رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO رایدەگەیێنێت، لە هەر پێنج خولەکێک کەسێک بەهۆی پێوەدانی مارەوە گیانلەدەستدەدات و زیاتر لە یەک لەسەر سێی قوربانییەکان تەمەنیان لە خوار 20 ساڵەوەیە.
رێکخراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، زۆرینەی رووداوەکانی پێوەدانی مار لە ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین روودەدەن، بە شێوەیەک زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە هیندستان لە ساڵانی 2000 بۆ 2019 بەهۆی پێوەدانی مارەوە گیانیان لەدەستداوە واتە بە تێکڕا ساڵانە 58 هەزار کەس.
دەیڤید ویلیامز، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ''پێوەدانی مار هەموو کات نابێتە هۆی گیانلەدەستدان، دژە ژەهرەکان ئەگەر بەزویی بەکاربهێندرێن کاریگەرییان دەبێت لە پاراستنی گیانی کەسەکان''.
بە گوێرەی WHO، ساڵانە 1.8 ملیۆن بۆ 2.7 ملیۆن رووداوی پێوەدانی مار روودەدەن و نزیکەی 138 هەزار کەس بەهۆیەوە گیانلەدەستدەدەن.
بە گوێرەی مایۆکلینیک، لەکاتی پێوەدانی مار ئەم هەنگاوانە دەبێت بگیرێنە بەر؛
- پەیوەندی بە ژمارەی فریاگوزاری بکە
- لە شوێنی پێوەدانی مار دووربکەوە
- هەر جۆرێکی خشڵ، کاتژمێر یاخود جلی تەسک دابکەنە پێش ئەوەی ئاوسان دەستپێبکات
- شوێنی گازگرتنەکە بە ئاو و سابوون پاک بکەوە
- بە پەڕۆیەکی پاک و وشک شوێنی گازگرتنەکە بە شێوەیەکی شل بپێچەوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ