رووداو - تەندروستی
کۆمەڵەی خۆراک لە کەنەدا 10 خۆراک بۆ کەمکردنەوەی پەستانی خوێن پێشنیاز دەکات؛ بیبەری سوور و چەوەندەر باشترینیانن.
کۆمەڵەی خۆراک لە کەنەدا ئاشکرای دەکات، هەر خۆراکێک بڕێکی زۆر لە دژەئۆکسێنەرەکانی تێدابێت و کاریگەرییان هەبێت لەسەر سوڕی خوێن، ئەوا هۆکاردەبن بۆ کەمکردنەوەی پەستانی خوێن بەتایبەت لەوانەی کە نەخۆشیی بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە.
کۆمەڵەکە ئەم خۆراکانەی خوارەوە پێشنیاز دەکات و بۆ هەر یەکەشیان چەند تایبەتمەندییەک ئاشکرادەکات؛
1- بیبەری سوور {تیژ}
دەوڵەمەندە بە مادەی کاپسەیسین کە یارمەتیی باشترکردنی فەرمانەکانی خوێنبەرەکان دەدات و ماسوولکەکانی لوولەکانی خوێنیش خاودەکاتەوە، بەمەش وادەکات پەستانی خوێن کەمببێتەوە، هەرچەندە پسپۆڕانی کۆمەڵەکە هۆشداری دەدەن، ''خۆراک جێگرەوەی دەرمان نییە''، بەڵام دەکرێت لەگەڵ بەکارهێنانی دەرمان بایەخ بە خۆراکیش بدرێت بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لە کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن.
2- چەوەندەر
چەوەندەر دەوڵەمەندە بە مادەی نایترەیت کە دەگۆڕێت بۆ ترشی نایتریک و بەمەش یارمەتیی پێداڕۆیشتنی خوێن بۆ ئەندامەکانی جەستە دەدات و پەستانی خوێنیش کەمدەکاتەوە.
3- شلیک و شاتوو
دەوڵەمەندن بە دژەئۆکسێنەکان کە مادەی ئۆکسیدی نایتریک دەردەدەن، بەمەش یارمەتیی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن دەدەن.
4- ماسی
دەوڵەمەندە بە چەوریی ناتێری ئۆمێگا سێ کە سووڕی خوێن چالاکدەکات و جگە لەوەی کە پەستانی خوێن کەمدەکاتەوە؛ یارمەتیی خاوێنکردنەوەی خوێنبەرەکانیش دەدات و ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ کەمدەکاتەوە.
5- هەنار
دەوڵەمەندە بە دژەئۆکسێنەرەکان و نایترەیت کە سووڕی خوێن چالاکدەکەن و وادەکەن ئۆکسجینی زۆر بچێت بۆ ماسوولکەکان و پەستانی خوێن کەمبکەنەوە.
6- سیر
بەهەمان شێوەی میوەکانی دیکە رۆڵی هەیە لە کەمکردنەوەی پەستانی خوێن، چونکە مادەیەکی تێدایە بە ناوی ئالایسین.
7- گوێز
بڕێکی لە زۆر چەورییە ناتێرەکانی تێدایە کە یارمەتیی کەمکردنەوەی چەورییە زیانبەخشەکانی نێو لوولەکانی خوێن دەدەن، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە و بەرزەپەستانی خوێن کەمدەکەنەوە. {توێژەرانی زانکۆی هارڤارد دەڵێن، رۆژانە 7 دەنک گوێز بخورێت}.
8- ترێ
یارمەتیدەرە لە بە تەندروست هێشتنەوەی خوێنبەرەکان لەڕێگەی ئەو دژەئۆکسێنەرانەی لێی پێکهاتوون، بەمەش ماسوولکەکانی لوولەکانی خوێن خاودەکاتەوە، تەنانەت ترێ یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی هەوکردنی جەستە بەمەش پێداڕۆیشتنی خوێن باشتردەکات.
9- زەنجەبیل
دژەهەوکردنێکی نایابە بەهۆی ئەوەی کە دەوڵەمەندە بە مادەی سێرکومین کە رێژەیەکی زۆر لە ئۆکسیدی نایتریک دەردەدات و یارمەتیی کەمکردنەوە و هاوسەنگکردنی پەستانی خوێن دەدات.
10- مزرەمەنییەکان
میوە مزرەکان دەوڵەمەندن بە ڤیتامین C و دژەئۆکسێنەرەکان کە یارمەتیی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن و هەوکردنەکان دەدەن، هاوکات بەپێی ناوەندەکە، رێگری دەکەن لە مەیینی خوێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ