زانکۆی کۆلێژی لەندەن: دەرمانەکانی کێشدابەزاندن تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکەنەوە

16-05-2024
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەک لە بەریتانیا دەریدەخات، ئەو دەرمانانەی بە مەبەستی کێش دابەزاندن بەکاردەهێنرێن، جگە لە دابەزاندنی کێش، مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و لولەکانی خوێن وەک جەڵتەی دڵ کەمدەکەنەوە.
 
پرۆفیسۆر "جۆن دین فیڵد" دەڵێت، بەشداربووان بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ بەدواداچوونیان بۆ کرا، هەفتانە دەرزی کێش دابەزاندنیان پێدەدرا و دەرکەوت، ئەم دەرزیانە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک و کێشەکانی دیکەیان بە ڕێژەی 20% کەمکردووەتەوە.
 
پرۆفیسۆر جۆن دینفیڵد، توێژەر لەم توێژینەوەیە رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 17 هەزار و 500 کەس لەم توێژینەوەیەدا بەشداربوون، بەشداربووان تەمەنیان 45 ساڵ و سەرووتر بووە و کێشیان لە ئاستی ئاسایی زیاتر بووە.
 
لە مانگی ئازاری 2024 دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا چەند دەرمانێکی کێش دابەزاندنی پەسەند کرد بۆ کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان لەو کەسانەی کە کێشیان زیادە و نەخۆشیی دڵیان هەیە.
 
بە پێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەکرێت بەم جۆرە و بەبێ بەکارهێنانی دەرزی کێشت داببەزێنیت:
 
1- خواردنی خۆراکی تەندروست و دوورکەوتنەوە لە خواردنە خێراکان
2- بایەخدانی زیاتر بە وەرزش و جووڵەکردن
3- دوورکەوتنەوە لە شەکر
4- رێکخستنەوەی کاتی خەو
5- کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە