رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی مۆنتریاڵ لە کەنەدا دەریدەخات، ئەنجامدانی راهێنانی مێشک بە ئامانجی باشترکردنی بیرەوەری، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، کەسانی بەساڵاچوو دوای ئەنجامدانی راهێنانەکانی مێشک کەمتر تووشی دابەزینی توانای بیرەوەری و بیرکردنەوە دەبن بەراورد بەوانەی هیچ راهێنانێکی هزریی ئەنجام نادەن.
سیلڤی بێلڤیل، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''ئەمە رێگەیەکی سرووستییە بۆ باشکردنی تەندروستیی مێشک و کەمکردنەوەی ئەگەرەکانی تووشبوون بە ئەلزەهایمەر''.
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆل و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC، نەخۆشیی ئەلزەهایمەر بەربڵاوترین جۆری لەبیرچوونەوەیە، بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 55 ملیۆن تووشبووی ئەلزەهایمەر لە جیهاندا هەن، هەروەها شارەزایانی رێکخراوەکە پێشبینیدەکەن، تاوەکو ساڵی 2050 تووشبووانی ئەلزەهایمەر بۆ 139 ملیۆن کەس بەرزببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ