پسپۆرێک هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی میلاتۆنین

18-04-2024
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو رایدەگەیێنێت، سەرجەم ئەو تەواوکەرە خۆراکییانەی میلاتۆنینیان تێدایە مەترسین لەسەر تەندروستی بە تایبەت لە منداڵاندا.
 
پڕۆفیسۆر پیتەر کۆهێن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لە نەخۆشخانەی یەکێتیی تەندروستیی کامبریج لە ئەمریکا دەڵێت: زۆرینەی تەواوکەرە خۆراکییەکانی میلاتۆنین بڕی زیاد لەپێویستیان تێدایە بەراورد بەو رێژەیەی کە لەسەر بەرهەمەکان نووسراوە.
 
پرۆفیسۆر کۆهێن لە توێژینەوەیەکی لەسەر ئەو تەواوکەرە خۆراکییانە بۆی دەرکەوتووە کە 25 بەرهەمی میلاتۆنین رێژەیەکی زۆر هۆرمۆنی میلاتۆنینیان تێدابوون کە یەکێک لە بەرهەمەکان رێژەی 347٪ میلاتۆنینی زیاتری تێدابووە بەراورد بەو رێژەیەی لەسەر بەرهەمەکە نووسراوە.
 
هاوکات ناوەندی کۆنتڕۆل و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا دەڵێت، لە نێوان ساڵانی 2019 تاوەکو 2022، پێنج هەزار منداڵ لە ژوورەکانی فریاکەوتن تۆمارکراون کە بەهۆی قووتدانی جەلی میلاتۆنین تووشی بەرزبوونەوەی رێژەی هۆرمۆنی میلاتۆنین بوون.
 
شارەزایان دەڵێن، بەکارهێنان و خواردنی میلاتۆنین زۆر مەترسیدارن بە تایبەت بۆ منداڵان و دەبێت تەنیا لە ژێر چاودێریی راستەوخۆی پزیشکی پسپۆڕ بێت.
 
میلاتۆنین هۆرمۆنێکە کە لە مێشکەوە دەردەرێت و یارمەتیی رێکخستنی خەو دەدات، بە گوێرەی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا، بە شێوەیەکی سرووستی میلاتۆنین دەکرێت لەڕێگەی خۆراکەوە وەربگیرێت بەتایبەت هەریەک لە خۆراکەکانی وەکو 'مۆز، فستق، شیر، گێلاس و ماسی'.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە