FDA: پشکنینێکی نەخۆشیی زوهری پەسندکرا کە دەشێت لەماڵەوە ئەنجامبدرێت

17-08-2024
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

ناوەندی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا FDA رایدەگەیێنێت، پشکنینێکی نوێ لەلایەن کۆمپانیای بایۆتەکنۆلۆژی بەرهەمهێندراوە، لە ماڵەوە ئەنجامدەدرێت و کارئاسانی بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی زوهری دەکات. 
 
ئەم ناوەندە ئاماژەبەوە دەکات، ئەوانەی گومان دەکەن تووشی ئەم نەخۆشییە بووبن، دەشێت لە ماڵەوە بەم پشکنینە کە تەنیا 15 خولەک دەخایێنێت دڵنیابنەوە لەوەی تووشی نەخۆشیی زوهری بوون یاخود نا، ئەگەر ئەنجامی پشکنینەکە پۆزەتیڤ بێت ئەوکات دەتوانن سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن. 
 
دکتۆر میشێل تارڤەر، بەڕێوەبەری بەشی ئامێر و تەندروستیی تیشکی لە FDA دەڵێت، ''دەستڕاگەیشتن بە پشکنینی پێشوەختە یارمەتیدەردەبێت لە پێشگیری کردن لە تووشبوون بە نەخۆشی زوهری''. 
 
بە گوێرەی مایۆکلینیک، نەخۆشیی زوهری نەخۆشییێکی بەکتریاییە، زۆرینەی جار لەڕێگەی سێکسی ناتەندروستەوە دەگوازرێتەوە، نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە لە سەرەتا بە دروستبوونی برین لە ئەندامی زاوزێ دەستپێدەکات و لە قۆناخەکانی کۆتاییدا دەبێتە هۆی کوێربوون، کەڕبوون و لەکارکاوتنی مێشک و دڵ.
 
بەپێی ناوەندی کۆنتڕۆلکردن و پێشگیری کردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC، تووشبوون بە نەخۆشیی زوهری لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2022 بەڕێژەی 80٪ زیادیکردووە، لەماوەی 2020 بۆ 2022 یەک ملیۆن تووشبووی ئەم نەخۆشییە تۆمارکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە