رووداو - تەندروستی
پەرواز حوسێن، هونەرمەند رایدەگەیێنێت، تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی ریخۆڵە بووە، پسپۆڕێکیش دەڵێت: شێرپەنجەکە سێیەم باوترینە لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی ئایاری 2024 پەرواز حوسێن، هونەرمەندی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیدا ئاشکرای کرد کە تووشی شێرپەنجەی ریخۆڵە بووە و دەڵێت: ''بە قەدەری خودا رازیم، بە هەر هۆکارێک تووشی شێرپەنجەی ریخۆڵە بووم قبووڵمە و لەگەڵی دەجەنگم''.
د. مەروە رەشید، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لەم بارەیەوە بە رووداوی راگەیاند، ئێستا بەراورد بە ساڵانی رابردوو لەنێو گەنجاندا شێرپەنجەی ریخۆڵەکان زیادبووە، هەروەها ئەو پسپۆڕەی شێرپەنجە دەڵێت: ''شێرپەنجەی ریخۆڵە سێیەم باوترین شێرپەنجەیە لە هەرێمی کوردستان''.
بە گوێرەی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی، شێرپەنجەی ریخۆڵە لە ناوپۆشی ریخۆڵە باریکە دەستپێدەکات و رەنگە لە کۆئەندامی هەرسەوە بۆ بەشەکانی دیکەی جەستە بڵاوبێتەوە.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، شێرپەنجەی ریخۆڵە سێیەم باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە سەرانسەری جیهاندا، هاوکات شێرپەنجەکە دووەم هۆکاری سەرەکی مردنە بەهۆی شێرپەنجەوە لە سەرانسەری جیهاندا.
تەنانەت رێکخراوەکە ئاماژە بەوەشدەکات، شێرپەنجەکە بەزۆری تووشی کەسانی بەتەمەن دەبێت بەتایبەت کەسانی سەروو 50 ساڵان.
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دەکرێت بە چەند رێگەیەکی وەکو 'خواردنی سەوزە و میوەکان، دوورکەوتنەوە لە کحول، دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلە، کەمکردنەوەی خۆراکە چەورەکان و بەردەوامیی چالاکیی جەستەیی' پێشگیری لە شێرپەنجە بە گشتی و شێرپەنجەی ریخۆڵە بەتایبەتی بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ