سوێد و فلیپین تووشبوو تۆمارکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە