رووداو - تەندروستی
لە قەزای سەیدسادق بەشێک لە کارمەندانی خۆبەخش و تازەدەرچووی تەندروستی لەبەردەم نەخۆشخانەی گشتیی قەزاکە کۆبوونەوە و دەڵێن، 11 ساڵە بە خۆبەخشی مافی دەرچووانی بەشە پزیشکی و تەندروستییەکان پێشێلکراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 15-10-2024 ئومێد خالید، نوێنەری دەرچووان و خۆبەخشانی دانەمەزراوی تەندروستی لەبەردەم نەخۆشخانەی شەهید شەوکەتی حاجی مشیر لە قەزای سەیدسادق راگەیێندراوەکەیانی خوێندەوە و گوتی، ''دوای 11 ساڵ لە چاوەڕێکردن بۆ دامەزراندن، هیچ وەڵامێک نییە''، تەنانەت هۆشداریش دەداتە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دامەزراندنی خۆبەخشان یەکێک لە کارە لەپێشینەکانیان بێت.
ئەو کارمەندە خۆبەخشانە داوادەکەن، وەزارەتی تەندروستی کارکردنی دەرچووان بە خۆبەخشی بوەستێنێت و چیدیکە ناوەندە تەندروستییەکان بە خۆبەخش بەڕێوەنەچن.
هاوکات یادگار قانع، نوێنەرێکی دیکەی خۆبەخشان و دەرچووانی دانەمەزراوی تەندروستییە بە رووداوی گوت، ژمارەی دەرچووان و خۆبەخشانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 30 هەزار کەسە، لەو ژمارەیەش 11 هەزاریان خۆبەخشن.
یادگار قانع ئاماژە بەوەدەکات، خۆبەخشانی تەندروستی 10 ساڵە داوای دامەزراندن دەکەن و هیچ مووچە و پاڵپشتییەکی مادیان نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ