بەڕێوەبەری تەندروستیی دهۆک: هەر دامەزراندنێک هەبێت، سەرەتا بۆ خۆبەخشانە

17-02-2025
شکار رێبوار
د. ئەفراسیاب مووسا.
د. ئەفراسیاب مووسا.
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک رایدەگەیێنێت، بەم نزیکانە سەنتەری چاندنی مۆخ لە پارێزگاکە دەکرێتەوە و ئێستا لە قۆناخی دابینکردنی ئامێر و کارمەندە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 17-2-2025 د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، ''سوپاسی خۆبەخشان دەکەین کە لەگەڵمان بوون و هەر دامەزراندنێک هەبێت سەرەتا بۆ ئەوانە''.
 
د. ئەفراسیاب مووسا دەڵێت، بەهۆی بڕیارە نوێیەکەی خانەنشین بوون، ژمارەیەکی زۆر لە کارمەند و پزیشک خانەنشین بوون و شوێنیان تەنیا بە دامەزراندنی کارمەندی دیکە پڕدەکرێتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی دهۆک کە ئەمڕۆ ئاشکراکران، لەو پارێزگایە 10 نەخۆشخانە هەن کە 1528 تەختیان تێدایە، 139 بنکەی تەندروستی و 18 سەنتەری جۆراوجۆری تایبەت بە پسپۆڕییەکان تێدایە. هەروەها پارێزگاکە شەش هەزار و 606 فەرمانبەری هەمیشەیی هەیە کە هەزار و 171ـیان پزیشک و هەزار و 794ـیان پەرستارن.
 
کەمیی ژمارەی پزیشک لە دهۆک
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بۆ 10 هەزار هاووڵاتی پێویستە 10 پزیشک هەبن، بەڵام لە دهۆک 6.6 پزیشک هەن ئەمەش واتە 598 پزیشکی دیکە پێویستن بۆ ئەوەی ژمارەی پزیشکان بگاتە ئاستی ئاسایی لە دهۆک.
 
کەمیی ژمارەی پەرستار لە دهۆک
 
لەبارەی پەرستار، بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بۆ هەر 10 هەزار هاووڵاتییەک پێویستە 40 پەرستار هەبن، بەڵام لە دهۆک 10.1 پەرستار هەن، ئەمەش واتە 5244 پەرستاری دیکە پێویستن بۆ ئەوەی ژمارەی پەرستاران لە پارێزگاکە بگاتە ئاستی ئاسایی.
 
کەمیی ژمارەی تەخت لە دهۆک
 
رێژەی ئاسایی تەخت بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ هەر 10 هەزار کەسێک، 30 بۆ 40 تەختە، بەڵام لە دهۆک 11 تەخت هەن بۆ 10 هەزار کەس واتە پارێزگاکە 3279 تەختی دیکەی پێویستە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە