پسپۆڕێک بۆ تووشبووانی پەتاکان: جەستەتان وشک بێت، مەترسی لەسەر ژیانتان دروستدەبێت

15-03-2025
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو ئاشكرای دەکات، رۆژووگرتن نیشانەکانی پەتاکان بەتایبەتیش هەندێک پەتای ڤایرۆسی خراپتر دەکات و باشتر وایە تووشبووان شلەمەنی بخۆنەوە و پشوو بدەن.
 
ئەمڕۆ شەممە 15-3-2025 د. بێستوون مستەفا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو بە رووداوی راگەیاند، ئێستا پەتا ڤایرۆسییەکان لەگەڵ گۆڕینی وەرز بڵاوبوونەتەوە و تووشبووانی ئەنفلەوەنزا و کۆرۆنا نیشانەکانیان تووندە و باشترە تووشبووان بەڕۆژوو نەبن.
 
د. بێستوون مستەفا دەڵێت: نیشانەکانی تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا بریتین لە 'تا، ئازاری ماسوولکە، بێهێزی، نەمانی ئارەزووی خواردن، هەناسەتەنگی، سینگئێشە، هەوکردنی سییەکان' هەر بۆیە باشترە لەکاتی ئەم نیشانانە تووشبوو، شلەمەنی و ئاو بخواتەوە تاوەکو کەسەکە تووشی وشکبوونەوەی جەستە نەبێت.
 
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بە چەند گرووپێکی مەترسیدار دەکات وەکو 'بەساڵاچووان، منداڵ، تووشبووانی نەخۆشییەکانی بەرزەپەستانی خوێن و شەکرە و تووشبووانی سستبوونی گورچیلەکان' کە بەردەوام پێویستە شلەی پێویست وەربگرن و ئەگەر تووشی ئەنفلەوەنزا و کۆرۆناش ببن ئەوا بە تووندی دەیگرن و دەڵێت: ''باشترە هەتا نەخۆشییەکەیان هەیە، بەڕۆژوو نەبن''.
 
بەم رێگەیانە خۆت لە ئەنفلەوەنزای وەرزی بپارێزە؛
 
1- شووشتنی دەستەکان بەمەرجێک زیاتر بێت لە 20 چرکە.
2- بەکارهێنانی مادەی پاکژکەرەوە بۆ سەر مێز و کەلوپەلەکانی دەوروبەرت.
3- بایەخ بە خواردنی سەوزە و میوەکان بدە بەتایبەت مزرەمەنییەکان.
4- رۆژانە ئاوی پێویست بخۆرەوە.
5- نزیک مەکەورەوە لە کەسی تووشبوو.
6- کەسانی تووشبوو لەکاتی کۆکە و پژمە کلێنکس بەکاربهێنن.
7- دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ.
8- هەواگۆڕکێ لەنێو ماڵدا هەبێت.
9- کوتان بە ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزی.
10- دەرزیی تێکەڵە بەکارمەهێنە، چونکە بەرگریی جەستە لاوازدەکات.
11- بە ئاوی شلەتێن یاخود سارد خۆتبشۆ، چونکە بەرگریی جەستە بەهێزدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە