‎بەهۆشهاتنەوەی دوای نەشتەرگەری؛ درکاندنی راستییەکان!

17-08-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

‎رەنگە هەریەک لە ئێمە کەسێکی بینیبێ کە لەدوای نەشتەرگەری بە شێوازێکی نامۆ قسەدەکات و بە خاوی وشەکان دەردەبڕێت. پزیشکێکی نیشتەجێی دێرینی سڕکردن و چاودێریی چڕ نهێنییەکانی ئەوە باسدەکات.
 
دکتۆر رەوا بەهرام، پزیشکی نیشتەجێی دێرینی سڕکردن و چاودێریی چڕ بە رووداوی راگەیاند، لەوانەیە ئەو بابەتەی نەخۆشەکە دوای نەشتەرگەری باسی دەکات بێسەروبەر بێت و لەکۆتایدا هیچ مانایەک نەدا، یان راستی بێت و نەیەوێت لە ژیانیدا بیڵێت، بەڵام مێشکی توانای پاراستنی لەدەستدەدات.
 
تەنانەت دەڵێت: دەکرێت هەندێک لەو بابەتانەی کەسی نەخۆش دوای نەشتەرگەری باسیان دەکات هەڵە بن و لەگەڵ بیروڕاکانی ژیانی کەسەکە نەگونجێن، بەڵام لەو کاتەدا مێشکی بە هەڵەی دانانێت و پێی وایە کارێکی راست دەکات.
 
دکتۆر رەوا بەهرام ئاماژە بەوەشدەکات، ''‎ئەم شێوازی قسەکردنانە لە دوای سڕکردنی گشتی و پێدانی دەرمانی بێهۆشکردن روودەدەن و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەرمانانەی بۆ سڕکردن بەکاردێن و کار لە مێشک دەکەن بۆ نموونە؛ کاریگەریی دروستدەکەن لەسەر شێوازی بیرکردنەوە و قسەکردن یان دەبنەهۆی خاوبوونەوەی زمان، بەمەش قورسدەبێت نەخۆش وشە و رستە دەرببڕێت. یاخود کاریگەرییان لەسەر دەنگەژێیەکان دەبێت و دەبێتەهۆی گۆڕانی بەرزی و نزمیی دەنگ''.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی، ‎زۆرجار قسەکردن لە دوای کاژێرێک بۆ دوو کاژێر دوای نەشتەرگەری بەتەواوی رووندەبێتەوە و کۆتای بەم حاڵەتە دێت، بەڵام هۆشهاتنەوەی تەواوەتی دەکرێ تاوەکو شەش کاژێر بخایێنێت، چونکە {ئەگەر نەشتەرگەرییەکە کاتێکی زۆری خایاندبێت ئەوا کاتی بەهۆش هاتنەوەی تەواوەتیش درێژەدەکێشێت}.
 
دکتۆر رەوا دەڵێت: ''باشترە دوای نەشتەرگەری قسە لەگەڵ نەخۆش بکرێت و نەهێڵدرێت کە بخەوێتەوە، بۆ ئەوەی هەناسەدانی باشتربێت و زووتریش بەهۆشدا بێتەوە''.
 
لە کۆتاییشدا روونی دەکاتەوە کە ئەم دیاردەیە لەگەڵ سڕکردنی نیوەی جەستە و سڕکردنی خۆجێیی روونادات و نەخۆش دوای ئەم سڕکردنانە بە هۆشیاریی تەواوەوە دێتە دەرەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە