تەندروستیی سلێمانی: لە 24 کاژێردا 670 کەس بەهۆی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە

16-06-2022
گۆڤەند مستەفا
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر هێمن: پێشبینی دەکەین زۆربەی نەخۆشەکان تووشی کۆلێرا بووبن
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر هێمن: پێشبینی دەکەین زۆربەی نەخۆشەکان تووشی کۆلێرا بووبن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، لە 24 کاژێری رابردوو نزیکەی 670 کەس بەهۆی سکچوون و رشانەوە سەردانی هەرچوار نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانییان کردووە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر هێمنیش پێیوایە زۆربەی نەخۆشەکان گومانی تووشبوون بە کۆلێرایان لێدەکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 16-06-2022، سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوانەی سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن، بۆ وەرگرتنی نموونەی کۆلێرا 10٪ی ئەو هاووڵاتییانە پشکنینەکانیان جیا دەکرێتەوە، پشکنینی تایبەتیان بۆ دەکرێت بۆ کۆلێرا، ئەگەر لە تاقیگەکانی خۆمان دەربچێت ئەو کەسە تووشی کۆلێرا بووە، نموونەکە دەنێرینە بەغدا بۆ ئەوەی دڵنیاببینەوە ئایا کۆلێرایە یاخود نا".
 
بە گوتەی سامان شێخ لەتیف رێژەی تووشبوونی هاووڵاتییان بە پەتای سکچوون و رشانەوە لە سلێمانی "زیادیکردووە"، نەخۆشخانەی شەهید هێمن کە لە رابردوودا تایبەت بوو بە کۆرۆنا و ماوەیەک بوو نەخۆشی تێدا نەمابوو، لە دوێنێوە بە رووی هاووڵاتییاندا کراوەتەوە. لە 24 کاژێر رابردوودا نزیکەی 294 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە، نزیکەی 670 کەس سەردانی هەر چوار نەخۆشخانەی شار، دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشید، بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شۆڕش و نەخۆشخانەی شەهید هێمنیان کردووە.
 
سەبارەت بە کارەکانی ئەو ژوورە ئۆپەراسیۆنەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی پێکهێندراوە، سامان شێخ لەتیف گوتی: "چەند رێکارێک گیراونەتەبەر، یەکێک لە رێکارەکان ئەوە بووە تیمەکانی تەندروستی راسپێردراون بۆ ئەوەی زۆر بە چڕی چاودێری ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بکەن، قەدەخەکردنی ئەو سەوزانەی کە بە ئاوی پیس ئاودراون، بە نووسراوی فەرمی داوامان لە عەلوەی سلێمانی کردووە ئەو سەوزانەی بە ئاوی پیس ئاودراون بە هیچ شێوەیەک رێگە نەدرێت بفرۆشرێت. لەسەرجەم چێشخانە و خواردنەگەکانی ناو شاری سلێمانیش سەوزە قەدەخە کراوە".
 
هەر لەبارەی رێکارەکان، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی گوتی: "25 تیمی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستن دانراوە بۆ چاودێریکردنی ئاو، بە تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا 27 نموونەی ئاو لەناو شاری سلێمانی و دەوروبەری وەرگیراوە بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت. بەپێی ئەنجامی پشکنینەکان کە لەو ئاوانەوە وەگیراوە کە لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت، سەرجەمیان شیاوبوونە بۆ خواردنەوە".
 
د. داهات حەوێزی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر هێمن، میوانی بوولتەنی هەوڵەکانی کاژێر 10:00 بوو کە سنوور مەجید لە ستۆدیۆکانی سلێمانی تۆڕی میدیایی رووداوەوە پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "لە دوێنێوە زیاتر لە 300 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر هێمنیان کردووە، لەو 300 نەخۆشە زیاتر لە 100 نەخۆش پێویستیان بە مانەوە هەبووە. ئێستا 105 نەخۆش لە نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر هێمن لە چوار قاوشی جیادا خەوێندراون، ئەو نەخۆشانەش زۆربەیان لەوانەن کە سکچوونەکەیان بە تووندی گرتووە و تووشی سستبوونی گورچیلە بوون، لەگەڵ ئەوانەی رشانەوەیان زۆرە".
 
داهات حەوێزی لەبارەی ئەنجامی پشکنینەکان کە ئایا ئەم تووشبووانە کۆلێران یاخود نا، گوتی: "تائێستا پشکنینەکان یەکلانەبوونەتەوە، ئێمە ئەو جۆرە پشکنینەمان هەیە، بەڵام بۆ هەموو جۆرە نەخۆشییەکی درم، دەبێت لە تاقیگەی ناوەندی لە شاری بەغدا یەکلابکرێتەوە، دەبێت رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دڵنیایی بدات، کە ئەو نەخۆشییە بڵاوبووەتەوە، چونکە کۆلێرا نەخۆشییەکی بڵاوبووەوەو درمە، دەبێت حاڵەتی فریاکەوتن رابگەیێندرێت، بەڵام بەپێی نیشانەکان کە نەخۆشەکان سکچوونێکی زۆر تووند دەگرن و زۆربەشیان تووشی سستبوونی گورچیلە دەبن، زۆربەیان بە پێشبینی من کۆلێران".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 د. سۆما مەسعوود و نموونەیەک لە قاپ و کەوچکی پلاستیکی.

پسپۆڕێک: بە کەوچکی پلاستیکی خۆراکی گەرم نەخورێت

پسپۆڕێکی کیمیای ئەندامی ئاشکرای دەکات، بەرکەوتنی گەرمی بە مادە پلاستیکییەکان، ژەهریان لێ دروستدەبێت، هەر بۆیە پێشنیازدەکات کە بە کەوچکی پلاستیکی خۆراک نەخورێت و هۆکارەکەش رووندەکاتەوە.